ئەخلاق و كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دووساڵەی داعش و ساڵەكەی مورسی


سەرەتاكانی مانگی شەش و كۆتایی مانگی شەش، بەرواری دوو رووداوی زۆر گەورەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. یەكەمیان دروست بوونی حكومەتەكەی داعشە و ئەوتریشیان رووخانی حكومەتەكەی (مورسی)یە. لەم كەین و بەینەشدا فلم سازەكەی هەردوو لایان كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیە.
لە راستیدا ئەوەی پێی دەوترێ‌ كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی و هەر یەكەشیان بەجیا بەردەوام دەستیان هەیە لە كێشەكانی جیهان بەگشتی. جا كێشەكان كێشەی ناوخۆیی وڵاتێك بن یان كێشەی نێوان دوو دەڵەت یان زیاتر . بەكورتی جوڵەی مارەكە بەدەست ئەوانە و خۆیان ئاڕاستەی دەكەن كە جەستەی كێ‌ ژەهراوی بكات و بیكوژێ‌.
بە دڵنیایەوە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لەم چەند ساڵەدا لە لوتكەی قۆناغی ئابڕچووندایە،چونكە ئەگەر بە ووروژاندی ئەوانیش نەبێ‌، لانی كەم بە ویست و رەزامەندی ئەوان گەلانی عێراق و سوریا و فەڵەسیتن و یەمەن و لیبیا و چەندین شوێنی تری دنیا ئیبادە و قەتڵ و عام دەكرێن و، ئەوانیش نوتقیان لێوە تایە. خوێناوی ترین نمونەش عێراق و سوریایە كە تا بێنەقاقایان لە خوێنی ژن و منداڵ و خەڵكی بێ‌ تاوان نقوم بوین.
پێویستە بە راشكاوی بڵێن تاوانی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی توزقاڵێك لە تاوانی داعش كەمتر نیە. چونكە دروست بوونی داعش لە دوو حاڵەت بەدەر نیە، یان ئەوان ئاگادارن و بەزمی خۆیانە بۆ وێران بوونی ناوچەكە، یان كاردانەوەی كارە قێزەونەكانی ئەوانە، بەڵام كاردانەوەیەك قێزەون تر لە كارەكانی ئەوان.
باشە ئێستا دوو ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر حوكمی دەوڵەتەكەی داعش، بەڵام كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی مێشی میوان نیە و، رۆژانە فڕۆكەكانیان پیاسەیەك بەسەر دەوڵەتەكەی داعشدا دەكەن و،هەر بۆ خۆشی خۆیان دوو بۆمب دەخەنە خوارەوە. باشە تۆی بڵێ‌ داعش لەرووی سەربازیەوە لە بەعس بەهێز تربێ‌!!!نەخێر چونكە بەعس سوپایەكی مەشق پێكراوی نیزامی بوو، بەڵام داعش میلیشیایە، ئەی بۆ بە بیست و چوار سەعات بەعس بەم هەموو تۆپ و تەیارە و سەربازەیەوە لە كوێت دەركرا و شوێن نەبوو خۆی تیا بشارێتەوە،ئەی بۆ چی رەقە و موسڵەكەی داعش بە دنیا چارە ناكرێ‌!!!
نا... نەخیر بە دڵنیایەوە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی خۆی دەرهێنەری فلمەكەیە و، داعش هێشتا رۆڵی ماوە ئەگەر نا چی لە بەعس زیاترە تا لەناو نەچێ‌. لە لایەكی ترەوە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بۆ رێگایان داوە دووساڵ زیاترە حكومەتەكەی داعش بەردەوام بێ‌، ئەی بۆ رێگایان نەدا ساڵێك و رۆژێك حكومەتەكەی مورسی بەدەوام بێ‌؟! ئاخر چ ویژدانێك دەڵێ‌ مورسی بەخۆی و قەڵەمێك و بڕوانامەیەكی دكتۆراوە ترسناكتر بووە لە داعش؟یان ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی هەیە كە ئاسانكاری دەكات بۆ ئەفكارە سەقەتە ئیرهابیەكانی داعشیزم و، بە دەستی پۆڵاینیش لە مەدەنیە میانەڕەوكان دەدات!!! ئاخر بۆ دوو ساڵە داعش حكوم دەكات و دنیایش ژێرە و ژوور نابێ‌، ئەی بۆچی بۆ ساڵەكە مورسی زەنگی كۆتایی هاتنی دنیا لێدرا؟!
لێرەوە بەو راستە دەگەین كە بە فیعلی ئیرادەی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لەگەل كوشتن و سوتان و وێران كردنی ئەم وڵاتانە دایە، كە ئێستا خەریكە ئاگری شەڕ بستێك خاكی نەهێشتۆتەوە كە نەیسوتێنی.
باشە مەسئولیەتی ئەخلاقی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی كوا لە بەرامبەر لافاوی خوێنی عێراق و سوریا. دەی ئەگەر درۆناكەن و ئازدای و دیموكراسیان بۆ گەلان دەوێ‌، بۆ تا ئەم لەحزەیە بەرامبەر بە بەشاری مرۆڤكوژ و هاوپەیمانەكانی قسەیەكیان نەكردوە كە ئەرزشی هەبێ‌. نەخێر من وادەزانم كە ئێستا لە ژوورە تاریكەكان (بەشار و داعش) بە دووو شێری خۆیان دەزانن لە قڕكردنی گەلانی ناوچەكە، ئیتر چۆن دڵیان دێ قسەیەكی ناخۆشیان لەگەل بكەن خۆ هەڵوێستی جددی و لێدانی فیعلی ئەو هەر هیچ.
بەداخەوە بە واقیعی ئێستا بە پێوەری كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی تا مرۆڤكوژتر و وحشی گەر تر بیت نازدارتری و ژێر بەژێری زیاتر پشتت دەگیرێ‌، بەڵام ئەگەر راستگۆیانە مەدەنی و دیموكراتخواز و ئیسڵاح خوازی راستە قینە بیت، ئەوە جێگات بۆ ناكرێتەوە و هەر خێرا زوو لە ژوورە داخراوەكان بە پلان پیلانت بۆ دادەرێژرێ‌ و هەر زوو لەسەر شانوی سیاسی دەسڕێتەوە، وەك ئەوەی بەسەر مورسی داهات و، شەقام و كۆڵان و مەیدانەكانیا بە خوێنی خەڵكی بێ‌ دیفاع و ئاشتیخواز و سڤیل سوور كرد.