ئایندەی داعش چی یە‌و داعشی ئایندە كێ یە؟

 

هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە باوەڕم وابووە كە ئەم گرووپە نە پڕۆژەیەكی گشتگیر‌و هەمەلایەنەیان پێیە بۆ بەڕێوەبردنی بەناو دەوڵەتەكەیان لە هەموو ڕوویەكەوە، وە ‌نەهیچ ئەڵتەرناتیڤێكیشیان لە هەگبەدایە بۆ ئەو مەبەستە.
وە هیچ گومانیشم لەوەدا نیە كە ئێستا بێت یان لە ئایندەیەكی نزیك خۆری داعش ئاوا دەبێت‌و ئەم گروپە دژ بەدین‌و ژینەی گۆمەڵگا كپ دەكرێنەوە‌و كۆتاییان پێدەهێنرێت. بەڵام بە دووری نازانم لە كات‌و ساتی دیكەدا بیركردنەوەی داعشیانە جارێكی دیكە لە ژێر ناوی گروپگەلێكی دیكە سەرهەڵبدەنەوە‌و هەمان ڕفتاری داعشەكانی ئێستا دووبارە بكەنەوە، چونكە ژینگەی ناوچەكە بەگشتی‌و تێڕوانینی داعش ئاسای هەندێك كەس بەتایبەتی بۆ تەفسیركردنی دەقەكانی ئاین‌و مرۆڤ‌و كۆمەڵگا‌و نەتەوە‌و سیستەمی سیاسی‌و ... هتد. یارمەتی دەریانە بۆ گەشە‌و پەلهاویشتنیان، ئەمە سەرباری بەرژەوەندی هەندێك لە وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی لە ساتەوەختی دروستبونیان.
شەڕی داعش پێش ئەوەی شەڕی كوشتنی مرۆڤەكان‌و داگیركردنی خاكەكەیان بێت شەڕی فكریی هێز‌و گروپە سیاسیە میانڕەوەكانە، چونكە ئەم گروپە باوەڕی تەواویان بە مەنتقی هێز (منطق القوة) هەیە بۆ چەسپاندنی بیرو بۆچوون‌و ئایدیا‌و فكرەكانیان. ئەمەش تەواو پێچەوانەی گروپە میانڕەوەكانە كە باوەڕی تەواویان بە هێزی مەنتق (قوة المنطق) هەیە لە گەیاندنی ئایدیا‌و فكرە‌و پڕۆژە‌ پەروەردەی‌و سیاسیەكانیان، بۆیە بە تێڕوانینی من پێویستە پیش ئەوەی لە لایەنی چەك‌و سەربازی‌و سیاسیەوە هەوڵی قەلاچۆكردن‌و بنەبڕكرن‌و كپ كردن‌و نەمانیان بدرێت، پێویستە لە لایەنی فكریی‌و بزواندنی ئەقڵەوە شەڕ‌ی ئەم گروپانە بكرێت كە بێگومان ئەوە ئەركی پارت‌و گروپە سیاسیە میانڕەوەكان‌و ناوەندە فكری‌و ڕشنبیریەكانی كۆمەڵگای ئێمەیە كە شەڕی فكری ئەم گروپانە بكات، تاكو لە ڕەگ‌و ڕیشەوە هەوڵی وشككردنیان بدرێت و كۆتاییان پێبهێنرێت. لە ڕێگای تێگەیاند‌و ڕوونكردنەوەی چەمك‌و تەفسیر‌و ڕاڤەی دەقەكانی ئاین بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا. چونكە بە بڕوای من چەقی دروستكرنی كۆمەڵگایەكی تەندروست‌و دەسەڵاتێكی دادپەروەر تاكە.‌ واتە تەنها تاكێكی تەندروست‌و بارگاویكراو بە فكری میانڕەوی زامنی بەدیهێنانی كۆمەڵگا‌و دەسەڵاتێكی تەندروستە.
بەڵام بەداخەوە ژینگەی كۆمەڵگاكانی ناوچەكە‌و بیر‌و ئایدیا‌و بیركردنەوە‌و تێڕوانینی تاكی ڕۆژهەڵاتی‌و بەرژەوەندی هێزە سیاسیە باڵادەستەكان وامان لێدەكات كە بڵێین ڕاستە ئایندەی ئەم داعشەی ئێستا لە ناوچوونە.‌ بەڵام دەبێت خۆشمان ئامادە بكەین بۆ داعشی داهاتوو لە ژێر ناویكی دیكەدا.
* مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسیەكان/ كۆلێژی یاسا‌و زانستە سیاسیەكانی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر، وە توێژەر لە سەنتەری توێژینە‌وەی سیاسی‌و ستراتیژی (CPSS).