خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ په‌یامه‌كه‌ی مامۆستا سه‌لاحه‌ددین محمد به‌هائه‌دین

روون وئاشكرایه‌ كه‌ واقیعی ئێستای كوردستان چه‌نده‌ هه‌ستیار و ناجێگیر و ناله‌باره‌ له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو قه‌یران وگرفتانه‌ی روویان له‌ هه‌رێم كردوه‌، له‌م لاوه‌ قه‌یرانی ئابووری له‌ ناخۆشترینی شێوازه‌كانی و هه‌ڕه‌شه‌و هێرشه‌كانی رۆژانه‌ی داعش و ئه‌و لێشاوه‌ی به‌نابه‌ران..!! له‌نێو ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ی زیاتر برینی خه‌ڵكی كولانده‌وه‌ و خه‌ڵكی نێگه‌ران كرد ئه‌و شاڵاوه‌ راگه‌یاندنه‌ بوو كه‌ ده‌ستی برد بۆ لێدانی ره‌مزه‌كانمان و ناشیرین كردنی خه‌بات و سوك كردنی ئه‌زمونه‌كان. دوای به‌دوای ئه‌و دیارده‌ ناله‌باره‌ به‌رێز مامۆستا صلاح الدین محمد به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی هه‌ردووك به‌ڕێزان كاك مه‌سعود بارزانی و نه‌وشیروان مه‌سته‌فا كرد ئه‌و نامه‌یه‌ ته‌نیا به‌ خامه‌و ده‌نگی جه‌نابی مامۆستا بوو، به‌ڵام هاوار و وێژدانی ناخی هه‌موو تاكێكی ئه‌و گه‌له‌یه‌ من له‌ نزیكه‌وه‌ گوێ بیستی قسه‌و وباسی زۆرێك له‌ به‌رپرسی لایه‌نه‌كان بوومه‌، ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێكرد خاڵی كۆكی نێوان هه‌موو رۆله‌ی ئه‌و گه‌له‌ بوو هاوكات ده‌نگی ئه‌قلی هه‌موو دڵسۆزانی كورد له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی كوردستان، ئه‌وه‌ی جێگای رێز وپێزانینه‌ به‌ده‌م هاتنی به‌رێزان كاك مسعود بارزانی و كاك نه‌وشیروان موسته‌فا بۆ هێور كردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ و به‌ته‌عبیر مامۆستا نه‌مه‌زاج و حاله‌تی نه‌فسی هاوڵاتیان وجه‌ماوه‌ری كوردستان ته‌حه‌مولی ده‌كات و هاوكات له‌به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌ك نیه‌.


ئه‌وه‌ش ده‌مانگه‌رێنیته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی كه‌ هه‌موو گرفتێك ته‌نیا له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌گاته‌ ئامانج وهه‌ر ئه‌وه‌ش زمانی مرۆڤه‌ له‌به‌رزترین ئاستی.
كوردستان ئێمه‌ی كورد له‌م قۆناغه‌ له‌هه‌موو كات پێویستیمان به‌ له‌یه‌ك حاڵی بوون هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ك تاكه‌ ده‌روازه‌یه‌كی نه‌گۆڕ بۆ یه‌كتر قه‌بوڵ كردن.
له‌یه‌كتر حاڵی بوون وناسینی زمان و باری سایكۆلۆژی باشترین رێگایه‌ بۆ یه‌كتر قه‌بول كردن و یه‌كتر خوێندنه‌وه‌.


ئه‌م په‌یامه‌ی جه‌نابی مامۆستا سێ پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌یه‌ چ وه‌ك به‌رێز مامۆستا صلاح الدین و چ وه‌ك ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو"
یه‌كه‌میان: وه‌ك تاكێكی كورد ونه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ وئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌. دووه‌م: وه‌ك كه‌سێكی موسڵمان و خاوه‌ن په‌یام كه‌ ئه‌ركێكی ئایینیه‌.
سێیه‌م: وه‌ك مرۆڤێكی رۆشنبیر وخاوه‌ن قه‌له‌م ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی.


هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان هه‌ر له‌سه‌رتای ئیعلانكردنی خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ئیصلاح و یه‌كخستنی ماڵی كورد بوه‌.


له‌ كۆتاییدا من پێم وایه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی جه‌نابی مامۆستا گوزارشتی له‌ ناخی هه‌موو پێشمه‌رگه‌و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان ومامۆستایان وفه‌رمانبه‌ر و جووتیار و شوفێری ته‌كسی و وقوتابی و هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی كرد به‌هه‌موو ئاینزاكان و مه‌زهه‌به‌كانیشه‌وه‌.