ڕەمەزان مانگی دابەزینی قورئان

مانگی ڕەمەزان تایبەت مەندی زۆری هەیە كە بووەتە هۆی گەورەیی و پیرۆزی ئەم مانگە، یەكێك لەم تایبەتمەندییانەی دابەزینی قورئانی پیرۆزە لەم مانگەدا:-

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بەم تایبەتمەندییە دەكات و دەفەرمووێت(شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآَنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ)سورەتی البقرە، ئایەتی: 185

شەوی قەدریش ئەو شەوە پیرۆزەیە كە یەكێكە لە دەشەوەكانی كۆتایی مانگی ڕەمەزان، كە خوای گەورە قورئانی تیا دابەزاندوە، بە شێوەیەكی گشتی قورئان بە سێ قۆناغی سەرەكی دابەزیوە، لە قۆناغی یەكەمدا خوای گەورە هەموو قورئانی بە یەكجار لە گەنجینەی زانینەكانی خۆی (اللوح المحفزظ) دانا، هەر وەك خوای گەورە دەفەرموێت (بَلْ هُوَ قُرْآَنٌ مَجِيدٌ (21) فِي لَوْحٍ مَحْفُوظٍ22)) سورەتی البروج، ئایەتی، 21، 22.

وە لە قۆناغی دووەمیشدا لە (اللوح المحفوظ)ەوە بۆ (بیت العزە) لە ئاسمانی یەكەم، وە لە قۆناغی سێیەمیشدا لە ئاسمانی یەكەمەوە ئایەتەكانی قورئانی پچڕ پچڕ و بەش بەش دادەبەزی بۆ پێغەمبەر (د.خ) بە پێی ڕوودا و پێویستی كۆمەڵگا.

مەبەست لە دابەزینی قورئان لە شەوی قەدردا، قۆناغی دووەمی دابەزین، (اللوح المحفوظ)ەوە بۆ ئاسمانی یەكەم، هەر وەك خوای گەورە دەفەرموێت:( إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ (1) وَمَا أَدْرَاكَ مَا لَيْلَةُ الْقَدْرِ (2) لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ (3)) سورەتی القدر: ئایەتی: 1-3.

وە زۆربەی زانایان لەسەر ئەو ڕایەن كە بێجگە لە شەوی قەدر هەموو قورئانی تیا دابەزیوە، یەكەم ئایەتی ئەم قورئانەش هەر لە مانگی ڕەمەزاندا هاتۆتە خوار بۆ پێغەمبەر (د.خ).
كەواتە ئەم مانگە مانگی قورئانە، وە ئەركی ئوممەتی قورئانە زیاتر ئەم قورئانە بخوێننەوە و لێی وورد ببنەوە و تێیبگەن و پایەند بن بە فەرمانەكانی و قەدەغەكراوەكان.
فریشتەی سروش (حەزرەتی جبرائیل) ساڵی جارێك و لە مانگی ڕەمەزاندا قورئانی دەور دەكردەوە لەگەڵ پێغەمبەردا، و بە ئایەتەكاندا دەچوونەوە، تا ئەو ساڵەی كە پێغەمبەر تیایدا كۆچی دوایی كرد، لە ڕەمەزانی ئەو ساڵ دوو جار قورئانیان دەرو كردەوە، پێغەمبەر دەفەرموێت لەوەوە زانیم ئەمە كۆتا ساڵی ژیانمە.
خوێندنەویە قورئان و هەوڵدان بۆ لەبەرە كردنی و تێگەیشتنی مانای ئایەتەكانی لە گرنترین جۆری خواپەرستی ئەم مانگە پیرۆزەیە.
وە فێركردنی و ووتنەوەی وانەكانی قورئان و ڕێكخستنی خول بۆ ئەم مەبەستە لە چاڵاكیە هەرە گرنگەكانی ئەم مانگەن.
پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (خیركم من تعلم القران وكلمە).

خەریك بوونی مسوڵمانان لەم مانگە پیرۆزە كەمانگی قورئانه‌ بە خوێندنەوە و لە بەركردنی و تێگەیشتنی قورئان شتێكی نامۆ و سەیر نیە لە كۆمەڵگای مسوڵمان، چونكە ئەم قورئانە شارێگای شادی و كامەرانیە لە ژیاندا و دەست گرتنە و پابەند بوونە بە ڕاستترین و چاكترین ڕێباز و مەنهەج، وەك خوای گەورە دەفەرموێت:( إِنَّ هَذَا الْقُرْآَنَ يَهْدِي لِلَّتِي هِيَ أَقْوَمُ وَيُبَشِّرُ الْمُؤْمِنِينَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ أَجْرًا كَبِيرًا) سورەتی الإسرا‌و، ئایەتی: 9.

دەبا هەموومان لەم مانگە پیرۆزەی قورئان بە دڵسۆزی باوەڕەوە ڕووبكەینە قورئان، گیانی تێنوی خۆمان تێراو بكەین لە كانیاوی قورئان بیرو باوەڕی خۆمان پتەوتر بكەین، و ڕەوشتی خۆمان جوانتر بكەین بە ئاداب و ڕەوشتی قورئان، دەبا بڕیار بدەین لەم مانگەدا بەلانی كەم جارێك قورئان بە تەواوی بخوێنینەوە و خۆمان فێری چاك خوێندنەوە و ئه‌حكامی زانستی تەجوید بكەین، و هەوڵبدەین بە پێی توانا لە ماناكانی تێ بگەین و دەست بگرین بە ناوەڕۆك و رۆحی ئەم قورئانە كە بریتیە لە پاكبون و چاكبون و ڕاستبوون، و خاوێن كردنەوی دڵ و دەروونمان لە پیسی و گرێیەكانی نەفامی و رق و بوغز و توند و تیژی، وە پڕی بكەین بە لێبوردەیی و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی، دەبا لە قورئانەوە فێری ئەم هەموو خەسڵەتە جوانانە ببین، بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری لە خودی خۆمان و لە ناو كۆمەڵگاكەماندا بەرەو شادی و كامەرانی و دادگەری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ كە هەموو ئەمانە پەیامی قورئانی پیرۆزن.

*وتاربێژی مزگەوتی جه‌لیل خه‌یات