ئەوەی ئێستا پێویســتە بۆ ڕێکخستنی نێوماڵی کورد ..!!

کەم نین ئەو نوخبە سیاسیانەی لێرە و لەوێ زۆر بەئاسایی ڕای دەگەیەنن و دەڵێن : ئێمەی کورد زۆر قۆناغی لەوە سەخترمان تێ پەڕاندووە و ئەمەش تێ دەپەڕێنین ..!! وەک بڵێی خۆیان ناڕاستەو خۆ دەستیان ھەیە تیایداو بەشێکن لە خولقاندنی ..!!

لەڕاستیدا ئەم بیرو ڕاو ھەڵوێستە گەر بۆ ڕاگرتنی بارو دۆخی ھاوڵاتیش بێت ، پێم وایە ئەوە ھەڵەیەو دەڕژێتە خانەی سەرقاڵکردن و نەوعێک لەگەوجاندن !! چونکە گەر دوکتۆر بەدروستی باری نەخۆش بۆ کەس و کارو دەور و بەرەکەی ڕوون نەکاتەوە و نەی خاتەڕوو ئەوانیش لەئاسـت ئەرکو بەرپرسیاریان کەمتەر خەم دەبن لە ئاگاداری و چاودێری و پرسینەوە لەحاڵ و باری نەخۆشەکەیان و دواجار لەدەستی دەدەن ..

لێرەدا حەقیەتی لەو بەڕیزانە بپرسین: کام قۆناغە لەوەی ئەمڕۆ سەختربووە ؟! یان کەی باردۆخە ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیەکە لەئاست گەشەی ئەم قۆناغەدا بووە ؟! مەگەر ئێستاکە گەلی کورد وەک نەتەوە ھەل و مەرجی بابەتی لەبارتر نیە بۆ سەربەخۆبوون و بەدەست ھێنانی مافی چارەی خۆنووسین وەک خەونی ھەموو کوردێک ، بەڵام گەر ھەل و مەرجە خودیەکە یارمەتی دەربوایە ؟!

حەیف نیە لەسەدەی بیست و یەک و ھەزارەی سێیەمدا و لەناو ئەو ھەمووە پێشکەوتنە نەوعیەپڕ لە ڕەفاھیەتەی گەلانی دونیا کەچی ھێشتا لایەنی یەکەمی ھەرێم مامەڵەی لەخۆبایی (مغرور) بوون و لایەنی دووم مامەڵەی پێداگر (عیناد) ی لەگەڵ یەک و ئەوانی تردا بکەن ، وە ئەم کارو ھەڵوێستەشیان بەشەرعی شۆڕش گێڕی و مافی یاسایی و سیاسی خۆیانی بزانن ..!!
مەگەر میللەت ئەو ھەمووە فیداکاری و قوربانیەی داوە و دەیدات بۆ ئەمە بوو ؟! یان ئاواپاداشتی قوربانی و سەروەریەکانی دەدەنەوە ؟! ئاخر ئەمە کەی ڕەوایە بتەوێت قەیران بەقەیران چارەسەر بکەی ؟! ھاوڵاتی بەئەنقست و مەبەست برسی کراو بتەوێت ترس و دڵەڕاوکێشی بۆ زیاد بکەی ، لەپاڵ خەونی ڕیفراندۆم و گشتپرسی بۆ ڕاگەیاندنی پرسی سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوون !!
ھەرێمێک دانیشتوانەکەی چەندین ساڵە بەدەست ستەمی دوو ئیدارەییەوە دەناڵێنێ و لەوەختی پەترۆک بەستی ئەم زامە سەختەیدا جارێکی دی خۆ تەیارکەی بۆ گەڕانەوە بەرەو ئەو دۆخە نەفرین لێکراوە ، لەپێشدا لەلایەن ئێوەی ئەندازیارانیەوە ..

ئەوەی پێویستە بۆ ڕێکخستنی نێوماڵی کورد لەم دەرفەت و فرسەتەدا بەڕای زۆرینەی جەماوەری کورد و کوردستان ئەوەیە کەوا ئەم حەقیقەتانە بکرێنە کرداری پلانی ھەنووکەیی بۆ دەربازبوون لەم چەق بەستوویی و ئاڵۆزیەی ھەموان تێی کەوتووین .. بەم شێوەیە:

ڕاشکاوی بۆ ئەم قۆناغەی خەباتی کوردایەتی دەبێت ببێتە پلانی ھەنووکەیی و پێویستە ئازایانە و ئازادانەپێیان بڵێین ئیتر بەسە لەوەزیاتر سنووری خۆتان مەبەزێنن ، ڕەحم بەخۆتان و میللەت و ھاوڵاتی خێرتۆراوی ئەم ھەرێمە بکەن ، ئەگینا مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات ..

ڕاستگۆبن لەگەڵ خواو خۆتان و گەلدا ، چونکە ڕاستگۆیی ئەوەیە ئەو بژاردەی بەڕای زۆرینە لە بەرژەوەندی خەڵکە و خزمەت بەنێو ماڵی کـورد و کوردستان دەکات ئەوە ببێتە بژرادەی ئێوەش ، نەک مەیل و ھەواو بەرژەوەندی خۆتان و ..

دڵسۆزبن بەرانبەر گەورەییی فیداکاری و پیرۆزی قوربانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد ، چونکە دڵسۆزی ئەوەیە خەم و قوتی خەڵک و داواو خواستی ڕەوای توێژەکانی کۆمەڵگە ببێتە خولیای شەوانە ڕۆژانەی ئێوەش ، نەک کورسی و ناوبانگ و پلەو پایەی خۆتان و نزیکەکانتان ..

گەورەن لێبوردەبن و چاپۆشی لەھەڵەی یەکتر بکەن و کەوتنی ئەویدی تێپەڕێنن ، چونکە لێبووردەبوون ئەوەیە سەروەری و پیرۆزیە ھاوبەش و جوداکانی یەکتربخوێننەوە و ھەڵەی ڕابۆردوو بەس تەنھا و تەنھا بۆ پەند بێت و تەبایی و برایەتی دروشمی حەقیقی بێکەوە و بەیەکەوە ژیان بێت ، ھەروەھا دادپەروەری و یەکسانی لەئەرک و مافدا سەنگی مەحەکی کاری ھاوبەش وپشکی بەشکراوی بەدەست ھاتووی ھەموان بێت و ، کێ بوو بەبراگەورەی بۆ سوڕێک ھەموان ببنە چراو گۆچان بۆ ھاوکاری و دەستباری باری سەخت و گرانی ..

بەو ھیوایەی ئەم دڵسۆزیەش بڕواتە سەر شارای خەرمانی خەمی خەمخۆرەکانی ئەم مەمەلەکەتەی ئێمەو ھەوڵەکان بکرێنە کرداری مەیدانی و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بکرێتە باشترین جەژنانەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان بۆ گشت ھاوڵاتیانی کــورد و کوردســتان ..