كاتێك ئەولەویاتی كار تێك دەچێ


هیچ تاكێكی كۆمەڵگەی كوردی لاری لەوە نیە كەلەم كاتە گونجاوتر نیە بۆ بەدەمەوەهاتن و كاركردن لەسەر سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتی كوردی, بەڵكو بەئەركێكی پیرۆزی ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەیی قۆناغەكەی دەزانێت و لەوپێناوەدا ئامادەیی هەموو جۆرە قوربانیەكی هەیە.


بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و تێبینیە بەڵكو جێگەی نیگەرانیشە ئەوەیە كەپارتی دیموكراتی كوردستان بازدەدات بەسەر قۆناغەكاندا و لەجیاتی ئەولەویەت بدات بەبەرەی ناوخۆیی و تۆكمە كردنی یەكڕیزی ماڵی كورد و گەڕانەوەی كەش و هەوای دیموكراسیانە بۆ ژیانی سیاسی ناوهەرێم و گەڕانەوەی شەرعیەت بۆدەزگای هەڵبژێرراوی پەرلەمان لەلایەن میللەتەوە ، كەچی كار لەسەر ڕووی دەرەكی كێشەی كورد دەكات كە ئەویش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پاشان ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە كەئەمەش لەخۆیدا تەرتیبكردنێكی زۆرە ملێی كارنامەسیاسیەكەی میللەتی كوردەو ڕیزبەندیەكی هەڵەیە لەكاتی جێبەجێكردنیدا.


لەلایەكەوە ڕۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی لەڕووی سیاسی و مێژووییەوە لەسەری دەكەوێت و دواجار ڕاگەیاندنەكان و دەزگاشەرعی و هەمیشەییەكانیان كاری لەوجۆرە پەسەند ناكەن گەربێتوو پشتیوانی و پشتگیری خۆیان دەرببڕن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێك كەشەرعیەتی دامودەزگاكانی كەل و نوقسان بێت و لەژێرپرسیاردابن..


لە گۆشەنیگایەكی ترەوە خۆمان بۆ دونیا دەردەخەین و لە مێژووشدا تۆماری دەكەین كە دامەزراندنی یەكەم دەوڵەتی كوردی شەرعیەتی نوقسانەو تەكەللوف و سەپاندنی پێوە دیارەو لە مناڵدانێكی سروشتیەوە لەدایك نەبووە و لە كەش وهەوایەكی پڕ لەململانێی و ناتەبایی سیاسیدا هاتۆتە ئاراوە و جێی شانازی و داكۆكی لێكردن نابێت..


پارتی هەڵەیەكی گەورە دەكات گەر وابزانێت بێ منەتانە لە هێزە سیاسیەكانی تر دەتوانێت هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات لەم دۆسیەیەدا ،چونكە ئەو كاتە بۆ ڕای گشتی دەرەوە و ناوەوە ڕوونتر دەبێتەوە كە مەبەست لەم هەنگاوە – بێ دروستكردنی كەش و هەوایەكی نێوخۆیی گونجاو – زاڵكردنی بەرژەوەندیە حیزبیەكەیە بەسەر بەرژەوەندی باڵای ووڵات و میللەتدا ، دیسان ئەو كاتە مەرج نیە هەموولایەك بەو دوعایە بڵێن ئامین..


جارێكی تر پارتی هەڵە دەكات ئەگەر گرەو لەسەر ئەوە بكات بەم هەنگاو و ئیجرائاتانەی ئەتوانێت بەرامبەرەكانی پێ ئیحراج بكات وبیانخاتە گۆشەیەكی مردووی قەتیسەوە ، بەڵكو دوور نیە مونافیسە سیاسیەكانی تری بتوانن لەڕێی تەوزیفكردنێكی گونجاو و بەتوانای ڕاگەیاندن و ڕوونكردنەوەو هەڵوێستە سیاسیەكانیانەوە ,بۆ دەرەوەو ناوەوەی بسەلمێنن كە ئەم جۆرە پڕۆسیجەرە هەڵەیە و پێویستی بەدەستكاری كردن و ڕێكخستنەوە هەیە بەڵكو تەنانەت هەنگاوەكانی پارتیش بخەنە ژێر پرسیاری جیددی و قوڵەوە ..


نابێت پارتی ئەوەی لەبیربچێت لانی كەم لە 50% ی هێزە گەورەو بچوكەكانی ناوچەكە لەبەرەی ئەودا نین و هەماهەنگی ناكەن لەو كارانەی ئەنجامی ئەدات , ئەمەش جێی تێڕامان و حیساب بۆكردنەو پێویست بەوە دەكات پارتی ئاوڕێك لەناوخۆی هەرێم بداتەوە و بڕێك تەنازولات بكات بۆ ئەوە ی بتوانێت كۆدەنگی بۆ بەرنامە سیاسیەكەی دەستەبەربكات..


ئیتر جۆرو قەوارەی تەنازولاتەكە دوایی دیاری دەكرێن ..

 

am