خوا ، زەرورەتێك بۆ تێركردنی رۆحی مرۆڤ

لە یەكەم چركەساتی دروست بوونی مرۆڤ و خوڵقانی بونەوەر، كە جگە لە خوا كەس نازانێ‌ چەند ملیۆن و بلیۆن ساڵە، هاوكێشەی پەیوەندی نێوان خوا و مرۆڤ یان خالیق و مەخلوق هاتۆتە ئاراوە، دیارە ئەم باسە باسێكی یەكجار زۆر فراوانە و دەچێتە چواچێوەی باسی ئیمان و عیرفان و جیهانی رۆح و، شتەكانی ئەم دیوی دنیای مادییەت.

مەسەلەی مرۆڤ كەی خوڵقاوە و چۆن خوڵقاوە بابەتی ئێمە نیە، بەڵام مرۆڤ جگە لە جەستەی چۆن گەڕاوە بەدوای تێركردنی رۆح و، بوونی خوایەكی بە پێویست زانیوە یان نا؟ ئەمە بابەتی ئێمەیە. دیسانەوە پێویستە بڵێن قوڵبونەوە و شیكردنەوەی تەواوی ئەم بابەتە مەزن و گەورەیە، بەئێمە و بەوتار و بابەتێك كۆتایی نایەت، بەڵكو تەنیا ئامانج ئاماژە كردنێكی زۆر سەرپێی و خێرایە بۆ پەیوەندی نێوان رۆحی مرۆڤ و خوا.
گومان لەوەدا نیە مرۆڤەكان لە دنیادا بەسەر دوو بەرە دابەش بوین، باوەڕدار و بێ‌ باوەڕ، لەوانەیە بوترێ‌ باوەڕدار ئەوكەسەیە كە باوەڕی بەخوا هەیە و موسڵمانە، بێ‌ باوەڕیش كەسێكە دان بە بوونی خوادا نانێ‌. بۆیە مسوڵمان خوای هەیە و نامسوڵمانیش كەسانێكی بێ‌ خوان. باشە ئەم پێناسەیە راستە؟ نەخێر لەبەرئەوەی خەڵكانی بێ‌ باوەڕیش بەدەر لەوەی كە بیانەوێ‌ یان نا خوا واتا زاتی (الله) خوای ئەوانیشە، لە بەرامبەردا ئەوانیش بێ‌ خوا نین. چونكە دواجار لەئەنجامی ئەو فەراغە رۆحیەی كە بۆیان دروست دەبێ‌ خوایەك یان چەند خوایەكی درۆینە بۆخۆیان دەسازێنن. دەزانن بۆ؟
چونكە مرۆڤ ناتوانێ‌ بێ‌ خوا بژی و بە فیترەت بەدوای زاتێك یان ناوێك یان هەر شتێكدا دەگەڕێ‌، تا ئیتاعەی بكات و رۆحی خۆی پێ‌ ئاسودە بكات.
ئاخر رۆحی مرۆڤ جیا لە رۆحی گیاندارەكانی تر پەیوەستە بەدڵ و عەقڵ، دڵی هەموو مرۆڤێكیش بێ‌ جیاوازی پڕە لە عیشق و غەزەب ، بۆیە هەم بەدوای مەعشوق و مەعبودێكدا دەگەڕێ‌ تا جامی پڕ لە خۆشەویستی خۆی بۆ هەڵڕێژێ‌، لە هەمانكاتدا بەدوای دوژمن و بەد ناوێكیشدا دەگەڕێ‌ تا جامی غەزەبی خۆی پێ‌ هەڵڕێژێ‌ ،لەم لاشەوە عەقڵیش وا لە مرۆڤ دەكات كە بەدوای شتێكدا بگەڕێ‌ تاكو لە كاتی تەنگانەدا هانای بۆ بەرێ‌.
كەواتە مرۆڤ ناتوانێ‌ بێ‌ خوا و مەعبود بژی. جا خوا و مەعبودەكە زاتی (الله)بێ‌ یا خوا گەلێكی درۆینە،ئاخر چۆن لە كاتی برسیەتیدا مێشك ئیعاز دەنێری و وا لە كەسی برسی دەكات خۆش یان ناخۆش، هەر چۆنێك بێت شتێك بخوات، ئاواش رۆح وا لە مرۆڤ دەكات بەدوای شتێكدا بگەڕێ‌ كە هەم تێری بكات و هەم وێڵی نەكات، چونكە هەردەم رۆح دەترسێ‌ لە بێ‌ خاوەنی و ویڵكردن، رۆح حەزەكات خۆی بە هێزكەوە ببەستێتە تا ئارام و هێمن بێ‌، بۆیە هەر كاتێك هەستی بە سەرگەردانی كرد ئۆقرەی لێدەبڕێ‌ و كەنار ناگرێ‌، ئیتر دواجار یان مرۆڤ دەكاتە عاریف و عابید، یان دەكات بە كۆیلەیەكی نەفس و دەكەوێتە سوچی باڕێك و سەرلێشێواوی پەرستگایەكی خوا دروینەكانی سەرزەوی.