تورکیا و ئیسرائیل یان پارتی و گۆڕان؟

تورکیا داوای لێبوردنیکرد لە ڕوسیا لەسەر خستنە خوارەوەی فرۆکە ڕوسیەکە و سەرەخۆشی ئاڕاستە خێزانی فرۆکەوانەکەی کرد و بەمەش لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندییە دبلۆماسیەکانی ئەو دوو وڵاتە هەڵدرایەوە کەتەنها سەرەتاکەی دیارە.
ئیسرائیل داوای لێبوردنیکرد لە تورکیا لەسەر ڕوداوی کوشتنی ۱۱ چالاکوانەکەی سەر کەشتی مەڕمەڕە و قەرەبووی ماددی کەسوکاری کردنەوە، بەمەش پەیوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتە چووە قۆناغێکی نوێوە.
ئەم دوو هەواڵە پێمان دەڵێن لە سیاسەت و پەیوەندیە دیبلۆماسی و دەوڵەتیەکاندا شتێک نیە بەناوی تەنازولکردنەوە، بەڵکو شتێک هەیە بەناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانەوە لەو پێناوەشدا هەموو شتێک بەوەیش ناوی تەنازول دەکرێت بەرژەوەندییەکان و پاراستنیان ئەلف و بائی بنەما سیاسیەکانە، بەڵام لەم مەملەکەتەی خۆمان چونکە هێشتا پەیوەندییەکان و دیبلۆماسیەتی سیاسی هێشتا لەقۆناغی خێڵدایە، بۆیە ئامادەین هەموو شتێک بفەوتێنین و لەدەست بدەین بەو مەرجەی کە نەوترێت تەنازولیان کرد و سەریان بۆ بەرامبەر شۆڕکرد!.
مەگەر جگە لەوە هیچ تەفسیرێک هەیە بۆ ئەو دۆخە سیاسیەی کوردستان کە کەس ئامادەنیە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خودی حزبەکانیان بەپلەی یەکەم و کوردستانیش بەپلەی دووەم هەنگاوێکی جددی بنێن ئەگەر چی کۆبونەوە و سەردانێکیش بێت تەنها بۆ ئەوەی هیچ لایەکیان بەلاکەیتر نەڵێن تەنازولیانکرد؟!.
ئاخر ئێمە هەموومان هێشتا قۆناغی خێڵمان تێنەپەڕاندووە تەنازولکردن لە قسە و هەڵوێستی خۆمان هێڵی سورە نەک پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان.
مانشێتی پەیوەندیەکانمان لەسەر پەندی پێشینانی "پیاو عەیبە لەقسەی خۆی پەشیمان بێتەوە " و " سواربوون عەیبێک و دابەزین دوو " بنیات دەنێین نەک بەرژەوەندییەکان.
بارزانی بڕیار بدات دۆخی پەرلەمان و حکومەت وەک خۆی ئاسایی بێتەوە و گفتوگۆ لەپێناو چارەسەرکردنی بابەتە ناکۆکەکانیتر دەستپێبکات، پارتیەکان پێش خەڵکیتر ئەڵێن خۆزگە بمردینایە و تەنازولمان نەکردایە و هەر بەجددیش لەشکرێک لەکوڕی گوێڕایەڵی حزب ئامادەن بەگیان و بەماڵیان ببەخشن بەو مەرجەی نەڵێن کاک مەسعود تەنازولیکرد بۆ کاک نەوشیروان.
بەهەمان شێوە ئێستا کاک نەوشیروان تاک لایەنە سەردانی پیرمام بکات و لەگەڵ کاک مسعود کۆببێتەوە و نوکتەیەک و سەرگوزەشتەیەکی کۆنیان بگێڕێتەوە و دۆخە نەفسی و سیاسیەکە هێور بکاتەوە گۆڕانخوازان پێش پارتیەکان ئەڵێن ئەوە تەنازولیکرد و خۆزگایە بمردینایە لەبرسا و شتی وای نەکردایە، هەر بەجدیش ئەگەر ئێستا کاک نەوشیروان ڕێگە بدات لەشکرێک کوڕی ئازای حزب ئامادەیە بە گیرفان و چەکی خۆی تا دوا فیشەک و دڵۆپی خوێنی بجەنگێت دژی پارتی و بارزانی، بەڵام ئامادەنیە ببینێت و ببیستێت بڵێن کاک نەوشیروان تەنازولیکردووە بۆ کاک مەسعود.
ئێستا حزب لەکوردستان ڕۆڵی خێڵ دەبینێ لەهەموو ڕەهەندەکانیەوە و لەپەیوەندییە ناوخۆییەکانی حزب و پەیوەندیەکانی دەرەوەیدا و یاساکانی خێڵ جێبەجێدەکرێت.
لە پێکەوە بوون و بۆیەک ژیان و بۆیەک مردن.
ئەگەر تورکیا لەپێناو بەرژەوەندییەکانی بەو هەموو غرورە شەخسیەی ئۆردۆگانەوە ئامادە بێت داوای لێبوردن لەڕوسیا بکات بەرامبەر خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەک کەچەندین جار ئاسمانی تورکیای بەزاندووە و ئیسرائیل بەو هەموو عەنتەریات و غرورەی ناتانیاهۆ وە ئامادەبێت داوای لێبوردن لەتورکیا بکات و قەرەبووی قوربانیەکان بکاتەوە کە پێشینەی نەبوو ئەم کارە ئەویش لەپێناو بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیلدا ئەوە بۆ دوو هێزی کوردی لەپێشترە داوای لێبوردن کردن و تەنازول بۆیەکتری کردن لەپێناو بەرژەوەندی حزبەکانیان بەپلەی یەکەم و کوردستان و ئەزمونە لەقەکەی بەپلەی دووەم ئەوەی ڕێگرە لەم کارە یاساکانی خێڵە کە هێشتا حزبی کوردی نەیتوانیوە تێیپەڕێنێت.