ئەمرۆ لەهەموو كات زیاتر فیكریی دینی جیاواز تایپی دینداری جیاوازی بەرهەم هێناوە، ئەگەر بەقوڵیش نا تەنها بە سەرپێی چاوێك بگێڕی بە بارودۆخی موسوڵمانان لە جیهاندا بەگشتی و لە جیهانی موسوڵمانان بەتایبەتی زۆر بەئاسانی دەرك بەو ڕاستییە دەكەیت كە چەندین جۆر و تایپی دینداری و پەیكەڵكردنی ئیسلام وەك ئاین دەبینین.

بەدەر لە ڕیشە مێژووییەكە - كە سەدان و بگرە هەزار دەستە و ناوو و گروپ و تایپی جیاواز لە دینداری لەخۆ دەرگرێت كە تەنها كتێبی (الملل والنحل) ی شەهرستانی بخوێنیتەوە سەرت لەكاری خوا سوڕدەمێنێ- ئێستە لەنێوان دوو گروپ ململانێیەكی بێسەروبەر دروست بووە كە ئەوانیش قورئانییەكانن لەگەڵ ئەوانەی پێچەوانەی ئەوانن كە خۆیان بە سوننەتی و ئەهلی حەدیس دەناسێنن، ئەم دوو تایپە دوو تایپی زۆر لەیەكدی جیاوازن و هەریەك بانگەشە بۆ جۆرێك لە دینداری دەكەن كە خۆیان قەناعەتیان پێیەتی.

قسەوباس و چەلەحانێكانی نێوان ئەم گروپانە هەندێك جار بێلەزەتە و لەبری گفتوگۆیەكی زانستی و مەدەنی و بینا لەسەر بەڵگە و لێكدانەوەی زانستی قسەی نەشیاو و سوكایەتیكردن بە بەڵگە و بەهانەكانی یەكتری جێی گرتۆتەوە، من قسەم لەسەر ئەوە نییە كامیان لەسەر حەقە و ئایا ئەم گفتوگۆو و ڕیتم و ڕەوتانە چەند ئەرێنین و خزمەت بە خودی ئاین و شوێنەكوتوەكانی دەكات - كە دیارە ئەمەش پێویستی بە لێكۆلینەوە هەیە - بەڵام بە بڕوای من نێوەندگیرێك پێویستە لەم نێوەندەدا كە كەفوكوڵی هەردوو ڕەوت دامركێنێتەوە و بە هۆشدارییەوە بتوانێت لێكنزیكبونەوە دروست بكات و ببێتە دەرچەیەك بۆ ڕزگاربوون لەم بێسەر و بەرییەی كە ئێستە بەرهەمهاتووە، بێگومان لەهەردوولا دیدگا و بینشی جوان هەیە دەكرێت بەهەردوولا بیرێكی جوان بەرهەم بهێنرێت و وەڵامگۆی داخوازی و خواستەكانی سەردەم بێت و ئەو تایپە بێت لە دینداری كە هاوسەنگ و سەردەمیانە و خواویستانەش بێت، چونكە بەڕاستی هەر تایپێك پێی وایە جۆری دیندارییەكەی ئەو ئەوەیە كە خودا دەیەوێت و هەموانیش بەناوی خوداوە تێگەیشتنەكانی خۆیان دەخەنە ڕوو، ئەمەش ڕەنگە هێندەی تر بارەكەی گران كردبێت.

هیچ كەس حەقی تەواوی لانییە و هیچ كەسیش ناهەقی تەواو نیە، بۆیە هیوام وایە بەو نەفەسەوە بڕوانین بۆ یەكتری و بیروڕاكانمان، جوانی و ناسكی دینەكەمان بەهەندێ بیركردنەوەی تەسك و بچوك ناشیرین نەكەین، خەڵك لە ئێمەوە دەڕوانێت بۆ ئیسلام كەواتە بەرپرسیارین بەرامبەر هەر هەڵوێست و ئاكار و دەربڕین و گوفتار و گوزارشتێكمان.