لێگەڕێن با ئاشتەواییمان سەربگرێت


 
گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی بەریتانی ڕاپۆرتێكی شیكاری تایبەت بە هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە لە بەرواری 8/7/2016 لە ژێر ناوی(خەونە پەكخراوەكە Dream on hold ) تیایدا باس لەوە دەكات كە هەرێم زۆر دوورە لە سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەت و , زۆر نزیكیشە لە ئیفلاس بوون..
دوو زەنگی مەترسیدار لێ دەدات و بە شێوەیەكی شیكاری وورد باس لەوە دەكات چۆن كێشە سیاسیە ناوخۆییەكان پرۆسەی دیموكراسیبوونی ڕاگرتووە بەڵكو ئیفلیجی كردووە ,
وەهەروەها ناشەفاف بوون لەفرۆشتن و داهاتی نەوتدا و پاشان چاودێری نەكردنی لە ڕووی دارایی و یاساییەوە هەرێمی كوردستانی بەرەو ڕووی قەرزێكی زۆر و ئیفلاسبوونێكی گەورە بردووە..
دواتر بە ووردی باس لە ناكۆكیە ناوخۆییەكان و دابەشبوونی هەرێم بەسەر دووجەمسەرگیری ناوچەیی (توركیا وئێران) دەكات و پاشان پەكخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی هەندێك لە وەزیرەكان و ئینجا دێتە سەر قووڵیی قەیرانی دارایی و ڕاگرتنی 4000 پرۆژەی جۆراجۆر بە بڕی 5 ملیار دۆلار و قەرزاریی هەرێم بە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار و نەمانی سیولەی نەقدی و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی بەردەوامی داعش كە خەرجیەكی زۆر و قورسی هەیە ..
هەموو ئەمانە بوونەتە مایەی نزیكبوونەوەی هەرێم لە ئیفلاسبوون ودووركەتنەوەی لە هاتنەدی خەونی كۆنی میللەتی كورد لەسەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتدا..
ئەم ڕاپۆرتە شیكاریە ئەو ڕاستیە تاڵە ئەخاتە ڕوو كە چۆن ناكۆكی سیاسی نێوان حیزبە كوردیەكان بۆتە هۆكاری دواكەوتنی بەدیهێنانی ئەو خەونە و ئیفلیج بوونی ڕەوڕەوەی چاكسازی وبەدیموكراسیكردنی ژیانی سیاسی هەرێمەكەمان ..
ئاشكرایە مەترسیەكان گەورەن و گەیشتونەتە ئەو ئاستەی سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوەی دونیا بەردەوام لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن و لە مەترسیەكانی ئەم ناكۆكیە بەردەوام ئاگادارمان بكەنەوە.
بۆیە زۆر پێویستە هەردوولا (پارتی و گۆڕان) بوارو دەرفەتێكی گونجاو بڕەخسێنن تاوەكو هەوڵەكانی یەكگرتوو لەڕێی ئەمیندارەكەیەوە بگاتە ئامانجی خۆی و دەستبكرێت بە ئاشتەواییەكی جیددی وبەرهەمدار تاوەكو سنوورێك بۆ ئەو كێشەو ناكۆكیانە دابنێت و دەست بكەین بە قۆناغێكی نوێی ژیانی سیاسی كە ڕێخۆشكەر بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی..
هەست ئەكرێت هەردوولا ڕەزامەندیان نواندووە لەسەر ئەم هەوڵ و دیدارانەی ئەمیندار , كە ئەمەش جێی دڵخۆشیە , بەڵام گرنگتر ئەوەیە لەمپەر نەخرێتە بەردەمی و بە لێدوانی زبر و ئیجرائاتی كردەیی و یاسایی ئاراستەكەی نەگۆردرێت و لە گەرموگوڕیەكەی كەم نەكرێتەوە..


گەر بمانەوێت ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و گۆڕان چارەسەر بكەین ئەوا نابێت كێشەی نێوان پارتی و كۆمەڵی بۆ ئیزافەبكرێت و ,(یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی)كورد لەبەرامبەر بەغدادیشدا لەدەست بدەین كە ئەم دووپێشهاتە تازەیە پێچەوانەی هەوڵەكانی ئاشتەوایی دەوەستنەوە..


تەحەمولكردنی هەموو بارودۆخێكی نەخوازراو سنوورێكی دیاریكراوی هەیە و دواجار دەگاتە (خاڵی نەگەڕانەوە – نقگە اللاعودە) گەر بێتوو پێش ئەو وادەیەی خۆی چارەسەر نەكرێت..

 

 

am