بۆ وێنه‌ى دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی ده‌شێوێنن؟

د.عه‌لی قه‌ره‌داغی كێیه‌؟

ئه‌گه‌ر بپرسین: كێن ئه‌و كوردانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى كوردستان له‌ ئاستی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیدا ناسراون؟ كێن ئه‌و كوردانه‌ى له‌ پسپۆڕى زانستی خۆیاندا خه‌ڵك حسابیان بۆ ده‌كات؟ كێن ئه‌و كوردانه‌ى له‌ ژینگه‌یه‌كی جیاوازدا به‌بێ به‌ فیڕۆدانی پاره‌ى میلله‌ت توانیاویانه‌ خۆیان بسه‌لمێنن و ره‌زامه‌ندی فراوان به‌ده‌ست بێنن؟ كێن ئه‌و كوردانه‌ى كه‌ هه‌میشه‌ به‌ كوردستان ده‌به‌خشن و ته‌نها به‌ میوانی پشووی تێدا ده‌ده‌ن؟

بێگومان دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی یه‌كێكه‌ له‌و كوردانه‌ به‌ڵكو ئه‌و كورده‌یه‌ كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ى ئه‌و سیفاتانه‌یه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ناوی دكتۆر عه‌لی له‌ كوردستاندا له‌گه‌ڵ كارى ئایینپه‌روه‌رى و خێرخوازی و دۆستایه‌تی بێباوكان (كه‌ ناوی گۆرین بۆ نازداران)و ئاشتی و میانگیریی نێوان حیزبه‌كان و په‌یوه‌ندی هاوسه‌نگی نێوان تاڵه‌بانی و به‌رزانی و ئیسلامیه‌كاندا تێكه‌ڵبووه‌، ناوی ئه‌و له‌گه‌ڵ بونیادناندایه‌ له‌ مزگه‌وته‌وه‌ بۆ نه‌خوشخانه‌ بۆ قوتابخانه‌ بۆ زانكۆ بۆ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان، ئێوه‌ بێ منه‌تبن ناوی ئه‌م پیاوه‌ كه‌ى له‌گه‌ڵ جه‌نگ و وێرانكاریی و گه‌نده‌ڵى و به‌هه‌ده‌ردان و رقوقیندا بووه‌؟

كێ ئه‌م وێنه‌یه‌ ده‌شێوێنێت‌؟
1. ئه‌وانه‌ى ئیدیعاى لایه‌نگری كوردانی باكورو خۆرئاوا ده‌كه‌ن:
ئه‌گه‌ر باس له‌ ژماره‌و حسابكردنبێت ئه‌وا كه‌م نین ئه‌و كوردانه‌ى له‌ باكورو خۆرئاواو ته‌نانه‌ت خۆرهه‌ڵاتیش كه‌ دۆستی دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داغین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردانی ده‌ره‌وه‌ى (په‌كه‌كه‌)و كوردانی ریزه‌كان (ئاك پارتی)تان قبوڵ نیه‌، با كردار بكه‌ینه‌ مه‌حه‌ك، من ته‌نها دوو راستی ده‌ڵێم:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر دكتۆر عه‌لی (پیاو)ی ئه‌ردۆگان و دوژمنى كوردانه‌ بۆچی براده‌رانی قه‌ندیل خۆیان په‌یامی بۆ ده‌نێرن و پاشانیش سه‌ردانی ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی نێوانگیریی و هه‌وڵى ئاشتی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیادا؟
دووه‌م: بۆ كوردانی خۆرئاواش، دكتۆرعه‌لی ته‌نها زانكۆیه‌كی هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا (زانكۆى گه‌شه‌پێدانی مرۆیی) كه‌ زانكۆیه‌كی قازانج نه‌ویسته‌و هیچ داهاتێكی بۆ ئه‌و نییه‌، ساڵانه‌ نزیكه‌ى (50) خوێندكار له‌ كوردانی خۆرئاوا له‌و زانكۆیه‌ بێ به‌رامبه‌ر وه‌رده‌گیرێن له‌ كێبركێیه‌كی ئازادو رووندا، كه‌ زۆربه‌یان خوێندكارى سه‌ركه‌وتوو نموونه‌یین.

2. ئه‌وانه‌ى به‌ ئیسلامیبوونی دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی قه‌ڵس و بێتاقه‌تن:
ئه‌مه‌یان په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی قبوڵی جیاوازی و كه‌لتوورى پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌و رێزگرتن له‌ فره‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ به‌ دكتۆر عه‌لی و نه‌ به‌كسی تری چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

3. ئه‌وانه‌ى ناوی دكتۆر عه‌لی تێكه‌ڵ به‌ ململانێی ناوخۆیی و كێشه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن:
براینه‌ ئه‌و دابه شكردن و پۆلێنكردنه‌ نه‌ خزمه‌ت به‌ كه‌س ده‌كات نه‌ هیچیشی لێ سه‌وزده‌بێت بۆ كوردستان، نه‌ختێك دووربینی بۆ كه‌سی سیاسه‌تكار پێویسته‌، رۆشنبیرو نووسه‌رانیش چاوبڕینه‌ داهاتوو ده‌بێت سه‌رچاوه‌ى داهێنانیان بێت، بیرتانه‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی چۆن بوو؟ ئه‌وانه‌ى بوون به‌ قه‌ڵه‌می شه‌ڕى ناوخۆ چۆن خه‌جاڵه‌ت بوون! ئه‌ى كێشه‌ى نێوان گۆران و یه‌كێتی (له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین)، ئه‌ى ئێستا چی ده‌گوزه‌رێت له‌ نێوانیاندا؟ بۆیه‌ تكایه‌ رێز له‌ هاوسه‌نگی ئه‌م پیاوه‌ بگرن، من شایه‌تی به‌ شێك له‌ دیداره‌كانی بووم له‌گه‌ڵ به‌رێزان مام جه‌لال و كاك مه‌سعودو كاك نه‌وشیروان و سه‌ركرده‌ ئیسلامیه‌كان ده‌زانم چۆن خۆى له‌ وورده‌كارى جیاوازی و خیلافات ده‌پارێزێت و بێ منه‌تی خۆی له‌ پله‌و پایه‌و ده‌ستكه‌وت و داهات نهێنی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یه‌.

4. ئه‌وانه‌ى ته‌ما شای فه‌یسبووكه‌كه‌ى ده‌كه‌یت له‌ ئیسته‌مبوڵ وێنه‌ى گرتووه‌ نه‌ك له‌ سورى ئامه‌د، كه‌چی هاتوهاوارى ئه‌وه‌یه‌تی بۆچی دكتۆر عه‌لی ده‌ڵێت له‌ دژی تیرۆرستان سه‌ردانی ئیسته‌مبوڵ بكه‌ن، باشه‌ براله ئه‌گه‌ر داعش ‌ئسته‌مبوڵ وێرانبكات مه‌گه‌ر (كه‌رى دێز) قازانج بكات، خۆ ملیۆنێك كورد له‌ ئیسته‌مبوڵدا ئیش ده‌كه‌ن یان ئه‌وه‌یان كێشه‌ى تۆ نییه‌ !!

5. ئه‌وانه‌ى كه‌ نازانن قیبله‌ رووى له‌ كوێوه‌یه‌ به‌ڵام ئیحساسی ئیمانیان به‌رزبۆته‌وه‌و ده‌ڵێن فتواكه‌ى دكتۆر عه‌لی ناراسته‌ چونكه‌ ئیسته‌مبوڵ (نایت كڵه‌ب)ی تێدایه‌، سوبحانه‌ڵا مرۆڤ سه‌یره‌ نازانیت كه‌ى هیدایه‌ت وه‌رده‌گرێت، ئیتر ئه‌مه‌ چالاكووانه‌و ده‌بێت راى هه‌بێت!!