دکتۆر عەلى قەرەداغى پیاوى کێیە؟

بەداخەوە لە کۆمەڵگاى ئێمە زۆر کەس کە دەگەنە ئاستى نێودەوڵەتیبوون لە توانا و کاریگەریەکانیان، لە برى رێزلێنان و دەستخۆشى و خاوەنداریکردنى، روبەڕووى جەنگى دەروونى و ئایدیۆلۆجى دەکرێتەوە. پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلى قەرەداغى یەکێکە لەو کەسایەتیە کوردە نێودەوڵەتیە دەگمەنانەى کە هەمیشە و لە سەرئاستى جیهاندا رێزى تایبەتى لێدەگیرێت و راوبۆچوون و تیۆرەکانى دەکرێنە ستراتیج و بەرنامەى کار. ئەو لەسەر ئاستى سەرۆکى وڵاتان و وەزیرانى دەرەوە و دارایى ئەمپەڕى رۆژهەڵات بۆ ئەوپەڕى رۆژئاوا پێشوازى لێدەکرێت و داواى لێدەکرێت رێچارى زانستیانە بدۆزێتەوە بۆ کێشە و گرفتە ئابوری و داراییەکانیان. لەسەر ئاستى ئەکادیمیش، لە چەندین پایەى ئەکادیمى بەناوبانگى وەک زانکۆى ئۆکسفۆرد راوێژى پێدەکرێت و سێمینار و کۆڕى بۆ ساز دەکرێت.
ئەفسوس ئەم کەسایەتیە لە نێو خۆمان و لە لایەن ئەو چاویلکە رەشانەى کە تەنها رق و کینەیان لە مسوڵمانبوونى دکتۆر عەلى و خۆبەکەمزانینى نەیارانى سەرچاوە دەگرێت، ناوبەناو سیناریۆى بێبایەخى بۆ دروست دەکرێت و هانى کۆیلە مۆدێرنەکانیان دەدرێت لە سۆشیاڵ میدیا برەو بەو سیناریۆیانە بدەن و بە نزمترین زمان سوکایەتى بەم کەسایەتیە بکەن. ئەوەى مایەى بەزەییە بۆ ئەو جەنگاوەرە رەنج بەخەسارانە، بریتیە لە ئاشکرابوونى بێ بایەخیى سیناریۆ یەک لە دوایەکەکانیان. ئەمەى لاى خوارەوە تەنها چەند سیناریۆیەکى دروستکراوە کە هیچ کامیان لە پەتى درۆیەکى شاخدار ئەستورتر نەبوون و نابن.
1. د. عەلى قەرەداغى پیاوى سعودیەیە:
زیاد لە ٢٥ ساڵە بە ئاشکرا هاوکارى هەژاران و نازداران (بێباوکان) دەکات بێ جیاوازى، ئەوکات دەوترا پارەى سعودیەیە و دەیدات بە دکتۆر عەلى و ئەویش دابەشى دەکات بەسەر ئیسلامیەکاندا، لە کاتێکدا بە دەیان منداڵى مەسیحى و ئێزیدى لە نێو نازدارانى رابیتەى ئیسلامى کوردا هەن.
2. د. عەلى پیاوى قەتەر و وڵاتانى کەنداوە:
دواى پوچەڵبونەوەى ئەو سیناریۆیە و دەرکەوتنى ئەو راستیەیەى کە ئەسڵەن دەسەڵاتدارانى سعودیە زۆر کەیفیان بە دکتۆر عەلى نایەت لەپاى دیدى میانەڕەوانەى بۆ کایەى ئیسلامى و پشتگیرى لە بزافى مەدەنى گەلانى ناوچەکە، ئەوجا وتیان ئەو سەدان مەکتەب و مزگەوت و نەخۆشخانەیەى بونە سەرەتاى ئاوەدانى کوردستانى خاپورکراوى دەستى سەدام و چەک و پێنوسەکانى جەنگى خوکوژیى کورد، وترا ئەوەش هى وڵاتانى کەنداوە و (دکتۆر عەلى)ش بەکڕێگیراوی ئەوانە. ئەو سیناریۆ بێ بایەخەش پوچەڵ بویەوە و پانتایى گەورەى کارى خێرخوازى ئێستاى رابیتەى ئیسلامى کورد لە گیرفانى خێرخوازى خودى کوردانەوە سەرچاوە دەگرێت.
3. د. عەلى قەرەداغى توندڕەوە:
زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیی کردەوە و خەمى بەردەوامى دروستکردنى ناوەندێکى ئەکادیمى جیاواز بوو کە تێیدا هەموو رەنگ و دەنگێک بێ جیاوازى و لە ژێر چەترى زانستدا یەکبگرنەوە، دیسان وتیان ئەیکاتە بنکەیەکى مەشقى ئیسلامى. تەنانەت کچەخوێندکارێکى دکتۆرا کە خەڵکى ئەمەریکا بوو کاتێک هاتبوە زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى توشى شۆک بووبوو، چونکە واى زانیبوو زانکۆ تەنها چەند سەد کوڕێکى ناوچاوتاڵ و توڕەى لەخۆگرتوە. ناهەقم نەگرت، چونکە پسپۆڕانى چەواشەکارى ئامادەن بۆ دروستکردنى هەموو بێ ویژدانیەک. کاغەزى شکاندنى زانکۆش ئەرزشى نەما و دۆست و نادۆست و پاڵپشت و رکابەر بە حورمەت و رێز و قەدرەوە ناوى زانکۆکەى دکتۆر دەهێنن کە بەخێرایى و بە دانایى پەل بۆ بەنێودەوڵەتیبوون دەهاوێت.
هەر لەسەر مەسەلە نەتەوایەتیەکە، لەیادم دێت کە لە لێدوانێکدا عەمید شێرکۆ فاتیح، پێش شەهید بونى بە چەند رۆژێک، دەستخۆشیەکى زۆرى ئاراستەى بەڕێز دکتۆر عەلى قەرەداغى کرد بۆ فەتواکەیان سەبارەت بە شەهیدى پیشمەرگە قارەمانەکانمان کاتێک لە پێناو گەل و خاکدا دەجەنگێن و شەهید دەبن. شەهید عەمید شێرکۆ ئاماژەى بە گرنگی زۆرى فەتواکەى دکتۆر کرد کە چەند گڕوتینى خستۆتە نێو هێزەکانى پێشمەرگە و ئاسودەتر دەجەنگن کاتێک دەبیستن کە خوێنى خاوێنیان هەم لە دونیا و هەم لاى خواى میهرەبان بە پیرۆز و پلەى شەهیدى رێزیان لێدەنرێت.
4. د. عەلى قەرەداغى پیاوى کاک مەسعودە:
کاتێ هەوڵى نێوەندگیری نێوان سەرانى لایەنە ناکۆکەکانى هەرێمى دەدا، بە تایبەتیش پارتى و گۆڕان، سوکایەتى و ناوزڕاندن و جنێوفرۆشى نەما بە دکتۆر نەکرێت و ئەسڵەن هەندێ لە کۆیلە مۆدێرنەکان زەنکى ئەوەیان لێدەدا کە دکتۆر بۆتە پیاوى کاک مەسعود. ئەو بالۆرە کلۆرەش بە پەن چوو، لە کاتێکدا ئەو راوبۆچونە ئازایانەى دکتۆر عەلى بە ئاشکرا و لە دیدارەکاندا پێشکەشى کاک مەسعودى دەکات، زۆر سەرکردە و کەسایەتى دیکە هەن کە بەرگەى بیستنیان ناگرن. دوایین لێدوانەکانى دکتۆر عەلى لە دیدارى مێرى لە هەولێڕ تەنها یەکێکە لە سەدان هەڵوێستى مێژوویى دکتۆر.
5. د. عەلى قەرەداغى پیاوى تورکیایە!
نوێترین سیناریۆش ئەوەیە کە دەوترێت دکتۆر عەلى بوەتە پیاوى تورکیا. گڕى ئەو سیناریۆیەش لەو کاتەدا تینى سەند کە پێش چەند مانگێک بۆ جارێکى دیکە هەوڵەکانى دەستپێکردەوە بۆ نزیککردنەوەى پەکەکە و حکومەتى تورکیا و کۆتایی هێنان بە زمانى چەک. دیارە ئەو ئاشتیەى دکتۆر جیاوازە لەو ئاشتیەى هەندێ کەس کە لاى ئەوان هێز واتە بیست تورک بکوژە با توڕە بن و سەدانمان لێبکوژنەوە، گرنگ بەرخودانە، ئیتر کوردستانى باکور کاول ئەبێت یان نا گرنگ نیە. ئەوانەى ئەم چەواشەکاریانەى بۆ دروست دەکەن لە لایەکەوە خەڵکانێکى لە بنەڕەتدا بێبەرهەم و دۆڕاون و لە لایەکى دیکەوە بێ بازاڕ کەوتوون و بەسەر کۆڵى ماندوى دکتۆردا چاوى ترساویان هەڵدەخەن بەڵکو ئەم لایەنێ ئەو دەوڵەتێ سڵاوێکیان لێ بکات و قاپێ ماستاویان لێ وەرگرێت، ئەگینا ئەگەر لە کونیەیان بە باشى بکۆڵینەوە بەسەر دۆسیەى پڕ لە گەداییان، هەناسەى سارد جەستەى دکتۆر و خێرخوازانى دیکە ناسەغڵەم ئەکات.
6. د. عەلى بانگەشە دەکات بۆ گەشتکردن بۆ تورکیا!
ئاستى نارۆشنبیرى هەندێک لە سیناریستە ئایدیۆلۆجیستەکان ئەمجارەیان گەیشتە نزمایی دروستکردنى کاڵوکرچترین سیناریۆ. گوایە دکتۆر عەلى داوا دەکات خەڵکى بۆ گەشتکردن بچنە تورکیا و سەر کەنارەکانى دەریاکان. ئەوانەى ئەم سیناریۆیەیان دروست کرد، تەنها ئامرازیان ئاوەژوکردنەوەى لێدوانێکى دکتۆر عەلى بوو کە دەڵێت پێویستە لە بەرامبەر هێرشەکانى داعش کە مەبەستیەتى ئابورى وڵاتانى ئیسلامى بڕوخێنێت، بەرپەرچیان بدەینەوە و کار و بازرگانى و گەشتەکان نەوستێنرێن. ئەو لێدوانەى بەوە راڤە کرا کە دکتۆر بانگەشە بۆ چون بۆ کەنارى دەریاکانى تورکیا دەکات. ئاخر گەلۆ، سیناریۆ لەمە پوچەڵتر هەیە؟! دکتۆر عەلى کە زۆر چالاکانە لە سۆشیاڵ میدا ئامادەیى هەیە، نازانێت کە کینەکێشان چۆن بیر دەکەنەوە یاخود هیچ نەما دکتۆر عەلى بانگەشەى بۆ بکات کەنارى دەریا نەبێت؟! من دڵنیام ئەوانەى لە پشت ئەم سوکایەتیەوەن گەر بەدواداچونێکى راستەقینە بکەن دەبینن کە زۆرێک لەوانەى ئەمان پێى سەرمەستن زۆر پێش دکتۆر عەلى و بە دزیەوە پرسە و سەرەخۆشیان ئاراستەى سەرۆکى تورکیا کردوە لە کاتى تەقینەوەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى ئەتاتورک لە ئەستەمبوڵ.
7. د. عەلى پیاوى ...
بە بڕواى من لەبەر ئەوەى بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر عەلى قەرەداغى لە کارەکانى ناوەستێت و درێژە بە خەباتى کەموێنەى خۆى دەدات، سیناریۆى دیکەش لە رێگەن. خۆشبەختانە کە دکتۆر دەدوێنیت، ئەوجا لە ورەى تێدەگەیت. ئەو هەموو جارێک کە پرسیارى کاردانەوەى لێدەکرێت لە بەرامبەر ئەم چەواشەکاری و سیناریۆ پوچەڵانەدا، دەڵێت (ئەگەر من کاتى خۆم بدایە بەم قسە و باس و سیناریۆ و تۆمەتانە، هیچ کات نەمدەتوانى سادەترین خزمەت پێشکەش بکەم و سەرەتاییترین بڕوانامەش بەدەست بهێنم).
لە کۆتاییدا، دڵنیام ئەو کەسانە بەر لە خوێندنەوەى بابەتەکەش دەکەونەوە جوێندان و سوکایەتیکردن بە دکتۆر و بە نوسەرى ئەم بابەتە و بە هەر کەسێکى دیکە کە جیاواز لەوان بیر بکاتەوە، چونکە لە ئایدیۆلۆجیا پواوەکەى ئەواندا دەبێت یان وەک ئەوان بیر بکەیتەوە یان بە خیانەتکار و جاش دەناسێنرێیت. بەداخەوە لاى ئەوان مرۆڤ نابێت خۆى بێت و پیاوى خۆى بێت، بەڵکو دەبێت وەک ئەوان هەر جارەى پیاوى کەسێک بێت. بۆ بینینى ئەو راستیەش گوزەرێک بەسە بە نێو هەژمارەکانى دکتۆر لە سۆشیاڵ میدیا تا ببینین بە چاوى خۆمان چۆن لە نێو ئاپۆڕاى دەستخۆشى و کۆمێنتى خەڵکانى وڵاتانى جیاواز، تەنها هاونەتەوەکانى بەر لە خوێندنەوەى بابەتەکان جوێنبارانى دەکەن. لە راستیدا کێشە سەرەکیەکەش دکتۆر نیە، بەڵکو ئەو نەوەیەیە کە لەسەر جوێنفرۆشى و گاڵتەجاڕى و سوکایەتى پەروەردەکراوە، کە کاریگەرى زۆر خراپى بۆ ئاستى کۆمەڵایەتى ئەم گەلە هەیە و لە داهاتووى نزیکیشدا بە چاوى خۆمان دەبینین کە چۆن حوێنەکان روو لە کێلانەکانیان دەکەنەوە و جگە لە بۆگەنبوونى بنەماکانى پەیوەندى کۆمەڵایەتى هیچى دیکەى لێ ناچنینەوە. ماوەتەوە بڵێم کە بەڕێز دکتۆر عەلى قەرەداغى وەک هەر مرۆڤێکى دیکە بەدەر نیە لە سەرنج و رەخنەلێگرتن، بەڵام رەخنەى بونیاتنەر و سەرنجى بەجێ لە کوێ و ئەو جوێنبازاڕەى دروست دەکرێت لە کوێ؟!!!