ئەگەر سەرنج لە میدیای كوردی و رۆژنامەنووسان و سیاسیەكانی كوردستان بدەین لەدوای كودەتا سەربازیەكەی توركیاوە، هەریەكەیان هەڵوێستی جیاواز دەردەبڕێت و بە جۆرەها شێواز دەیانەوێت تەعبیر لە بیروڕای خۆیان بكەن، بەتایبەتیش لە شەوی یەكەمی كودەتاكەدا كە رەوشەكە زۆر روون نەبوو، كە ئایا سەرئەنجامی كودەتاكە بەكوێ‌ دەگات و سەردەكەوێت یان شكست دەخوات، پێموایە وەرگرتنی بیروڕاو بۆچوونەكان لەوكاتەدا دەرخەری روی راستی بۆچوونەكانەو لەوێدا هەریەكە تەعبیری تەواو لە بۆچوونەكانی خۆی دەكات ، ئەگەر كۆمێنت و هەڵوێستەكانیش لە فەیس بووك و پەیجەكان بخوێنیتەوە ئەو راستیەت بۆ دەردەكەوێت. بەپێی ئەو بۆچوون و كۆمێنت و نوسینانەی كە بڵاوكراوەتەوە، دەتوانین سەرنجی ئەو راستیە بدەیت كەی هەتا ئێستاش كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكی بچووك و بەرتەسك و پەرتەوازەو ناهۆشیارە لەڕووی سیاسیەوەو زۆرینەی هەڵوێستی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و تەنانەت پلە باڵای خوێندەوارەكانیش لە بازنەیەكی بچوكی حیزب و خێڵا و ناسیۆنالیستێكی بەرتەسك تی مرۆیێ‌پەڕناكات و ناتوانێت بیركردنەوەكانی بگاتە ئاستێكی باڵا، لەڕووی دیموكراسی و گەشەپێدان و پاراستنی مافەكانی هاوڵاتی و مرۆڤ و قووڵ كردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان و وەستانەوە دژ بە ستەمكاری و عەسكەرتاریەت و توندڕەوی و ناعەدالەتی و گەندەڵی و بازرگانی كردن بە خوێن و كەرامەتی مرۆڤ لەلایەن مافیاكان و عەسكەرتارەكان و گروپە دژە ئازادی و دیموكراسیەكان.
ئەگەر سەرنجی ئەو هەڵوێستە جۆربەجۆرانە بدەین كە لەسەر كودەتاكە نوسرابوون و لە میدیاكانەوە رۆژانە گوێ بیستی دەبین، دەتوانین بڵێین هەر ئەوانەن كە كاریگەریان بەسەر ئیدارەی كاری سیاسیەوە هەیە لە كوردستان و هەر ئەمانەن كە رابەرایەتی كاری سیاسیی دەكەن و لە دیدێكی تریشەوە هەر ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی كە بینای ژێرخانی هۆشیاری خەڵك دەكەن، ئەم جەمسەر گیریەو ئەم تێڕوانینە ئایدیۆلۆژیە زاڵە وادەكات كە ئیدارەی كاروباری سیاسیی لە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە هەنگاو هەڵبگرێت و درێژەی پێ‌ بدرێت.ئەمە لە كاتێكدایە هەر ئەمانە لە كوردستان خۆیان بە عەلمانی و دیموكراسی خوازو ئاشتیخواز لە قەڵەم دەدەن .
لەلایەكی ترەوە ئەگەر سەیری هەڵوێستی جەماوەر و پارتە سیاسیەكانی توركیا بكەین بە كورد و ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە لە مەهەپە و جەهەپە دا خۆی دەبینێتەوەو تەنانەت هونەرمەندان و ئەكتەرەكانی فلیمە ناودارەكانیش خاوەنی یەك هەڵوێست بوون و دژی كودەتا و گەڕانەوەی حوكمی عەسكەر وەستانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە زۆرینەی ئەمانە دژ بە دەسەڵاتەكەی ئۆردوگان و بەردەوامیش بەڕێگەی دیموكراسی و هەڵبژاردن ویستویانە شكستی پێ‌ بدەن ، بەڵام لەكاتێكدا كە مەترسیەكەدەگاتە سنورەكانی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری خاكی توركیا و مەترسی لەسەر سیستمی دیموكراسی و تێكچونی باری ئارامی وڵات و گەڕانەوەی وڵات بۆ حوكمی عەسكەرتاری، لەم كاتەدا هەموویان هاو هەڵوێست دەبن و بەبێ‌ بەرزكردنەوەی ئاڵای یەك حیزب هەموویان ئاڵای توركیا بەرز دەكەنەوە.
پێویستە ئێمەی كوردیش لە ئەم رووداوە بەخۆداچوونەوە بەخۆماندا بكەین و سەیری رەوشی سیاسیی هەرێمەكە و هەڵوێستی جەماوەر و پارتە سیاسیەكان بكەین بەتایبەتی لەو قەیرانەی كە ئێستا هەرێمی كوردستانی تێدا دەژی لەڕووی ئابوری و سیاسیەوە، چونكە ئەگەر جەماوەر و پارتە سیاسیەكانی ئێمەش هەمان هەڵوێستی جەماوەر و پارتە سیاسیەكانی توركیای هەبوایە، بارودۆخی هەرێم هەرگیز بەم دۆخە نەدەگەیشت و دەسەڵاتدارانیش لە كوردستان نەیاندەتوانی بەم شێوەیە سوكایەتی بە كەرامەتی مرۆڤی كورد و مافەكانی بكەن و ئەو وێنە ناشیرینە بۆ نەتەوەی كورد دروست بكەن كە ئێستا لەبەچاوی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بوەتە گەلێكی بێ‌ ئیرادەو ناكاراو بێ‌ سەنگ و بێ‌ هێز، كەبووتە مایەی ئەوەی هەرتاكێكی كورد خۆی بە شەرمەزار بزانێت كە كوردە، ئەوانەی كە بە تێڕوانینێكی ئایدیۆلۆژی پشتیوانی لە كودەتا عەسكەرتاریەت و گەڕانەوەی حوكمی عەسكەر و راگەیاندنی باری نائاسایی و دامەزراندنی دادگای سەربازی دەكەن، زۆریان ماوە لە دیموكراسی و دامەزراوەكان و كاریگەری لەسەر گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی و پێكەوەژیان و مافەكانی هاوڵاتی بگەن، مەترسی ئەو تێڕوانینانە لەوەدایە ئەگەر بەو نەفەسە مامەڵە لەگەڵا بارودۆخی سیاسیی هەرێم و هەر بەو شێوەیەش سەیری بەرامبەرە سیاسیەكان و دیدە جیاوازەكان بكەن زۆر مەترسیدارە، چونكە لە كۆنەستی ئەمانەدا شتێك نیە بەناوی دیمكراسی و قبوڵی جیاوازی و پێكەوە ژیان. لەبەرئەوە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پەند و وانە وەرگرتنە لەو روداوانە نەك ئێمەش ببینە بەشێك لە جەمسەرگیری رووداوەكانی دەوڵەتێكی تر.
ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە كە چۆن پارتە سیاسیەكان و جەماوەر و ببینەە خاوەنی هۆشیاریەك كە بە پلەی یەكەم پارێزەری دیموكراسی و سەروەریەكانی حكومەتی هەرێم و گەلی كوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی بن دژ بە هەر هەوڵێكی كودەتا و قۆرغكاری و عەسكەرتاریەت بوەستنەوەو رێگە بە هیچ لایەن و پارتێكی سیاسیی نەدەن كە سوكایەتی بە دامەزراوە دیموكراسیەكانی وەك حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی دادوەری بكەن و گەل و پارتە سیاسیەكان خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن و نەهێڵن جەماوەرەكە دابەشبێت بۆ بەرژەوەندی مافیا و دەسەڵاتە گەندەڵ و قۆرغكارەكان، با ئەم وانەیە لە توركیاوە فێربین نەك ئێمەش ببینە پارێزەری كودەتا و دەسەڵات لە توركیا.