(هەڵگەڕانەوه ) ‌ یان (گەڕاندنەوە) !!

 


( بەشی یەكەم )
چەند تێبینیەكی گرنگ :
یەكەم : لە یەكێك لە رۆژنامەكان ، لە سالی 2000 بابەتێكم بە ناونیشانی ( لە نێوان مێژووی ئیسلامی و مێژووی موسڵمانان ) بڵاوكردەوەو زۆر بە روونی ئەوەم باسكردووە كە دەبێت خەڵكی بە ئیسلامێكی ( مەعریفی، بەڵگەداری، خاوەن بەصیرە ) ئاشنا بكەین و، كلتوری ئیسلامی ( وەك خۆی ) بناسێنین و لایەنە ئیجابی و سەلبیەكان بێ سڵەمینەوە بخەینە روو، پێش ئەوەی ناحەزانی ئیسلام پێمان بفرۆشنەوە.. وە چۆن شانازی بە لاپەڕە پرشنگدارەكانی ئیسلامەو دەكەین ( بە تایبەت سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام درودی خوای لە سەر بێت ، وە سەردەمی ئەبوبەكرو عومەر خوایان لێ رازی بێت، وە چەند ساڵێكی سەردەمی هەردوو خەلیفەی شەهید عوسمان و عەلی خوایان لێ رازی بێت، وە چەند ساڵێكی خیلافەتی ئومەوی وعەبباسی كە شارستانیەتی ئیسلامی خزمەتی گەورەی بە مرۆڤایەتی كردووە) .. دەبێت بە هەمان شێوە لایەنە سەلبیەكانیش باس بكەین، بێ پاساوی نادروست و دەمارگیری و دیفاعی كوێرانە ..


دووەم : ئەوەی ئەمرۆ بەدیدەكرێت لە گۆڕەپانی فیكری ئیسلامی، جیی دڵخۆشی نیەو مایەی نیگەرانی دلسۆزانی راستەقینەی ئیسلامە ؛فرە مینبەری ، فرەگۆیی ، كرانەوەی ( رەها ) ،دەمارگیری بۆ كەسێك و مەدرەسەیەك ،( شەخصنەی ئیسلام ) ، لاسایكردنەوەی كوێرانە، سەرسامبوون بە رۆژئاوا... ئەمانەو بێجگە لەمانەش لە سیما سەلبیەكانی ئەم قۆناغەی فیكری ئیسلامین .


سێیەم:. هێندەی باس لە حوكمی مورتەدو (زانیەی موحصەن) و نیقاب و دەست بڕینی دەست ئەكرێت، با باس لە رواڵەتەكان و شێوازەكانی ( هەڵگەڕانەوە- ردە) بكرێت ، وه ‌با باس لەوە بكرێت چۆن رێگری بكەین لە پاشگەزبوونەوەی خەڵكی و ئەو ( هەوڵە ئاشكراو پەنهانانەی ) دەدرێن بۆ ئەوەی ئیسلام لە كۆمەڵگە دووربخرێتەوەو وای لی بكرێت ببێتە كارێكی شەخصی و رێژەی مورتەدەكان زیاد ببێت.. هەروەها با گرنگی بە بەها ئیسلامیەكان و ئاكارە جوانەكان بدرێت بە تایبەت بواری پەروەردەیی، وە‌ رێگری بكرێت لە پرۆژەی لەشفرۆشی و داوێنپیسی و بێ ئەخلاقكردنی كۆمەڵگەی رەسەنی كوردی!!!. .. ئەوجا ئەوە كاری ( دەسەڵاتی قەزاوەتە ) هەركات ئیسلام قەوارەو دەسەڵاتی هەبوو ، ئەو كات بڕیار دەدرێت مورتەد چ لی بكرێت و زانیە رەجم بكرێت یان شەلاقی لی بدرێت.. !!! .


چوارەم: ئەگەر موراهەقەو هەرزەكاری قۆناغێكی تەمەنی مرۆڤ بێت، ئەوا هەندێك گوایە خوێندەوارن و شتی تازەیان پێیەو نوێگەری لە بانگەوازو كاری ئیسلامی دا دەكەن ، ئەمانە زۆر هەرزەكارانە رەفتار ئەكەن و ( موراهیقی ئیسلامین ) با سەریشیان سپی بێت .. چونكە بە بابەتگەلێكەوە خەریكن و لە بەر ئەوەی خۆیان (رویبچ)ن، بە شتانێك كە لە خزمەت پرۆژە (غافڵكاریەكەدایە) خەریكن ... ئەمانە بزانن یان نا بوونەتە نێچیری ئەو راوچی ودزانەی ، ( دزەیان) كردوەتەوە ناو پرۆژە ئیسلامیەكەوەو بە هەر شێوەیەك بیانەوێت ئەمانە بە كار ئەهێنن.. ئیتر خوای ئەكرد پرۆفیسۆری ئیسلامی و قائم اللیل و صائم النهار ئەبوون .!!! یان سیواكێكی نیومەتری و ریشیان لە سەر ئەژنۆیان دەبوو .. یان لە ریزی پێشەوەی جەنگ و رووبەڕووی كافران دەبوون !!!


پێنجەم: ئەوەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بە ناو (عەقڵگەرایی ئیسلامی ) رو دەدات هەمان هەوڵی چەند بارەبووەی موعتەزیلەكانەو، دیوێكی تری ئەو هەنگاوەیە كە خەڵكانێكی سەرسام بە پێشكەوتنی رۆژئاوا وەك ( رفاعە رافع گهگاوی و محمد عبدەو تەها حوسەین و ئەرگۆن و ئەبو رییەو ئەحمەد امین و نەصر حامد ابو زید هتد...) تێوەی گلاون و بە پاساوی بەرگری لە ئیسلام دووچاری گەورەترین شكست هاتوون و بۆ گونجاندنی ( قورئان و سووننە‌ت ) لە گەڵ زانستی سەردەم ، زیانێكی گەورەیان لە كایە مەعریفیەكەی ئیسلام داوە .


شەشەم: ‌ ماوەیەكە هەزاران گەنجی ئەم هەرێمە بەرەو ئیسلام دێن و پشت لە رێبازو رێچكە مرۆیەكان دەكەن... بۆیە زۆر گرنگە ئەم گەنجانە نەتۆرێنین بە بیانوی نوێخوازی ئیسلامی و، ئیسلامی راستەقینەوە و دوور لە خورافات و ریوایات و، فیقهی كۆن و تەفسیری كۆن و ئیسلامی عەرەبی و هتد .. چەندین شتی لەم جۆرە .... بهێڵین با لە سوچێكی مزگەوتەكاندا تەوبەی خۆیان بكەن و بە قورئانیان ئاشنا بكەین نەك فیكری موراهیقانە!!! ..


حەوتەم: كە زۆر گرنگە ، بریتی یە لە ( فیقهی واقیع ) چی بوترێ !! كەی بوترێ!!! كێ بیڵێت!!! چۆن بیڵێ!!!!. دەبێ ورد هەنگاو بنێین..


هەشتەم: وەك ئاشكرایە پرۆژەی بە (عەلمانی كردنی كۆمە‌ڵگەی كوردی) سەركەوتوو نەبوو والحمد لله ئێستا سیكۆلاری كوردی بە فاشیلترین قۆناغی تەمەنی گوزەر دەكات ... دەبا ئەم هەلە بقۆزینەوە بۆ بەختەوەركردنی مرۆڤەكان – هەموو مرۆڤەكان – با بە بەرچاوو روونی بەرەو كانیاوی ئاینداری دەستیان بگرین ( بە خودی سیكۆلارەكانیشەوە ) . نەك ببینە ئامێرێكی ناراستەوخۆی سیكۆلارەكان و، پێیان بڵێین بێخەم بخەون موسڵمانە موراهیقەكان كارەكەی ئێوە تەو‌او دەكەن ..!!!!


نۆیەم: سەبارەت بە ( كلتوری ئیسلامی یان كلتوری موسڵمانان ) پێویستە زۆر بە وردی مامەڵە بكەین و بنەمای ( نە تەقدیس) وە ( نە تەنقیص ) پێوەرمان بێت .. چو‌نكە ئەو كلتورە بەرهەمی شەونخونی و ماندووبون و هەوڵ و تێكۆشانی موسڵمانانە بە دریژایی زیاتر لە چواردە سەدە ...وە سەدان و هەزاران لاپەڕەی پشگنداری لە خۆگرتووەو.. لەولاشەوە دەیان نموونەی سەلبی و شەرمەزاركەر یان زیادەرۆیی تیادا كراوە ... ناكرێت هەوڵی زانایان و خەمخۆرانی ئەم كلتوورە بە دریژایی ئەم 1437 ساڵە زەربی سفر بكرێت ... لە هەمان كاتدا ناشكرێت هەرچی هەبوو لەم كلتوورە وەربگیرێت ... بە تایبەت هەندێ شت كه زۆر زیادەرۆییان تێدا كراوەو پێچەوانەی بنەما شەرعیەكان و عەقڵ و لۆجیكن ...


دەیەم : وەك دەبینین ئەمڕۆ هێندەی ململانێ لە نێوان رەوتە جیاجیاكانی فیكری ئیسلامی هەیە ، نەك هێندەی بەڵكو چارەكێكی ئەوەش ململانێ لە نێوان ( گوتاری ئیسلامی ) و ( گوتارە نائیسلامیەكان) دا نیە ..!! ( دەمارگیری ) و ( پەرچەكردار) و( ئینهیزامیەت) و ( رۆژئاواییبوون ) و ( شەخصەنەی ئیسلام) . وە رووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلی ئیلحادو بەدڕەوشتی و پەراوێزخستنی ئیسلامە . 

 

ماویەتی