هێلكە لە كوردستان و كودەتا لە توركیا

د.ئەركان مەنوچەر
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
سەرەڕای ئەوەی ئێستا ئابوری جیهان هەمووی وابەستەی یەكتر بووە و وەك بوارەكانی تر كە دەگوترێت جیهان وەك یەك گوندی لێهاتووە بە تایبەت لە بوارەكانی ڕاگەیاندن، ئابوریش بەشێكی ئەو گوندەیە و ئاڵۆزی و بارێكی ناجۆری سیاسی لە وڵاتێك ، كاریگەری گەورە لە سەر بەشەكانی تری جیهان دروست دەكات.
سەرەڕای ئەم كاریگەریەی بەجیهانی بوون لەسەر بوارەكانی ژیان دروستی كردووە، بەڵام هەموو وڵات و دەسەڵاتێك بۆخۆی خاوەنی كیان و كاریگەری خۆیەتی و تاڕادەیەكی زۆر پارێزگاری لە پایەكانی خۆی دەكات بە تایبەت ئەگەر باس لە بوارە ئابوریەكە بكەین...
بۆ نمونە سەرەڕای دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و دروستكردنی كاریگەری بەرچاو لەسەر ئابوری وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەو وڵاتانە بە داڕمانی نرخی نەوت، ئابوریەكەیان دانەڕما و توانیان جێگرەوەی تری ئابوری و بازرگانیان هەبێت، ئەڵبەت ئەم وتانە عێراقی لای خۆمان و كوردستانیش ناگرێتەوە چونكە لەگەڵ خوار و ژورێكی نرخی نەوتدا ئابوریان توشی سەرێشە دەبێت و زۆر پێناسە و بنەما لای خۆمان ناگرێتەوە.
هیچ شوێنێك وەك بازاڕی كوردستان ناجێگیر و نائارام نیە بە كاریگەریە دەرەكیەكان بە تایبەت بە دوو وڵاتی دراوسێی ئێران و توركیا...
ڕۆژی ڕابردوو بەنیازبووم تەبەقێك هێلكە بكڕم لە یەكێك لە ماركێتەكانی لای ماڵەوە، كابرای دوكاندار ووتی پێش كودەتاكەی توركیا واتە 15ی مانگ نرخەكەی دوو هەزار بووە و ئێستا بەهۆی كودەتاكەوە نرخەكەی بووە بە 4000 هەزار دینار، ئیتر مقۆ مقۆی دروست بوونی قەیرانی دەستكەوتنی بەنزین و شتی تر با بوەستێت.
ئەمە بۆ ئێرانیش هەر وایە كە یەك ڕۆژ سنور دادەخرێت نرخی شتومەك چەند قات گران دەبێت.
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی هەموو ئەو قسانەی دەوترێت لەسەر بەهێزی ئابوری كوردستان بنەمایەكی بتەوی نیە و لە دوكاندارێكەوە تا ئابوری ناسێكمان هەست بەو ڕاستیە دەكەین، ئاخر چ ئابوریەكە زۆرینەی ڕەهای كاڵاكانمان توركی و ئێرانی بن.
25 ساڵە كورد ئیدارەی خۆبەڕێوبەرێتی هەیە و تاوەكو ئێستا سەرمایەدارەكان بیریان لەو وەبەرهێنانە نەكردۆتەوە كار لەسەر زیاتر كردنی بەرهەمی ناوخۆیی بكەن و پارەكانیان لەو بوارەدا خەرج بكەن چونكە ئەو سەدان میلۆن دینارەی لە باڵخەنانەو شتی تردا خەرج كرا لە كەرتی كشتوكاڵدابوویایە ئێستا گوزەران جۆرێكی تر بوو، حكومەتی هەرێمیش یەكەم هەنگاوی بۆ سەربەخۆیی ئابوری لە بری گەڕانەوە بۆ كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی، پشتی بە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بەست بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.
ئاخر هێلكە هاوردە كردن و لە توركیا و ئێرانەوە بەو ڕێژەیە چ لۆژێكی تێدایە، لە كاتێكدا سەدان كێڵگەی پەلەوەری لە هەرێمی كوردستان هەیە نەك دەتوانرا پێاویستی ناوخۆیی دابین بكات بەڵكو هەناردەی دەرەوەشی هەبێت، ئەگەر دەسەڵات لەم ماوە درێژەدا پلانێكی ستراتیجی هەبوایە بۆ پشتگیری كردنی كەرتی كشتوكاڵ ئێستا ئابوری كوردستان هێندە كاریگەر نەدەبوو بە دەرەوەی وڵات باشترین نمونەش خۆڕاگری ئابوری ئێران بوو بەرامبەر سزا دەرەكیەكان كە كەرتی كشتوكاڵ پایەیەكی گرنگی ئابوریەكەیەتی...
ئێستاش لە دەست دەرنەچووە، دەكرێت بەرهەمی ناوخۆیی بەگشتی و كەرتی كشتوكاڵ بە تایبەتی بكرێتە خەمی یەكەمی دەسەڵاتدارانمان بۆ ئەوەی بكرێتە بنەمای ئابوری ئەو دەوڵەتی دەمێكە خەونی پێوە دەبیینین و دوعا دەكەین ڕۆژێك ببێتە ڕاستی.