ئیتر بۆچی ڕەخنە لە مێژوو بگرین!

(ئەوە مێژوو نیە خۆی دوبارە دەكاتەوە، بەڵكو مرۆڤە گێلەكانن هەڵە كانی مێژوو دوبارە دەكەنەوە)


بەبڕوای من هیچ گەل و نەتەوەیەك هێندەی گەلی كورد مێژوی خۆی دووبارە و چەندبارەنەكردۆتەوە، واتە ئێمە هەرگیز وانەو ئەزمونمان لە مێژو وەرنەگرتووە، ئاخر ئەوە ئێمەین چەندجارێك چانس یاوەرمان بووە و چەند هەنگاوێك چوینەتە پێشەوە ، بەڵام وەك خوی هەمیشەییمان بەچەند هۆكارێكی خودی و بابەتی (بێ‌ گومان هۆكارە خودیەكان زیاتر) یاغریاغر ملی ڕێگەمانگرتۆتە بەر بۆ چوارگۆشەی یەكەم.


ئێمە نەك وانە لە مێژووی گەلانیتر تەنانەت ئەزمون لە مێژووە تاڵ و هەرەسەكانی ڕابردوی خۆشمان وەرناگرین، بەدرێژایی مێژوو هەركاتێك هەلێك بۆ گەلی كورد هاتبێتە پێشەوە ئێمە بەحەزی سروشتی خۆمان بوبێت یان بە فێڵ و فشاری زلهێزە بەناو هاوپەیمانەكانمان بوبێت توشی دوجەمسەری و دووڕای جیاواز و ناكۆكی و تاڕادەی شەڕی براكوژی و ماڵ جیایی بوین و تەنانەت پەنا بۆ لەشكركێشیش نەیارەكانیشمان براوە، تەنها لە پێناو مانەوە و خۆسەپاندن و خۆسەلماندن و شكاندنی پشتی براكانمان، ئەمە وەنەبێت تەنها باس باسی مێژو و سەردەمە دێرینەكانی ئەمارەتەكان و عوسمانی و سەفەویی و ئینگلیز و شاو ڕژێمی پێشوی عێراق بێت، بەڵكو تا ئەم چركەساتەش ئێمە هەر سیناریۆ كۆنەكانی باو باپیرانمان دووبارە و چەندبارە دەكەینەوە!!!ئیتر بەناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و مێژویی و یاسایی و دیفاكتۆ و ئیتر بە چەندین هۆكاری ناتەندروست درێژە بە هەنگاوە نا شەرعی و ناتەندروستەكانمان دەدەین بۆ دووبارە بونەوەی مێژوو!!!


دیسان من لەو بڕوایەدام لە هیچ سەردەمێكدا گەلی كورد وەك ئەمڕۆ پەرتەوازە و فرە دەنگ و فرە ڕەنگ فرە سەركردە نەبووە، هیچ كاتێك گەلی كورد وەك ئەمڕۆ فرە خاوەن و لەهەمانكاتدا بێ‌ خاوەن نەبووە!!! تا ئێستە نەمانتوانیوە هیچ پرۆتۆكۆلێكی فەرمی لە نێوان ئێمە و زلهێزە هاوپەیمانەكانماندا واژۆ بكەین بۆ هەموو ئەگەر و سەردەمێك !!!نەك تەنها ئەو كاتانەی كە ئەوان ئیشیان پێمانە و دوای كۆتایی هاتنی بەرژەوەندیەكانی خۆیان نەماندەنەوە دەست قەدەر خۆمان؟!


واقیعی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و خۆرئاوای كوردستان شاهێدی ئەو ڕەوشە نالەبارەن ، ئاخر ئەمە ئەگەر چەندین بارەكردنەوەی هەڵەكانی مێژو و خۆبەهەموو شت زانیین و بەهیچ نەزانینی براكان و پشت بەستن بە نەیارە مێژوویەكانمان و جارێكیتر گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم نەبێت چییە؟؟؟!!!