جەنگی ڕۆژئاوا لە گەڵ توركیا


لە هەڵبژاردنەكانی 7-6-2015 دا لە توركیا، كاتێك كە ئاكپارتی ڕێژەی پێویستی بەدەست نەهێنا دەسەڵاتی پێكهێنانی حكومەتی بە تەنها پێبدات، وتاری سەرنوسەری لۆمۆند وتی هەواڵێكی چاكە بۆ توركیا‌و هەروەها بۆ ئەوروپاش، ئەوە زۆر ئاساییە كە تۆ دڵخۆش بیت بە ئەنجامی هەڵبژاردن مادام لە ڕێگای یاسایی‌و ڕای گەل بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا دڵخۆشی ڕۆژئاوا بە ڕوخاندنی ئاردۆگان دەردەخات..


لەسەرتای هەوڵی كودەتاكەدا، تا تێپەڕبوونی چەند كاتژمێرێك ڕۆژئاوا بە ئەمەریكاوە‌و ڕوسیاشی لەپاڵدا بێت، بێدەنگ بوون، پاش داخستنی فڕۆكەخانەی ئەتاتۆرك وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ووتی:( داواكارین خوێن نەڕژێت‌و هەموو شتەكان لە چوارچێوەی دەستوردا بێت)، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش وتی:( ئاواتی ئاشتی‌و بەردەوامی دەخوازین بۆ توركیا)، فەرەنساش داوای كرد كە هاوڵاتیانی لەماڵەكەی خۆیان بمێننەوە‌و نەیەنە سەرشەقامەكان، ئەو لێدوانانە هەموویان نەك سەركۆنەی كودەتای سەربازی بەسەر حكومەتی هەڵبژێراودا نەكرد، بەڵكو بۆنی پشتیوانیكردنیشی لێدێت، چونكە لەو جۆرە حاڵەتانەدا، بێ دودڵی دەبوایە سەركۆنەی توندییان بۆ كودەتاچییەكان بكردایە، چونكە ئەوە بنەمای فەلسەفەی خۆیانە كە نابێت لەڕێگای هێزەوە دەزگای فەرمی دەوڵەت لەكاربخرێت‌و تەنها حكومەتێك شەرعییە كە گەل هەڵیدەبژێرێت، پەكخستنی كردەی دیموكراتی بەهیچ جۆرێك قبوڵناكرێت، بەڵام ئەوان یان بێدەنگ بوون یان باشترین حاڵەت بێلایەنییان گرت، بێلایەنیش لەو كاتەدا هاوسۆزی لێدەخوێنرێتەوە..بەتایبەت فەرەنسا یەك ڕۆژ پێش كودەتاكە باڵیۆزخانەی خۆیی لە ئەنقەرە داخست بەهۆی بارودۆخی ئەمنی..


بەلام كاتێك هەواڵەكان بەو ئاراستەیەدا ڕۆشتن كە هەوڵی هەڵگێڕانەوەی دەسەڵاتی ئاكپارتی شكستی خوارد، پشتیوانی خۆیانییان بۆ حكومەتی هەڵبژێرراوی توركیا دەربڕی، بەتایبەت ئەمەریكا نەوەك دۆستایەتی توركیا لەدەست بدات، چونكە تا هەنوكەش بەرژەوەندی بنچنەیی ئەمەریكا لەتوركیادا پێویستی بە پاراستنە..داخستنی سەربازگەی ئێنجەرلیك كە لەلایەن ئەمەریكاوە بەكاردەهێنرێت، ‌و بڕینی كارەبا لێی‌و زیندانیكردنی فەرماندەكەی هەروا لەخۆڕایی نییە..
ئێستاش پاش ئەوەی كە هەوڵەكە شكستی خوارد‌و ئەردۆگان بەهێزتر دەركەوت، جەنگی پاراستنی مافی مرۆڤ‌و بەها دیموكراتییەكان لەگەڵ توركیادا دەكەن، بەیەك دەنگ دژ بەتوركیا وەستاون، وەك بڵێی پاش ئەوەی كودەتا سەرنەكەوت، ئێستا دەیانەوێت لەڕێگای بەڵێننامە نێدەوڵەتیەكانەوە، گیانی كودەتاچییەكان بپارێزن وەك بەشێك لە وەفا بۆیان، یەگ وێنەی پانۆرامایی ڕوداوەكان پیشانی دەدات كە ڕۆژئاوا‌و روسیا ئەگەر دەستی ڕاستەوخۆیان لە كودەتاكەشدا نەبوبێت، ئەوا ئاگاداربوون لێی‌و خائین بوون بەرامبەر بە توركیا‌و بێدەنگ بوون‌و وشیارییان نەدا بە ئەنقەرە..واتە دەیانەوێت ئەگەر خۆشیان نەبن ئەوا یەكێكیتر ئاردۆگانییان لەكۆڵ بكاتەوە...


جەنگی ڕۆژئاوا لەگەڵ حكومەتی ئاكپارتیدا كۆتایی نەهاتووە بەشكستی كودەتا، بەڵكو سەرەتای ڕوداوەكان پێمان دەڵێت كە بەم شكڵەی خوارەوە دەبێت :-


1- جەنگی مافی مرۆڤ، واتە پاراستنی گیانی كودەتاچییەكان‌و، هێشتنەوەیان، بەمەش میدیا‌و ناوەندەكانی ڕۆشنبیری ڕۆڵی خۆیان دەبێت ..


2- قسەكردن لەسەر ئیجرائاتی دەزگاكانی دەوڵەت لەگەڵ تاوانباراندا‌و، گەورەكردنی شتە بچوكەكان لە میدیای جیهانییدا بەمەبەستی بەشەیتانكردنی ئاردۆگان..


3- كۆكردنەوە‌و بە دۆكۆمێنتكردنی هەر سزایەك دەدرێت بەسەر كودەتاچییەكاندا‌و وێناكردنی بە دژایەتیكردنی لەگەڵ بنەماكانی مافی مرۆڤدا ..


4- سكاڵا پێشكشەكردن لە دادگا نێودەوڵەتییەكاندا، بەتایبەت دادگای ئەوروپی كە توركیا ئەنددامە تیایدا‌و، دۆسییە كردنەوە..


5- سزا سەپاندن بەسەر توركیادا، لەسەروی هەمویانەوە سزای ئابوری‌و، دەركردنیشی لە ئەندامێتی ناتۆ..


ئەمانەش هیچیان پەیوەندییان بەمافی مرۆڤ‌و بەهای دیموكراتییەوە نییە، چونكە نە ئاردۆگان لە بەشار ئەسەد خراپترە‌و نە سیسی لە ئاردۆگان باشترە، نە حكومەتی توركیاش لە كۆماری كوبا نا دیموكراتیترە، بەڵكو چەنگەكە ژیارییە‌و بەشێكە لەو ململانێ مێژوییەی كە نایانەوێت وڵاتانی جیهانی ئیسلام پێشكەوتو‌و سەقامگیر‌و بەهێزبن، نایانەوێت هیچ حكومەتێك لە ناوچاكەدا بێجگە لە ڕۆڵی پۆلیس بینین هیچ ڕۆڵێكیتر ببینێـت، بەتایبەت ئەگەر وەك دەسكەوتێك بۆ ئایینی ئیسلام هەژماركرا‌و ئیسلام‌و نوێگەرایی پێكەوە گرێدا...