تكایە وەزارەتی دارایی وا نابێت !؟

  پێنج شەممە, 28 تەمموز 2016 14:25

لە كاتێكدا دامەزراندن نیە و كێشەی دارایی و دواكەوتنی مووچە هەیە بێكاری گەیشتۆتە رێژەیەكی ترسناك، بەڵام وەزارەتی دارایی رێگرە لە بەردەوامیدان بە پێدانی پارە بە پرۆژە بچووكەكان لە كوردستان تەنانەت لە بڕی پێدانی پارەی زیاتر بە پرۆژە بچوكەكانی لاوان خەرجكردنی ئەو پارەیەشی وەستاندووە كە پێویست بوو بەردەوام بێت.

سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاوان كە لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستانە، لە ملیۆنێك دینار تاوەكو 15 ملیۆن دینار بەو گەنجانە دەدات كە پرۆژەی جۆراوجۆری بچوك دادەمەزرێنن، لە تەموزی 2011 تاوەكو ئێستا 8 هەزار كەس بە پرۆژەی جیاجیای بچووك لەو قەرزە سوود مەندبوونە، بێگومان پرۆسەكە وێۆرای تێبینی و سەرنجەكان، شتێكی باشە بە جۆرێك بەشداربووە لە چارەسەركردنی بێكاری،لە ماوەی 5 ساڵدا 8 هەزار كەس هەلی كاریان بەهۆی ئەو پرۆژانە دەستكەوتووە و ئەو 8 هەزاركەسە رزقی هەزاران خەڵكی تریان دابین كردوە.

بەداخەوە لە گەڵ ئەوەی پێویست بوو پێداچوونەوە بە سندوقی قەرزی بچووك بكرێت و زۆر فراوانتر بكرێت و پارەی قەرزەكەش بە رێژەیەك زیاد بكرێت كە زیاتر بێت لە 30 ملیۆن دینار بێت ومەرجە رۆتینیەكانیشی هەڵبگیرێن، بەڵام وەزارەتی دارایی وەكو ئەوەی نە بای بێت و نەباران پارەی قەرزی لاوانی راگرتووە،لە كاتێكدا ئەو پارەیە ساڵانە دەخولێتەوە و پارەی تری ناخرێتەسەر.

26 ملیار دینارە لە رەسیدی بانك لەسەر حسابی پارەی قەرزی بچوك هەیە و وەزارەتی دارایی رێگە نادات خەرج بكرێت، ئەوە قسەی بەرپرسێكی سندوقی قەرزی لاوان، بێگومان ئەوەش لەو كاتەدا كە بێكاری هەیە وای كردوە نزیكی 500 هەلی كار وز پرۆژە رابگرێت، ئەوەش زیانێكی گەورەیە بە ئابوری كوردستان.

لە كاتێكدا بەپێی بڕیار و یاساكان پێویست بوو ساڵانە 25 ملیار دینار لە لایەن حكوومەت بخرێتە نێو سندوقی قەرزی لاوان،بەڵام ماوەی 3 ساڵە هیچ پارەیەكی نەخراوەتەسەر، باشە گوتمان قەیرانی داراییە با پارەی تر نەخرێتەسەری پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەو پارەی هەیە خەرجكردنی راگیراوە.

لە ئێستادا پڕۆژە بچووكەكان بوونەتە تەوەری‌ سەرەكی‌ جێبەجێكردنی‌ سیاسەتە پیشەسازیە ئامانجدارەكان لە زۆرێك دەوڵەتە پێشكەوتووەكانی‌ جیهاندا، مەبەستی‌ سەرەكیش لە زەمینەخۆشكردن بۆ زیادكردنی‌ ژمارەی‌ ئەو پڕۆژانە بریتیە لە كەمكردنەوەی‌ رێژەی‌ بێكاری‌ لەو وڵاتانەدا كە تاڕادەیەك بێكاری‌ و هەڵئاوسانی‌ ئابوری‌ و قەیرانی‌ دارایی‌ بەرۆكیان دەگرێت، بۆیە دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان سود لەو وڵاتانە وەربگرێت كە بەهۆی پرۆژەی بچوك وڵاتیان پێشخست.

ئەمڕۆ كوردستان پێویستیەكی‌ زۆری‌ ‌ گرنگیدان و گەشەپێدانی‌ پڕۆژەی‌ بچووك و مامناوەندییەكان هەیە ‌، چونكە سەرەڕای‌ بوونی‌ دەستی‌ كارو توانستی‌ مرۆیی‌ زۆر، بێكاریەكی‌ زۆریش بوونی‌ هەیە كە زۆربەیان خاوەنی‌ پسپۆڕی‌ و توانست و لە هەڵگرانی‌ بڕوانامەی‌ زانكۆو پەیمانگاكانن و دەكرێت بەپێی‌ پلانێكی‌ تۆكمەی‌ داڕێژراو لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە بەگەڕ بخرێن و دەستمایەی‌ پێویستیان بۆ دابین بكرێت بۆ ئەوەی‌ هەر یەكێكیان بەپێی‌ تایبەتمەندێتی‌ و سەلیقەی‌ خۆی‌ پڕۆژەیەكی‌ بچووك یاخود مامناوەندی‌ دەست پێبكەن ، با سیاسەتێك بگرینە بەر چیتر گەنجانمان چاویان لە نیوە مەعاشی نەبێت و خاوەنی كار و كاسبی و پرۆژەی خۆیان بن .

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .