بادەروازەی هەورامان دەروازەی بەهەشت بێت

 

ناوچەی هەورامان یەكێكە لەجوانترین و خۆشترین ناوچەكانی كوردستان، دانیشتوانەكەشی بەدرێژایی مێژوو جگە لەلێهاتوویان لەزۆربەی بوارەكاندا، خەڵكانێكی ئاشتیخوازو بێ كێشەو میوان دۆست و دەست و دڵ فراوان بوون. بڕوانە كتێبە ناوازەكەی م. عبدالرزاق عبدالرحمن سەبارەت بە سەربوردێكی هەورامان و تەوێڵە، كەبەندە شانازی تایپ و دیزاینیم پێبەخشرا.

لەمێژووی خەباتی كورددا هەورامیەكان خاوەنی چەندین سەروەرین و پشكی شێریان هەبووە لەخەبات و خزمەت بەشۆڕشەكانی كورد كەلێرەدا ناتوانین باسی لێوە بكەین.
ئەوەی جێگای داخە بەدرێژایی 25 ساڵی ڕابردووی حكومڕانی كوردیدا كەمترین خزمەت بەو ناوچەیە كراوە. ئەگەرچی كەسانێكی زۆری هەورامی لەپۆست و دەسەڵاتدا بوون. سەرباری ئەوەی كەخەڵكی هەورامان شایستەی خزمەتێكی كەم وێنەن، لەڕووی ئابوریشەوە دەبوایە حكومەتی هەرێم گرنگی زۆر زیاتری بەو ناوچەیە بدایەو بیكردایەتی سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بۆ كوردستان و خەڵكی ناوچەكە.

لەكاتی سەردانی هەورامان سەدان دیمەنت بەرچاو دەكەوێت كەمایەی خەم و خەفەت بێت بۆ مرۆڤی دڵسۆز و پێی دڵگران بێت كەبۆ دەبێت ناوچەیەكی ئاوها گرنگ ئاوڕی لێنەدرێتەوە. ئەوەی لەهەمووان زیاتر ئازارم دەدات دەروازەی هەورامانە. كاتێك دەگەیتە پردی زەڵم، دیمەنی ئاوێكی لێڵ و شوێنێكی پیس و پۆخڵ و قەرەباڵخیەكی بێ شیرازەو بێخزمەت دەبینی، بەتایبەت ڕۆژانی گەشت و سەیران. كە دەبێتە مایەی شۆك بۆ گەشتیارانی بەتایبەت ئەوانەی یەكەمین جارە سەردانی ئەو ناوچەیە دەكەن.

ئەگەرچی چەندین بیرۆكەی شایستەم گەڵاڵە كردووە بۆ خزمەتی پارێزگای هەڵەبجە بەگشتی و ناوچەی هەورامان بەتایبەتی و لەگەڵ چەندین كەسی دڵسۆز باسم كردووە، دەكرێت لەشوێنی ترو بۆنەی تردا باسی بكەین، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگ و خێرایەو دەتوانرێت لەئێستادا بكرێت بریتیە لەگرنگیدان بە پردی زەڵم كەدەروازەی پارێزگای هەڵەبجەو ناوچەی هەورامانە. ئەویش دروستكردنی (دەروازەی هەورامانە) دەروازەیەكی شایستەیە بەڕەسەنایەتی و كەلتورو مێژووی هەورامان (ئەمە بۆ پارێزگای هەڵەبجەش پێویست و گرنگە و لێرە جێگای باسی نیە). هەروەها گرنگیدان بەگەشتیاری لەو پارێزگایەو لەهەورامان بەتایبەتی و كردنەوەی ڕێستۆڕانت و ئوتێل و كابینەو چەندین شتی تر. دەیان پرۆژەو بیرۆكەی تر. كەدەكرێت بكرێتە كۆنگرەو كۆنفرانس و پێشبڕكێ و ...هتد.

لەكۆتاییدا: تكایە قەیران و شكستی حكومەت مەكەنە بیانوو بۆ ئەنجامنەدانی ئەم پرۆژانە، چونكە ئەم پرۆژانە دەكرێت لەلایەن كەسانی دڵسۆزو خاوەن پارەوە بكرێن بەبێ حكومەت. هەورامانیش پڕە لەخەڵكی دەوڵەمەندو دڵسۆزو نیشتمان پەروەر. هیوادارم هەورامیەكان بتوانن ئەم هەلە بقۆزنەوەو بتوانن وێنەیەكی جوانترو شایستەتر بەهەورامان ببەخشن و بەدەم داواكاریەكەمانەوە بێن. ئەوەش بكەوێتە ئەستۆی ئێمە لەبواری بیرۆكەو كارگێڕی و تەلارسازی و نەخشەسازیەوە خزمەتكار دەبین.