لەبارەی زانكۆ و قوتابخانەكانی (خزمەت)ەوە لە كوردستان

دوای روداوەكانی ووڵاتی توركیا و شكستی هەوڵی كودەتاكەی (15)ی تەمموز، دیارترین باس و خواس و هەواڵە گەرمەكانی دەرهاویشتەی ئەنجامەكان لە میدیاكاندا، بریتی بوو لە نیگەرانی دەسەڵاتی توركیا لە گروپی ناسراو بە (خزمەت) و بەتایبەتی كەسی یەكەمی گروپەكە (فەتحوڵا گوڵەن)، كە لە ئێستادا لە ئەمریكا دەژی، بەوەی لەپشت هەوڵی كودەتاكەوە بووە، بۆیەش لەناوخۆی توركیا زۆرترین پەرچەكردار و ئیجرائات بەرامبەر دامەزراوەكانی ئەو گروپە كرا، ئەمە بۆ ناوخۆی توركیا هەرچۆن بێت و چی لێ بكەوێتەوە پەیوەندی بە باسی ئێمەوە نیە، ئەگەرچی بەندە پێم وایە ئیجرائاتەكان رێچكەیەكی تر دەگرنەبەر و بە شێوەیە تا سەر ناچن..
سەبارەت بەو دامەزراوانە لە هەرێمی كوردستاندا، كە خۆی دەبینێتەوە لە زانكۆیەك و نزیكەی (20) باخچە و قوتابخانەو خوێندنگا كە بە ناوی جیاجیاوە لە هەرچوار پارێزگای سنوری حكومەتی هەرێم لەژێر چەتری (فەزالەر)دا كاردەكەن و، چەندین ساڵە بوونیان هەیەو هەزاران قوتابی تێیاندا دەخوێنن و دەرچوون، جێی ئەوەیە لەو هاوكێشەیەدا بە جیا سەیر بكرێن و نەكرێنە بەشێك لە دەرهاویشتەی كێشەكانی توركیا، ئەگەرچی لە راستیدا وەك سیستەم و پرۆگرام و بەرنامە وایەو جیا ناكرێنەوە، وەك هاوكاتی شێوەی بوونیان لە چەندین ووڵاتی تردا، بەڵام ئەو دامەزراوانە منداڵانی هەرێمیان لەخۆگرتووەو دەبێ لە چوارچێوەی سیاسەت و رێنمایی پەروەردەو فێركردنی حكومەتی هەرێمدا بن، بۆیە هەر جۆرە ئیجرائاتێكی نەرێنی پەرچەكرداری نەخوازراوی لێ ئەكەوێتەوەو زیان گەیاندنە بەو قوتابی و خوێندكارانەی تێیاندا دەخوێنن.
ئەمە یەكەمجار نییە ئەو دڵەڕاوكێ و ترسە روو لەو قوتابیانە ئەكات، بەڵكو لە ساڵانی رابردووشدا لە هەر توندبوونەوەیەكی ئەو ململانێیانەدا لە توركیا ئەم حاڵەتی ترسە لە هەرێمدا دروست دەبوو، بەڵام ئەمجارە توندترە وەك دەبینین راشكاوانە كونسوڵی توركیا لە هەرێم داوای داخستنیانی كردووە، كەواتە ئەمە پێویستی بەوە هەیە بە هەستیارییەوە مامەڵەی بكرێت و نەكرێتە قوربانی ململانێ دەرەكییەكان، بۆیە بە خوێندنەوەی بەندە لەلایەك حكومەت رەنگە نەتوانێ وەك جاران مامەڵەی ئاسایی بكات و لە ئەگەری نەمانی سەرچاوە فیكری و كارگێڕییەكەیاندا لە توركیا، لێرە درێژە بە هەمان ریتم و پرۆگرامی خوێندن بدات لەو خوێندنگایانەدا، لەلایەكی ترەوە پێچەوانەی ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە بڕیاری داخستنی یەكجارییان بدات و چارەنوسی هەزاران قوتابی و خوێندكار بخاتە حاڵەتی نادیار و داروخانی دەرونیەوە..
بۆیە لەو میانەدا ئەگەر ئەو پرسە لە توركیا بە داخستنی ئەو پرۆگرامانە كۆتایی هات و ئەگەری یەكەم بوو كە زیاتر ئەوەیان نزیكە-، پێویستە حكومەتی هەرێم رێز لە خزمەتی چەندین ساڵەی ئەو دامەزراوانە بنێت و، بە سود وەرگرتن لە ستاف و شوێنیان بیانخاتە چوارچێوەیەكی تری پەروەردەیی ئەهلییەوە، بەمەرجێ نزیك بێت لەو خاڵە ئیجابیانەی ئەم قوتابخانەو خوێندنگایانەی پێ ناسراوە، هەروەك لە خاڵە نەرێنییەكان دوریان بخەنەوە تا قوتابیان و خوێندكاران زیان نەكەن و بەرهەمەكانیش وەك دامەزراوەیەكی ئەهلی سەركەوتوو هاوشانی دامەزراوە ئەهلیەكانی تر بەردەوام بێت..
لەو میانەدا خزمەتەكە رۆڵەكانی هەرێم دەگرێتەوەو بەدووریش دەبن لە هەر دەرهاویشتەیەكی سەلبی ململانێكانی ئەو ووڵاتە بۆ ناوخۆی هەرێم، بەتایبەت بۆ پرسێكی گرنگی وەك پەروەردەو فێركردن..
هەرچی تایبەتیشە بە ستافی كارگێڕی و مامۆستاو قوتابیانیشەوە، بە دوو دیوی جیا لەیەك دەبێ بخوێنرێنەوە:
1- ستافی كارگێڕی و مامۆستایانی خوێندنگاكان پێویستە سوود لە وێستگەكە وەربگرن و كاربكەن لەسەر نەهێشتنی لاوازییەكان و دەستگرتن بە خاڵە بەهێزەكانەوەو، لەو ئەگەرە چاوەڕوانكراوەدا نەبنە بەشێك لە كێشەكان و وەك دامەزراوەیەكی پەروەردەیی هەرێمی كوردستان مامەڵە بكەن، نەك پابەندبوون بە سیستەمەكەی رابردوو، چونكە ئەگەر وا نەكەن بەرەو كزی و لاوازی هەنگاو دەنێن..
2- هەرچی قوتابیانی ئەو زانكۆ و خوێندنگانەیە، وێڕای نیگەرانییان لە حاڵەتەكە وا نەزانن دونیا كۆتایی هاتووە، چونكە سەركەوتنیان پەیوەست نەبووەو نییە بەو پرۆگرامەوە، بەڵكو پەیوەستە بە كارگێڕییەكی بەهێز و زیرەكی و هەوڵ و كۆششی خۆیانەوە، بۆیە دەبێت بیریان لای ئەوە بێت كە لە هەر گۆڕانكارییەكدا پابەند بن بە ریتمی خاڵە بەهێزەكانی سەركەوتنیانەوەو لە كۆششی خۆیان دوودڵ نەبن..
ئەوەی سەرەوە تەها خوێندنەوەیەكی سەرپێیی بەندەیە بۆ ئەگەرەكانی بەردەم ئەو ناوەندانەو ئومێدی نەفەوتانی دەرفەتی خوێندن و زیان نەكردنی هیچ قوتابی و خوێندكارێكیان، هەروەها سود وەرگرتن لە دەرفەتەكە بۆ بەخۆداچوونەوەو رێگری كردن لەوەی ململانێ و كێشە سیاسیەكان زیان بە پەروەردەو خوێندن بگەیەنێت..