ئەمەریكیەكان چــۆن سەرۆكـی وڵاتەكەیـان هەڵدەبژێـرن؟

  یەک شەممە, 07 ئاب 2016 14:09

 

لە سێشەممەی هەفتەی یەكەمی نۆفەمبەری ئەمساڵ‌و بەدروستی لە ڕێكەوتی _8ـی نۆفەمبەر/تشرینی دووەمی 2016_ ئەمەریكێكان چل‌و پێنجەمین سەرۆكی وڵاتەكەیان لەنێوان هەریەك لە بەربژێری دیموكراتەكان "هیلاری كلینتۆن"ـو بەربژێری كۆمارییەكان "دۆناڵد ترەمپ" هەڵدەبژێرن.

هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا‌و جێگرەكەی،‌ یەكێكە لە هەڵبژاردنە زۆر گرنگەكان هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەو وڵاتە‌و هەم لەسەر ئاستی جیهانیش بەگشتی، ئەم گرنگیە لەلایەكەوە بۆ قورسای‌و پێگەی ئەمەریكا لەنێو وڵاتانی جیهان‌و گرنگی دەسەڵاتە كردەییەكانی سەرۆك لە ناوخۆی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، بەجۆرێك هەڵبژاردنی هەر یەكێك لەو بەربژێرانە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی لە چوار ساڵی ئایندە ڕەنگدانەوەی بەرچاوی دەبێت لەسەر داڕشتنی سیاسەت‌و ستراتیژیەت‌و ئامرازەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی ناوەوە‌و دەرەوەی ئەو وڵاتە.

دەستووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بڕگەی یەك لە ماددەی دوو باسی لە هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە كردووە، كە شێوازێكی ناڕستەوخۆی وەرگرتووە. واتە هاونیشتیمانیانی ئەمەریكی ڕاستەوخۆ دەنگنادەن بە بەربژێرانی‌ سەرۆكایەتی بەڵكو دەنگدەدەن بە نوێنەرانی‌ دەستەی دیاریكردن‌و هەڵبژاردنی‌ سەرۆك‌، دواتر ئەم نوێنەرانە سەرۆكی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڵدەبژێرن، وە تێكڕای ئەم پرس‌و پرۆسە‌و ڕێگایانە بە "دەستەی هەڵبژاردن/الهیئە أو المجمع الانتخابیە/Electoral College" ناودەبرێت‌و هەر لەلایەن ئەمانیشەوە بەڕێوەدەچێت.

بەگشتی هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت، كەلێرەدا باسیان لێوەدەكەین:

قۆناغی یەكەم: ئەم قۆناغە سەرەتای پرۆسەكەیە‌و بە قۆناغی هەڵبژاردنی حزبی‌و هەڵبژاردنی سەرەتایی دەناسرێت، كەلە سەرەتای مانگی شوبات/فبرایرەوە لە ویلایەتی ئایوا دەستپێدەكات‌و لە 14ـی حوزیران/یونیە لە واشنتۆن دی سی پایتەخت لە ویلایەتی كۆلۆمبیا كۆتایی پێدێت كە تیایدا هەڵبژاردنی بەرایی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی لەنێوان بەربژێرەكانی هەریەك لە پارتی كۆماری‌و دیموكراتی لەهەر پەنجا ویلایەتەكە بەڕێوەدەچێت‌و ئەمەریكێكان لەم قۆناغەدا ئەو بەربژێرە دەستنیشاندەكەن كە وەلا‌‌و‌و ئینتیمایان بۆی هەیە، پاش ئەم پرۆسە پێنچ مانگیە هەڵبژاردنەكان پێدەنێنە قۆناغی دووەمەوە پاش ئەوەی بەربژێری هەردوو پارت زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێن‌و سەردەكەون بەسەر ڕاكابەرەكانی لە هەمان پارتەكەی خۆی، لە ئێستادا ئەم قۆناغە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆتایی پێهاتووە‌و هەریەكە لە بەربژێری دیموكراتەكان "هیلاری كلینتۆن"ـو بەربژێری كۆمارییەكان "دۆناڵد ترەمپ" هەڵبژێردراون‌و سەركەوتوون بەسەر ڕاكابەرەكانیان.

قۆناغی دووەم: دەكرێت ئەم قۆناغە بە قۆناغی كۆنگرەی نیشتیمانی هەر دوو پارتی سەرەكی‌و ڕكابەری یەكدی _پارتی كۆماری‌و دیموكرات_ـی ناوزەندبكەین، ئەم قۆناغ‌و هەنگاوەش پاش ئەوە دێت كە بەربژێری هەر دوو پارت لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەكاندا توانیویانە سەركەوتن لە ویلایەتەكان بەدەست بهێنن‌و بەشی پێویست دەنگ لەو ولایەتانە كۆبكەنەوە بۆئەوەی بەفەرمی لە كۆنگرەی نیشتیمانی پارتەكەیان دەنگی پێویست بەدەستبهێنن‌و ببن بەكاندیدی فەرمی پارتەكەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی وڵاتەكەیان. لێرەدا بەربژێرانی‌ هەر دوو پارتی‌ كۆماری‌و دیموكرات هەوڵی‌ بردنەوەی‌ دەنگی زۆرترین ئەندامانی‌ كۆنگرە دەدەن تاوەكو متمانەی‌ پارتەكانیان بەدەستبهێنن، لە كۆنگرەی‌ دیموكراتەكان بەربژێری‌ براوە پێویستە لە كۆی‌ چوار هەزار‌و سەد‌و سی‌وشەش ئەندامی‌ كۆنگرە، دەنگی دوو هەزار‌و سێسەدوو هەشتا‌وسێ ئەندام بە دەستبهێنێت. وە هەروەها لە كۆنگرەی‌ كۆمارییەكان بەربژێری‌ براوە پێویستە لە كۆی دوو هەزار‌و چوارسەدوو حەفتا‌و دوو ئەندامی‌ كۆنگرە، دەنگی هەزار‌و دووسەد‌و سی‌وحەوت ئەندام بەدەستبهێنێت.

بەهەمان شێوەی قۆناغی یەكەم لە ئێستادا ئەم قۆناغەش لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆتایی پێهاتووە، بە جۆرێك لە ڕێكەوتی 18بـۆ21ـی تەممووز/یونیو كۆنگرەی نەتەوەیی پارتی كۆمارییەكان لە شاری كلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەچوو كە تیایدا دۆناڵد ترەمپ وەك بەربژێری فەرمی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەو پارتەوە دەستنیشان كرا، وە سێ رۆژ پێش كۆنگرەش ئەوبەربژێرە كۆمارییە "مایك پێنس"ـی حاكمی ویلایەتی ئیندیانای وەك كاندید بۆ پۆستی جێگری خۆی دەستنیشان كرد. وە هەروەها كۆنگرەی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری ئەو پارتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ڕۆژانی 25بـۆ28ـی تەممووز/یونیو لە شاری فیلادیلفیای ویلایەتی پێنسیلڤانیا بەڕێوەچوو كە تیایدا هیلاری كلینتۆن بە دەنگی زۆرینەی ئەندامی كۆنگرە بووە بەربژێری فەرمی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، وە سێ ڕۆژ پێش كۆنگرەش ئەو بەربژێرەی دیموكراتەكان سیناتۆر "تیم كاینێ"ـی وەك جێگری خۆی دەستنیشانكرد.


قۆناغی سێیەم: ئەم قۆناغە كەلە ڕووی كاتەوە سێ مانگ دەخایەنێت‌و لە مانگەكانی ئاب/ئۆگەست‌و ئەیلول/سێپتەمبەر‌و تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر بەردەوام دەبێت، بە قۆناغێكی هەستیار‌و گرنگ‌و پڕكێشمەكێش‌و بانگەشەی ڕاستەقینە‌و توندی هەر دوو بەربژێر دادەنرێت، كە تیایدا چەندین دیبەیت‌و مناڤرە پێكەوە پێشكەشی هەوادار‌و لایەنگرەكانیان دەكەن‌و بەرنامە‌و كارنامەی خۆیان لە تەواوی سێكتەرەكان بۆ چوار ساڵی ئایندەی سەرۆكایەتی بۆ هاونیشتیمانیانی ئەمەریكی دەخەنەڕوو، بەگشتی لە ڕێكەوتی 26ـی ئەیلول/سێپتەمبەر یەكەم دیبەیتی ڕاستەوخۆی هەردوو بەربژێر لە زانكۆی ڕایت ستەیت لە ئۆهایۆ بەڕێوە دەچێت، وە هەروەها لە 4‌و 9‌و 19ـی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر سێ دیبەیتی دیكە لە زانكۆكانی لۆنگود لە ویلایەتی ڤێرجینیا‌و زانكۆی واشنتۆن لە ویلایەتی میزوری‌و زانكۆی نیڤادا لە ویلایەتی نیڤادا بەڕێوەدەچێت.


قۆناغی چوارەم: ئەم قۆناغە لە ڕێكەوتی 8ـی نۆفەمبەر/تشرینی دووەم دەستپێدەكات كەبە ڕۆژی دەنگدانی گشتی ناسراوە‌و تیایدا ئەمەریكێكان لە ڕێگەی دەنگدان بە بەربژێری دیموكرات‌و كۆمارییەكان ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێرن كە ژمارەیان 538 كەسە، ئەم ژمارەیەش یەكسانە بە ژمارەی‌ ئەندامانی‌ كۆنگرێس _435ـی ئەنجومەنی‌ نوێنەران‌و 100ـی ئەنجومەنی‌ پیران‌و 3 نوێنەری‌ واشنتۆن دی‌ سی پایتەخت لە ولایەتی كۆڵۆمبیا بە گوێرەی هەمواری ژمارە 23ـی دەستوری ئەمەریكی_. واتە هاوڵاتیان لە هەموو ویلایەتەكانەوە دەنگ بە كەسانێك دەدات كە پێیان دەوترێت ئیلیكترۆس دواتر ئەوانیش دەنگی خۆیان لە بەرژەوەندی یەكێك لە بەربژێرەكانی سەرۆكایەتی یەكلایی دەكەنەوە. ئەم هەڵبژاردنە بەپێی سیستەمی "براوە هەموو دەنگەكان دەبات/الفائز یحصل علی كل شی‌و/Winner Takes All System" بەڕێوە دەچێت، واتە لەهەر ویلایەتێك زۆرینە كام لایەن بیهێنێت ئەوا هەموو دەنگی ئەو ویلایەتە لە بەرژەوەندی بەربژێری ئەو پارتە تەواو دەبێت كە زۆرترین دەنگی لێهێناوە، بۆ نمونە ساڵی ٢٠١٢ لە ویلایەتی تەكساس كە 38 نوێنەر‌و ئیلیكترۆسی بۆ دانراوە، پارتی كۆماری‌و بەربژێرەكەیان زۆرترین دەنگیان هێنا بەوەش تەواوی 38 دەنگەكە لە بەرژەوەندی كۆمارییەكان كۆتایی هات. ژمارەی ئەو نوێنەرانە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەكان دابەش دەكرێت، ئەو ویلایەتەی ژمارەی دانیشتوانی زۆر بێت ژمارەی نوێنەر‌و ئیلیكترۆسیشی زیاترە.


ئەو كەسانەی دەبنە نوێنەر لە دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی ئەندامی باوەڕپێكراو و ناسراوی پارتەكانن، وە بەپێی یاسای هەندێك لە ویلایەتەكان ئەو كەسانە دوای دەرچوونیان دەبێت لە بەرژەوەندی ئەو بەربژێرە دەنگبدەن كە پێشتر بانگەشەیان بۆ كردووە نەك بەربژێرێكی دیكە یان پارتەكان بەڵێننامە بەو نوێنەرانە واژۆ دەكەن كە دوای دەرچوونیان دەنگ لە بەرژەوەندی پارتەكەیان بدەن. وە بە پێچەوانەوە لە هەندێك ویلایەتی دیكە ئەو نوێنەرانە هیچ كۆت‌و بەندێكیان لەسەر نیە‌و دەتوانن لە بەرژەوەندی بەربژێری پارتێكی دیكە دەنگبدەن هەر چەندە ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا.


وە لەماوەی كەمتر لە 12 كاتژمێردا ئەنجامی ئەم قۆناغە ڕادەگەینرێت، وە بەو پێیەی كە ڕێژەی سەدی هەردوو بەربژێرەكان ڕادەگەینرێت ئیدی وادەزانرێت هەڵبژاردن تەواو بووە‌و بەربژێری براوە دیاری كراوە بەڵام لەڕاستیدا وانیەو لەم قۆناغەدا ئەمەریكێكان لە ڕێگەی دەنگدان بە بەربژێری دیموكرات‌و كۆمارییەكان تەنها ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتیان هەڵبژاردووە‌و دواتر ئەوان بە دەنگدانی خۆیان یەكێك لە بەربژێرەكانی سەرۆكایەتی یەكلایی دەكەنەوە. وە دەگونجێت بەربژێرێك لەم قۆناغەدا زۆرینەی دەنگ بهێنێت‌و بەڵام لە قۆناغی دەنگدانی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی دەرنەچێت‌و دەنگی پێویست بەدەستنەهێنێت هەروەك چۆن لە ساڵی 2000 لە نێوان "جۆرج بۆشی كوڕ‌و ێ‌‌ل جور" ڕویدا، بە جۆرێك كە جۆرج بوش لەم قۆناغەدا لە دوای بەربژێری دیموكراتەكانەوەبوو بەڵام لە قۆناغی دواتر‌و دەنگدانی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی توانی 271 دەنگ بەدەستبهێنێت‌و بكەوێتە پێش ڕكابەری دیموكراتەكان‌و ببێت بە سەرۆكی ئەمەریكا.


قۆناغی پێنچەم: پاش ئەوەی لە قۆناغی چوارەمدا هاونیشتیمانیانی ئەمەریكا ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتیان هەڵبژارد لە ڕێگەی دەنگدان بە بەربژێری دیموكرات‌و كۆمارییەكان یان لە ڕێگەی دەنگدان بە ناو و لۆگۆی هەردوو پارتی سەرەكی، ئەوانیش لە دووشەمەی یەكەم هەفتەی دیسمبەر‌و بە دروستی لە ڕێكەوتی 5ـی دیسەمبەر/كانونی یەكەم كۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگرەكەی ئەنجامدەدەن‌و دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی بەربژێرەكانی دیموكرات‌و كۆماریەكان دەدەن، پاشان ئەنجامی دەنگدانەكەیان دەنێرن بۆ سەرۆكی ئەنجومەی پیران، كۆنگرێسیش بۆ ئەم مەبەستە لە 6ـی ینایەر/كانونی دوەمی 2017 كۆبونەوەیەك سازدەكات بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی لە هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگرەكەی. وە هەر بەربژێرێكی سەرۆكایەتی پێویستی بە دەنگی 270 لەو نوێنەرانەی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك _واتە 50+1_ ، هەریەكێك لەو ئەندامانە دوو دەنگیان هەیە یەكێكیان بۆ سەرۆك‌و ئەویتر بۆ جێگرەكەی. وە ئەگەر هیچ یەكێك لە بەربژێرەكان نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن ئەوا ئەم پرۆسەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەنگی نوێنەری ویلایەتەكان كە ژمارەیان 50 كەسە یەكلایی دەكرێتەوە بە پشتبەستن بە هەمواری ژمارە 12 دەستوری ئەمەریكی، وە ئەگەر ئەوانیش نەیانتوانی ئەم پرسە یەكلایی بكەنەوە ئەوا ئەنجومەنی پیران كە ژمارەیان 100 ئەندامە ئەم پرسە یەكلایی دەكاتەوە. وە تا ئێستا دووجار لە مێژووی هەڵبژاردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا ڕوویداوە كە ئەم پرۆسەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران یەكلای ببێتەوە لەو كاتەی دەنگی بەربژێرەكان لە دەنگدانی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی یەكسان بوو، ئەوانیش لە هەڵبژاردنی تۆماس جیفرسۆن لە ساڵی 1801‌و جۆن كوینس لە ساڵی 1825.


قۆناغی شەشەم: پاش ئەوەی بەربژێری سەركەوتووی پۆستی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، ئەو قۆناغ‌و هەوراز‌و نشێوە ماراسۆنیانەی بڕی‌و متمانەی بوون بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای وەرگرت لە ئاهەنگی دانانی سەرۆكی نوێ لە ڕێكەوتی ڕۆژی هەینی 20ـی ینایەر/كانونی دووەمی 2017 سەرۆكی هەڵبژێردراو بەسەرپەرشتی سەرۆكی دادگای باڵا سوێندی دەستووری دەخوات‌و بەفەرمی پۆستی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای وەردەگرێت‌و دەست بەكارەكانی دەكات لە كۆشكی سپی.


لە كۆتایدا ماوەتەوە بڵێم ئەم هەڵبژاردنە گرنگی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوەی ئەو وڵاتە، وە ئەو جۆرە سیستەمەی كە هەڵبژاردنی پێ ئەنجامدەدەن یەكێكە لە هەرە ناوازە‌و ئاڵۆزترین سیستەمەكانی هەڵبژاردن لە جیهاندا لە ڕووی بانگەشە‌و تێچونی دارایی‌و مەرج‌و ڕێكارە یاساییەكان، وە بەشێوازێكی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت‌و لە ساتی دەستپێكردنی تاكو ئاهەنگی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێ زیاتر لە یازدە مانگ دەخایەنێت.

* مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر، لە بەشی زانستە سیاسیەكان/ كۆلێژی یاسا‌و زانستە سیاسیەكان.