كاتێك ئیسلامیەكان وێنایەكی دیكەی سیاسەت پیشان دەدەن

 

زۆر جار ئاڵۆزی‌و جەنجاڵیەكانی دونیای سیاسەت‌و مامەڵەی میكاڤیللیانەی سیاسیەكان، ئەو قەناعەتە زاڵ دەكات كە لەنێو كایەی سیاسەتدا شتێك نیە بە ناوی مۆراڵ‌و ئەخلاق‌و ئەوەی لە كایەی سیاسیدا بیەوێت بمێنێتەوەو گەشە بكات‌و جێپێكانی جێگیر كات، هیچ چارەیەكی دیكەی نیە جگە لە پەنا بردنە بەر گشت ئامرازێكی دروست‌و نادروست‌و بۆ مانەوەی خۆی ناچار دەبێت ملی بەرامبەر و رەنگە دۆستەكانیشی بشكێنێت، نمونە دزێوەكانی ژینگەی سیاسی دەوروبەرمان ئەم راستیە تاڵە دوپات‌و لا تۆخ دەكەنەوە‌و دوكەڵی ئەم بارە نەخوازراوە هەموانی سیخناخ كردوە.
لەم ژینگە ناتەندروست پر لەدرك‌وداڵەدا هەندێك جار لێرەو لەوێ‌ وێنا‌و نمونەی جیاواز لە مامەڵەی (ئەخلاقئامێزانە) لەگەڵ كایەی سیاسەتدا دەبینین‌و دەبیستین‌و ئاهێكمان بە بەردا دێتەوە، لێرەو لەوێ‌ هەندێك لە سیاسیەكان جوانیەك دەبەخشنەوە بەم جەستە شێوێنراوەو قەناعەتێكی دیكەمان بۆ چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم فەزا هەستیارو پر لە ئاڵۆزیەدا بۆ دروست دەكەن، قەناعەتێك سەردێرەكەی دەڵێت: دەكرێت سیاسەت بكرێتە ئامرازێك بۆ هۆشیاركردنەوە نەك سركردن، بۆ خزمەت نەك گیرفان پركردن، بۆ چارەسەر نەك ڤایرۆسێكی كوشندە !
كاتێك سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بە خەندەوە پێشوازی لە بریاری هاوڵاتیان لە جیابونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەكات‌و كورسیەكەی بۆ نەیارەكەی بەجێ دەهێڵێت‌و بە خێزانیی كۆشكی سەرۆك وەزیرانیی لە دیمەنێكی قەشەنگدا بەجێ دەهێڵێت، كاتێك سەرۆك وەزیرانی ئۆرگوای وەك هاوڵاتیەكی ئاسایی ژیانی رۆژانەی خۆی بەسەر دەبات، كاتێك پرۆسەی هەلبژاردن‌و كێبركێی كاندیدەكان دەبێتە كەرنەڤاڵیك بۆ خستنەروی بەرنامە‌و مانەوەی باشترین، كاتێك لە ژاپۆن‌و هەندێك وڵاتی دیكە سەركردەكان دەست لەكار دەكێشنەوەو ئیعتیراف بە شكست دەكەن‌و زیاد لەوەش داوای لێبوردن دەكەن، لەم ساتانەدا مافی خۆمانە كەمێك ئومێدمان بۆ بگەرێتەوە و لەو دەلاقەیەوە خوێندنەوەیەكی جیاواز بۆ سیاسەت و سیاسەتكاریی بكەین.
لە نێو دیمەنەكانی مامەڵەی (ئەخلاقئامێزانە) لە سیاسەتداو لە چەند مانگی پێشودا دوو حیزبی ئیسلامیی كوردستانیی نمونەیەكی جیاوازیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن‌و بەستنی كۆنگرەكانیان لە وادەی خۆیدا پیشانداو بە بەرچاوی میدیاكان‌و رای گشتیەوەو بێ ترس‌و رارایی توانیان كێبركێ لەسەر پۆستی رابەرو ئەمیندار و سەرجەم پۆستەكانی دیكە بكەن.
لەگەڵ هەموو ئەو رەخنەو سەرنجانەی رەنگە وا پیشان بدەن كە دیمەنەكە ئەوەندەش نمونەیی نیەو ئەم ئەزمونەش خەوش‌و خاڵی خۆی هەیە، بەڵام ئەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ سیاسەت و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتدا چەند راستیەك تۆخ دەكەنەوە:
- ئەزمونی حیزبە ئیسلامیەكان لە هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ ئەو سەرنج و رەخنانەی ئاراستەیان دەكرێت، ئەم دیوەشی هەیەو تازە بویە مۆرك‌و سیمای حاڵەتی ئیسلامیی لە هەرێمی كوردستانداو پاراستنی دەبێتە ئەركێكی سەخت‌و بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی.
- ئەم حاڵەتە بەشێكی زۆر لەو گومانانە دەسرێتەوە "كە بەداخەوە هەندێك لە رۆشنبیران و چاودێران ئاراستەی بزاڤە ئیسلامیەكانی دەكەن" بەوەی تەوجیهات‌و رێنماییان لە دەرەوە بۆ دێت‌و كۆنترۆڵی ئاراستەكردنیان لەو دیو سنورەكانەوەیە!
- جگە لەوەی ئەم شێوازی مامەڵە كردنە جۆرێك لە سەغڵەتیی بۆ پارت‌و لایەنە عیلمانیەكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات‌و جێی خۆیەتی جەماوەرو ئەندام‌و لایەنگرانیان ئەم پرسیارە سادەیە ئاراستەی سەركردەو بریاربەدەستەكانیان بكەن: (چۆن دەبێت حیزبێكی ئیسلامیی باوەری بە كۆنگرەی شەفاف‌و كێبركێ لەسەر پۆستی یەكەمی حیزب‌و بونی چەند مونافیسێك هەبێت، كەچی حیزبێكی عیلمانی ونەتەوەیی‌و سۆشیال دیموكرات لە فەرهەنگی مومارەسەی كاری سیاسیدا شتێك نەبێت بە ناوی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی سەركردەی یەكەم‌و بەستنی كۆنگرەكان لە وادەی خۆیداو بەشداری پێكردنی جەماوەر لە بینین‌و موتابەعەكردنی بریارو پرۆسەی هەڵبژاردنی كۆنگرەكانیدا؟!) پرسیارێكی مەنتیقی چاوەرێی وەڵامێكی مەنتیقیە.