خوێندنه‌وه‌ىه‌یه‌كى یاساییانه‌ بۆ لێدوانه‌كه‌ى وته‌بێژى حكومه‌ت

له‌ میانه‌ى لێدوانێكیدا وته‌ بێژى حكومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاندبوو كه‌ هه‌ر مامۆستایه‌ك بۆ ماوه‌ى (30) رۆژ ده‌وام نه‌كات ئه‌وا فه‌سڵ ده‌كرێت، پاشان ناوبراو روونكردنه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ و هه‌ندێك سه‌رنجى دیكه‌ى بۆ لێدوانه‌كه‌ى زیادكرد، لێره‌دا به‌ چه‌ند خاڵێك سه‌رنجى یاسایى خۆم له‌ باره‌یه‌وه‌ ئه‌و لێدوانه‌وه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: ئه‌و مادده‌یه‌ى كه‌ وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى پێداوه‌ یاساى ژماره‌ (1)ى ساڵى 2002ى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردستانه‌ نه‌ك وه‌زاره‌تى دارایى كه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یدا وه‌ك رێنمایى وه‌زاره‌تى ناوبراو ئاماژه‌ى پێكردووه‌ كه‌ تێپه‌رینى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ به‌سه‌ریدا عه‌یه‌به‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ !!
دووه‌م: ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ رێنمایى وه‌زاره‌تى داراییه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ یاسایه‌ و جیاوازى نێوان یاسا و رێنماییش ئاسمان و رێسمانه‌ له‌رووى ده‌سه‌لاتى ده‌ركردنى و و هه‌مواركردنه‌وه‌ و جێبه‌جێكردنى !!
سێهه‌م: ئه‌و یاسایه‌ بۆ حاڵه‌تی ئاساییه‌ نه‌ك بارودۆخێكى ناهه‌موارى وه‌ك ئێستا كه‌ به‌ برواى من ده‌كرێت وه‌ك (الظروف القاهرة) ده‌رهه‌ق به‌ فه‌رمانبه‌ران سه‌یر بكرێت و له‌م كاته‌شدا ناكرێت ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ رێككارى دژ به‌ فه‌رمانبه‌رانى تێدایه‌ جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌و یاسایانه‌ش فه‌رامۆش بكرێت و له‌ كار بخرێت كه‌ مافه‌كانى فه‌رمانبه‌ر دابین ده‌كات.
چواره‌م: له‌ یاساكه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ر (30) رۆژ له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا غائیب بێت به‌بێ مه‌عزه‌ره‌تى به‌جێ، له‌ كاتێكدا ئه‌مرۆ به‌ هۆى سیاسه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ عوزر دراوه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ر كه‌ زیاتر له‌و ماوه‌یه‌ش نه‌یه‌ته‌وه‌ سه‌ر وه‌زیفه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ر ئه‌وه‌نده‌ سته‌مى لێكراوه‌ و مافى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ زه‌وتكراوه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ته‌نانه‌ت كرێى پاسى پێ نه‌بێت برواته‌ سه‌ر وه‌زیفه‌كه‌ى .
پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر به‌ گوێره‌ى ئه‌حكامه‌كانى ئه‌و یاسایه‌ كار بكه‌ین وه‌ك حاڵه‌تى ئاسایى، ئه‌وا به‌ به‌رێز وته‌بێژى حكومه‌ت ده‌ڵێم كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌بێت هه‌رچى فه‌رمانبه‌رى سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ى راپه‌رین و گه‌رمیانه‌ كۆتایى به‌راژه‌كانیان بهێنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ (30) رۆژ ده‌وامیان نه‌كردووه‌!!
شه‌شه‌م: به‌ كارهێنانى وشه‌ى فه‌سڵ له‌لایه‌ن وته‌بێژى حكومه‌ته‌وه‌ به‌كارهێنانێكى هه‌له‌یه‌ و شوێنى عورفێكى هه‌له‌ كه‌وتووه‌، چونكه‌ ته‌نها فه‌سل به‌ گوێره‌ى مادده‌ (8/هه‌شته‌م) ى یاساى به‌رزه‌فتكردن به‌كاردێت و ئه‌و حاله‌ته‌ى كه‌ وته‌بێژى حكومه‌ت ناوى ناوه‌ فه‌سڵ ئه‌وه‌ له‌راستیدا كۆتایى هێنانه‌ به‌راژه‌ نه‌ك فه‌سڵكردن !!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێشنیار ده‌كه‌م بۆ به‌رێزیان واقیعیانه‌ تر و وردبینانه‌ لێدوان بدات، چونكه‌ لێدوانه‌كه‌ى به‌رێزیان هى ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت خاوه‌نى (سلطه‌ و سیادة) بووه‌ نه‌ك له‌م كاته‌دا كه‌ قه‌رزارى تاك به‌ تاكى كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارییه‌