ئیتر تیرۆری ناوخۆ بەسە !!!!


(((قەڵەم ئەو چەكە كاریگەرەیە كەخاوەنەكەی یان بەندیخانەو دەربەدەری وسێدارە چاوەڕێیەتی یان پارەو پلەو پایە، وێنەی كەسی یەكەمیان زۆردانسقەو پڕبایەخن، وە وێنەی كەسی دووەمیان وەك گەڵای دار زۆرو بێ بایەخن.)))


شانازی ئەمڕۆی كورد هاوپەیمانی هاوپەیمانانە لەشەڕی دژی تیرۆر، بەڵام ئێمە هێشتا بۆ یەكلایی كردنەوەی ئاریشە و خواستی حیزبی و تاكەكەسیەكانمان پەنا بۆ تیرۆری تاكەكەسی دەبەین، ئاخر ئەم هاوهەڵوێستیەمان لەگەڵ هاوپەیماناندا بۆ تیرۆرە ناوخۆییەكان هیچ تكایەكمان بۆناكات.


تیرۆری ناوخۆ تاكەی؟ دوێنێ‌ لە كەركوك و هەولێرو سلێمانی و گەرمیان وا ئەمڕۆش لە دهۆك، ئەم جۆرە تیرۆرانە هەرسیناریۆیەكیان بۆ دروستبكرێت پەیامی تیرۆرەكە ڕون و ئاشكرایە، ئەمە پاكتاو و (تصفیە حسابات) ە لە دەرەوەی یاسایە و گەڕانەوەیە بۆ یاسای جەنگەڵ.


وەك وتم پەیامی ئەم جۆرە لە تیرۆر زۆر ڕون و ئاشكرایە تیرۆری ڕۆژنامە نوسێك لە سەر ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك و یەكێكیتر لە سەر نوسینی بابەتێك و سیاسیەك لەسەر دركاندنی چەند ڕاستیەك و یەكێكیتر لەسەر نوسینی چەند تاتۆیەك لەسەر جەستەی خۆی و یان هەواداری بۆ لایەنێكی تر .......هتد، بەكورتیەكەی هەموو ئەو تیرۆرانە تیرۆری حیزبین ، هەركەسێك ئەنجامی دابێت هەر سیناریۆیەكی بۆ دروستبكرێت بەرپرسیاریەتی ئەو تیرۆرە دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی ئیداری و ئەمنی ئەوناچەكەیە.


ئەم كردەوە تیرۆریانە لە ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ وون نابێت، هەروەك دەبینیین ساڵانە ناوی هەرێمی كوردستان لە ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی (هیومان ڕایتس ۆچ) لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤدا دێت.
دەتانەوێت بەو جۆرەتیرۆرە چ پەیامێكمان پێ بدەن، پەیامی تیرۆر هەر تیرۆرە ئیتر لەژێر هەرناو و سیناریۆیەكدا بێت، تكایە تیرۆری ناوخۆ بەسە سیناریۆكان ڕونن ، دەستەكان ئاشكران، تیرۆركراوەكانیش قوربانیین، لەوەزیاتر خۆشتان و مێژوەكەتان و ئەزمون و هەرێمەكەش ناشیرین مەكەن.