تیرۆركردنى وه‌دات حسێن و پیلانى قڕكردن

 

ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان رووبه‌رووى رۆژنامه‌نووسان و قه‌ڵم به‌داستان و ئازادیخوازان ده‌بێته‌وه‌ حاڵه‌تێكى زۆر نه‌خوازراو ئیعلانكردنی جه‌نگه‌ دژ به‌و چینه‌!

چ له‌ رووى كوشتنه‌وه‌ بێت یان له‌ رووى زیندان و توقاندنه‌وه‌ سوكایه‌تى كردن یان هه‌رشێوازێك كه‌ له‌ گه‌ڵ سیاسه‌ت و ئه‌جێنداى ئه‌و هێزه‌ ده‌مامكدارانه‌ده‌ نه‌گونجێت, ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت به‌رته‌سككردنه‌وه‌ و كه‌رامه‌ت بردنى ئازادى رۆژنامه‌نووسیه‌و زه‌نگێكى مه‌ترسى دار و هه‌موو ئه‌گه‌رێك چاوه‌روانكراوه‌ بۆ له‌ ناوبردنى ئه‌و پیشه‌وه‌رانه‌,

زۆر نابێت سۆران عوسمان له‌ كه‌ركوك به‌هۆى نووسینه‌كانیه‌وه‌ شه‌هید كرا , سه‌رده‌شت له‌ پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى قه‌ڵه‌مه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ناوبرا, كاوه‌گه‌رمیانى له‌ پارێزگاى سلیمانى به‌هۆى جورئه‌ت و راست بێژى و نووسینه‌كانیه‌وه‌ تیرۆركارا, ئه‌وه‌ له‌ پارێزگاى دهۆكیش بینیمان رۆژنامه‌نووس وه‌دات حسێن به‌و په‌ڕى دڕندانه‌ و نامرۆڤانه‌ تیرۆرى به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدرا,

قسه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا ئه‌سه‌ف هێزێك هه‌یه‌ بۆ كپكردنى ئازادى و تیرۆركردنى قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستان ئیتر به‌ بێ جیاوازى جوگرافى و له‌یه‌كدانه‌وه‌ى رووشانى سومعه‌ى هه‌رێم و نیشتیمان و حسابكردن بۆ دیموكراتى و ئه‌و ناوه‌ قه‌بانه‌ى كه‌ به‌ هه‌میشه‌یى له‌ سه‌ر زارى ئه‌و كه‌سانه‌دایه‌ كه‌ به‌ ئه‌ندازیار و پلاندارێژه‌رى ئه‌و كرداره‌ بۆگه‌نه‌ داده‌نرێت !

بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسان ئه‌وه‌ بزانن هه‌ر كه‌س له‌ ژێر سایه‌و سێبه‌رى ئه‌وهێزه‌ نه‌ناسراو و ئاماده‌كراوه‌ بۆ قڕكردنى رۆژنامه‌نووسان ده‌ربچێت به‌ دڵنیایه‌وه‌ چاره‌نووسى له‌ سۆران و سه‌رده‌شت و كاوه‌ و وه‌دات باشتر نابێت!

بێده‌نگیش له‌ دیارده‌ى تیرۆركردن كاردانه‌وه‌ى خراپى ده‌بێت بۆ داهاتووى زیندووه‌كان, گه‌ر رێكخراوه‌كانى بوارى مافى مرۆڤ و سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسان و چالاكه‌وانان و ئازادیخوازان بێده‌نگ نه‌بووانیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر رووحى ئه‌وانى پێشوو ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌مه‌ى ئێستا رووى داوه‌ دووباره‌ نه‌ده‌بووه‌,

به‌داخه‌وه‌ رۆژنامه‌نووسان ئێستا له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگ سه‌رقاڵى جوانكردن و نیشاندانى گه‌وره‌یى پێشمه‌رگه‌ و گواستنه‌وه‌ى قاره‌مانێتیه‌كانیانن به‌ڵام شانه‌ نووستووه‌كانى تیرۆرى خۆماڵى وه‌دات حسێن له‌ پارێزگاى دهۆك به‌و جۆره‌ شه‌هید ده‌كه‌ن و بۆ دواجار خامه‌ و هیواكانى له‌ گڵ ده‌نێن ,

من پێم وایه‌ ئه‌م دیارده‌ بۆگه‌نه‌ به‌ ئیدان و چه‌ند وشه‌یه‌ك و بێده‌نگى هه‌مووان كۆتایى نایات ده‌بێت هه‌مووان شه‌قام له‌و هێزه‌ ده‌مامكدارانه‌ بگرین و ئه‌و فكر و عه‌قڵه‌ توندڕه‌و و نامۆ به‌ ئازادى و دیموكراتى وه‌ده‌رنێن ئیتر كوژراوه‌كه‌ هه‌ر كه‌سبێت داخ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤێك له‌ ناوچووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ى شایه‌نى مردن بێت, بۆیه‌ گه‌ر رێ به‌م چه‌تانه‌ نه‌گیرێت ئه‌وه‌ دڵنیابین هه‌موو كاتێك چانسى ئه‌وامان ده‌بێت كه‌ هاوپیشه‌كانمان به‌وده‌رده‌ بڕوت ......