ئایا جێگرى پارێزگار ده‌توانێت پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پارێزگار جێگه‌ى بگرێته‌وه‌ به‌ وه‌كاله‌ت؟

به‌ پێى ئه‌حكامى مادده‌ى (بیسته‌م/1) له‌ یاساى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ 3ى ساڵى 2009، له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌نه‌بوونى پارێزگاردا، یه‌كێك له‌ جێگره‌كانى ماوه‌ى ئاماده‌نه‌بوونى پارێزگار پڕده‌كاته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى ئه‌ركه‌كانى پارێزگار ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى كه‌ پارێزگا له‌ سه‌فه‌رێكدا ده‌بێت یان به‌ هۆى نه‌خۆشى یان هه‌ر هۆیه‌كى دیكه‌ ناتوانێت موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى بكات بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى، هه‌رچه‌ند ئه‌م مادده‌ و بڕگه‌یه‌ ماوه‌كه‌ى دیارى نه‌كردووه‌ ، به‌ڵام به‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ بڕگه‌ى دووه‌مى هه‌مان مادده‌ (ضمنیاً) ده‌توانین سه‌قفى ماوه‌كه‌ به‌(3) مانگ ده‌ستنیشان بكه‌ین، كه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ش تایبه‌ت كراوه‌ به‌و حاڵه‌ته‌ى گه‌رهاتوو پارێزگار بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ (3) مانگ نه‌یتوانى موماره‌سه‌ى ده‌سه‌لاته‌كانى خۆى بكات به‌ هۆكارى ته‌ندروستى،ئه‌وا خانه‌نشین ده‌كرێت و پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا هه‌ستێ به‌ هه‌ڵبژاردنى پارێزگارێكى نوێ به‌و شێوه‌یه‌ى له‌ یاساكه‌دا هاتووه‌ تا شوێنى پارێزگار بگرێته‌وه‌ ، كه‌ واته‌ ئه‌م بڕگه‌یه‌ به‌ ناراسته‌وخۆ (ضمنى) پێمان ده‌ڵێت گه‌ربێتوو جێگرى پارێزگار بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ زیاتر نه‌توانێت موماره‌سه‌ى ده‌سه‌لاته‌كانى پارێزگار بكات كه‌ هۆكاره‌كه‌ى بۆ ته‌ندروستى پارێزگار ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئه‌وا بێگومان بۆ حاڵه‌ته‌كانى دیكه‌ش ده‌بێت موراعاتى هه‌مان ماوه‌ بكرێت و نابێت ته‌جاوزى بكرێت ..
چه‌ند سه‌رنجێك له‌م باره‌یه‌وه‌:
یه‌كه‌م: به‌ گوێره‌ى یاساى پارێزگاكانى هه‌رێم به‌رێوه‌بردنى پۆستى پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت له‌رووى یاساییه‌وه‌ دروست نیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ یاساكه‌دا به‌روونى شێوازى پڕكردنه‌وه‌ى شوێنى پارێزگارى ده‌ستنیشان كردووه‌ كه‌ به‌ شێوازى(الحلول)ده‌بێت، چونكه‌ له‌ شێوازى (الحلول) دا یاساكه‌ به‌ ده‌ق ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ جێگه‌ى پارێزگار ده‌كرێته‌وه‌ له‌ كاتى ئاماده‌نه‌بوونیدا ، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ روونى له‌ مادده‌ى (بیسته‌م/1) هاتووه‌، به‌ڵام وه‌كاله‌ت بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كه‌ یاساكه‌ بێده‌نگى نواندبێت له‌ شێوازى پڕكردنه‌وه‌ى شوێنى ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ بڕیاره‌ پۆسته‌كه‌ى به‌ وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌ ببرێت، واته‌ بۆ ئه‌و حاله‌تانه‌یه‌ كه‌ له‌ یاساكه‌دا به‌ ده‌ق شێوازه‌كه‌ و به‌دیله‌كه‌ى ده‌ستنیشان نه‌كرابێت و له‌م كاته‌شدا به‌ بڕیارێكى لایه‌نى باڵا (ئیتر ئایا وه‌زاره‌تى ناوخۆ بێت یان ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران) كه‌سه‌كه‌ به‌وه‌كاله‌ت ده‌كرێت به‌ پارێزگار كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش پێى ده‌گوترێت (الإنابه‌).
دووه‌م : له‌ شێوازى (الحلول)دا كه‌سه‌كه‌ به‌ حوكمى یاساكه‌ جێگه‌ى پارێزگار ده‌گرێته‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویستى به‌بڕیارى لایه‌نى سه‌رووى خۆى نیه‌، خۆ ئه‌گه‌ر بڕیاریشى بۆ ده‌ربچێت وه‌ك بریارێكى (كاشف) مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ وه‌كاله‌ته‌دا به‌ هۆى نه‌بوونى ده‌ق ئه‌وا پێویست ده‌كات به‌ فه‌رمانێكى لایه‌نى باڵا كه‌سه‌كه‌ ده‌ستبه‌كار ببێت.
سێهه‌م: له‌ یاساكه‌دا باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌ر پارێزگار ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش گرفتێكى دیكه‌یه‌ كه‌ له‌ یاساكه‌دا چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌ و بۆ حاڵه‌تى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پارێزگار گرفت دروست ده‌كات به‌ تایبه‌ت بۆ هه‌لومه‌رجێكى وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ سلێمانى رووده‌دات.