نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی و جێگرەكەی

به‌رێزان له‌به‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ ئابورییه‌ سه‌خته‌ی به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌ و تا ئێستاش هاولاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ هۆكاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ی نازانن، كه‌ ئه‌وه‌ به‌جێ ده‌هێڵم بۆ ویژدانی خۆتان و بڕیاری مێژوو له‌و باره‌یه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت لێره‌دا تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر ماكی (مضاعفات) یه‌كێكه‌ له‌ بریاره‌كانی جه‌نابتان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پاشكه‌وتكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

به‌رێزان :
ئه‌و بڕیاره‌ی به‌رێزتان سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی قانونی نیه‌ و له‌ رووی قه‌زای كارگێڕیشه‌وه‌ بریارێكی نایاساییه‌ و یارای پوچه‌ڵكردنه‌وه‌یه‌ له‌به‌رده‌م قه‌زای ئیداریدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌مانه‌، جه‌نابتان تا ئێستاش مكورن له‌سه‌ر جێبه‌جێكرانی، بێ هیچ حسابكردنێك بۆ حاڵه‌تی نایاسایی بڕیاره‌كه‌ له‌ زه‌مه‌نی ئێستا و هه‌روه‌ها ئه‌و ماكه‌ خراپانه‌ی كه‌ دواتر به‌سه‌ر ته‌واوی داموده‌زگامیرییه‌كاندا ده‌شكێته‌وه‌ له‌ داهاتوودا.
بێگومان ئه‌و بڕیاره‌ و خشته‌ی هاوپێچی بڕی پاشه‌كه‌وته‌كه‌، هه‌روه‌ك له‌رووی یاساییه‌وه‌ نادروست و نایاسایی بوو، له‌ هه‌مانكاتدا له‌ روی دارشتنی خشته‌كه‌شه‌وه‌ زۆر له‌وه‌ خراپتر بوو، چونكه‌ دیاره‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ دانراوه‌ كه‌ حسابی وردیان بۆ ئه‌و كێشه‌ وگرفتانه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ كاتی په‌یڕه‌وكردنیدا ده‌كه‌وێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش راسته‌ ره‌نگه‌ به‌ هۆی ده‌سه‌لات و هێزی حكومه‌ته‌وه‌ بسه‌پێنرێت به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا و ویست و ئیراده‌یانی تیا زه‌وت بكرێت، به‌ڵام دواتر هه‌زاران كێشه‌ و مونازه‌عاتی قانونی بۆ حكومه‌ت دروستده‌كات كه‌ ره‌نگه‌ تێپه‌راندنی ئه‌و كێشه‌و مونازه‌عاته‌ قانونیانه‌ له‌ تێپه‌رانی خودی قه‌یرانه‌كه‌ سه‌خت تربێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ لێره‌دا چه‌ند سه‌رنجێك ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ستی به‌رێزتان:
1- له‌ دانانی ئه‌و خشته‌یه‌دا ره‌چاوی هیچ جۆره‌ پێوه‌رێكی ته‌مه‌نی وه‌زیفی و بڕوانامه‌ و هاوسه‌رگیری و پایه‌ و پۆستی وه‌زیفی و ... نه‌كراوه‌ و به‌ شێوه‌ی گۆتره‌ و هه‌ره‌مه‌كی خشته‌كه‌ دانراوه‌، كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش نامۆیه‌ به‌ سیستمی دروست و ساغله‌می ئیداری و ژمێریاری و وردبینی دروست و یاسایی.
2- ئه‌و خشته‌یه‌ و بڕیاره‌كه‌ی جه‌نابتان راسته‌ ده‌ربازكردن و ده‌رهێنانی حكومه‌ته‌ له‌ژێر باری دابینكردنی موچه‌یه‌كی زه‌به‌لاح و قورس بۆ پێدانی مووچه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا گیرۆده‌كردنی حكومه‌ته‌ به‌ تۆڕی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و گرفتی ژمێریاری و قانونی و كارگێڕیی كه‌ تێپه‌راندنیان به‌و عه‌قڵ و شاره‌زاییه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌رێوه‌ ده‌بات كارێكی ئه‌سته‌م و مه‌حاڵه‌ و ره‌نگه‌ ده‌یان ساڵ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی درێژه‌ بكێشێت.
3- ئه‌و راوێژكارانه‌ی كه‌ پێشنیاری ئه‌و بڕیار و خشته‌یان داوه‌ته‌ به‌رێزتان، ته‌نها له‌ ساتی ده‌موده‌ستی قه‌یرانه‌كه‌ و رازی كردنی دڵی ئێوه‌ و پاراستنی كورسی و ئیمتیازه‌كانی خۆیدا بیریان كردۆته‌وه‌ و هیچ باكیان به‌و ده‌ره‌نجامه‌ نایاسایی و نا ئاسایی و سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ بریاره‌كه‌ و خشته‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع ده‌یخاته‌وه‌ .كه‌ ده‌كرا له‌بری ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ نه‌گونجاو نایاساییه‌ كه‌ پێشنیاریان كردووه‌ بۆ جه‌نابتان، له‌ نێو چوارچێوه‌ی (ده‌سه‌لاتی ته‌قدیری) به‌رێزتاندا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مووچه‌ پێشنیار و ته‌رحه‌كانیان پێشكه‌ش بكردایه‌.
4- به‌ گوێره‌ی ئه‌و فه‌رمان و خشته‌یه‌ی ئێوه‌ بێت ، گه‌رانه‌وه‌ی مافی فه‌رمانبه‌ران له‌رووی عه‌مه‌لیه‌وه‌ كارێكی مه‌حاڵ ده‌بێت ، هه‌روه‌ك بێده‌نگی و هه‌نگاونه‌نانیش له‌لایه‌ن به‌رێزتانه‌وه‌ بۆ موعاله‌جه‌كردنی ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ و حسابنه‌كردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئالۆزییه‌كانی جێبه‌جێكردنی بریاره‌كه‌ و خشته‌كه‌ی به‌رێزتان ، به‌ زمانی حاڵ پێمان ده‌ڵێت كه‌ بابه‌تی گه‌رانه‌وه‌ی مافی فه‌رمانبه‌ر و دانه‌وه‌ی بری پاشه‌كه‌وتی فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌ر له‌ بیرو زیهنی ئێوه‌شدا هه‌بێت، ئه‌وا به‌ تێپه‌رینی زه‌مه‌ن و سوربونتان له‌سه‌ر په‌یره‌وكردنی ئه‌و سیستمه‌ دواجار ده‌بێته‌ كارێكی مه‌حاڵ و خه‌ونئامێز.
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا و له‌ روانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ دڵسۆزی و خه‌مخۆری بۆ فه‌رمانبه‌ران و ئه‌و ده‌ره‌نجام و سلبیاتانه‌ی رۆژانه‌ دێته‌ به‌رده‌ستمان له‌به‌ره‌نجامی جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیستمه‌ پڕ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورته‌ و هه‌روه‌ها له‌و روانگه‌یه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستانه‌ كۆتایی به‌م باره‌ ناهه‌مواره‌ بهێنن و متمانه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خۆتان ، داواكارم كۆتایی به‌م سیستمه‌ بهێنن و لانی كه‌م ئه‌گه‌ر به‌ دوو مانگ جارێكیش موچه‌ی راسته‌قینه‌ی جارانی فه‌رمانبه‌ران دابین بكه‌ن بێ بڕینی پاشه‌كه‌وت، لانی كه‌م له‌م حاله‌ته‌دا فه‌رمانبه‌ر و حكومه‌تیش حساب و كیتابیان روون و دیار ده‌بێت و زۆر له‌وه‌ باشتره‌ به‌ ناوی پاشه‌كه‌وته‌وه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران به‌ تایبه‌ت و هه‌یبه‌تی یاسا و رێنماییه‌كان بهێنن، ئه‌گه‌ر خه‌مێكی راسته‌قینه‌ و هیمه‌تێك هه‌یه‌ بۆ پاراستنی سومعه‌ و هه‌یبه‌تی حكومه‌ت و داموده‌زگا حكومییه‌كان.
له‌گه‌ڵ رێزی بێ پایانم..
مافپه‌روه‌ر :عه‌بدولقادر صالح
28/8/2016