"هەموو کوردێکى پاک، چاک، دیندار، دڵسۆز و ئەدەب دۆست، ئەگەر بە دڵ و بە گیان خۆى بە منەتبار و قەرزدارى مامۆستاى هێژا و زاناى کورد مەلا عەبدولکەریمى مودەڕیس نەزانێ، ناهەقی دەکا"، ئەمە بە قسەى مامۆستا هێمنى موکریانى.
مامۆستا ناوى عەبدولکەریمە، کوڕی سۆفی محەمەدى کوڕی فەتاحە. ساڵى 1903ى زاینى لە گوندى (تەکیە)ى سەر بە خورماڵ، لە بنەماڵەیەکى لە ڕووى ساماندارییەوە نەدار و لە ڕووى دیندارییشەوە دارا، هاتووەتە دونیاوە.
دایکى هەر بە منداڵیی بە (حاجى مەلا عەبدولکەریم) بانگی کردووە، باوکیشی لە تەمەنى پێنج ساڵییەوە لاى مامۆستا (عەبدولواحیدى هەجیجى)ى مەلاى ئاواییەکەیان خستوویەتییە بەر خوێندن. دواى ئەوەى باوکى کۆچی دواییی کردووە، دایک و مامەکانى دەستگرۆییان کردووە بۆ ئەوەى درێژە بە خوێندنەکەى بدات. سیانزە حوجرە و مەدرەسەى کردووە، تا ئەوەى ساڵى 1924 لەسەر دەستى شێخ عومەرى قەرەداغى ئیجازەى عیلمیی وەرگرتووە.
ئیتر کەوتووەتە دەرس دانەوە، کە ئەوەندە هۆگرى بووە ناوى لەخۆى ناوە (مودەریس). ئەم مودەریسییەى تا کۆتاییى تەمەنیشی درێژەى هەبوو، بە جۆرێک لە نوێژى بەیانییەوە تا نوێژى شێوان خەریکى بوو. ئینجا لە وانە وتنەوەدا ئەوەندەش خاکى بوو، تەنانەت کە تەمەنى سەت ساڵیشی تێپەڕاندبوو و گەورەى زانایانى ئاینی عێراقیش بوو، جارى وا هەبوو دادەنیشت سوورەتە کورتەکانى جوزئى عەممەى بە منداڵان دەوتەوە!
یەکێکى تر لە خولیاکانى مامۆستا نووسین بوو. لەم ڕووەشەوە هەموو نووسەرە کوردەکانى تێپەڕاندووە. ئەوەتا لە کتێبى (دوو سەد ساڵەى کتێبی کوردی)ى مامۆستا مستەفا نەریماندا کە ژمارەى لاپەڕەى بەرهەمەکانى نووسەرانى کوردى تێدا ئەژمار کراوە، مامۆستا عەبدولکەریم بە دوانزە هەزار لاپەڕە بە پلەى یەکەم هاتووە، کەسی دووەم مامۆستا عەلائەددینى سەجادی بووە، کە خاوەنى شەش هەزار لاپەڕە بووە، کە دەکاتە نیوەى ئەوەى مامۆستاى مودەڕیس. ئەگەرچى ئەم داتایە هى زیاد لە بیست ساڵ لەمەو پێشە، بەڵام لەبەرئەوەى مامۆستا لەو ساڵە بەدواوەش گەلێک بەرهەمى دیکەى بەچاپ گەیاندووە و ئێستاش هەندێک بەرهەمى بە دەستنووسی ماونەتەوە، دوور نییە ئێستاش هەر بە پپێشەنگى مابێتەوە.
مامۆستا هێمن دەنووسێت: "جارێکیان دەگەڵ چەند مامۆستاى گەورە و ماقووڵ لە بارەگاى حەزرەتى (غەوس) لە حوجرە تەنگ و چۆڵەکەیدا لە خزمەتى مامۆستا دانیشتبووین، من ئەو بیرەم بە مێشکدا دەهات ئەگەر هەموو نووسینە بەنرخەکانى ئەم مامۆستا کورتەباڵا، ڕەزا سووکە، خوێن شیرین و قسە خۆشە بێنى و لە تایەکى تەرازووى باوێی و جەستەى لاوازى خۆیشی لە تایەکەى دیکە بخەى، ئایا سەرى وەمیچی حوجرەکەى ناکەوێ؟!"
مامۆستا لە کاتى نووسیندا خزمەتى دین و نەتەوەکەى لەبیر نەکردبوو، وەک چۆن ڕاڤەى قورئانى دەنووسی، ئاواش خەریکى کۆکردنەوە و لەسەر نووسینى دیوانى شاعیرانى کلاسیکى کورد بوو. ئەو هەوڵە جددییانەى خۆى و کوڕەکانى نەبووایە بۆ لێکدانەوەى شیعرى شاعیرانى وەک نالی و مەحوى و مەولەوى، زەحمەت بوو خەڵکى ئەم سەردەمە بیانتوانیبا لە شیعرەکانیان بگەن، چونکە تێگەیشتن لە شیعرى ئەوان پێویستیى بە شارەزاییی باش لە زمانەکانى کوردى و عەرەبی و فارسی و زانستى کەلام و زانستەکانى دیکەى ئیسلام هەیە، کە کۆبوونەوەى ئەو هەموو زانینە لە خەڵکى ئەم سەردەمەدا نزیک لە مەحاڵە.
لە گرینگترین شاکارەکانى مامۆستا، ڕاڤە کردنى سەرلەبەرى قورئانى پیرۆزە بە زمانى کوردى بەناوى (تەفسیرى نامى) و بە عەرەبییش بە ناوى (مواهب الرحمن فی تفسیر القران)، کە ڕەنگە لەم ڕووەوە نەک هەر لە ئێستادا بەڵکو لە مێژووى ئیسلامیشدا هاووێنەیەکى نەبێت.
مامۆستا شەوى 29/30ى ئابی 2005 گەڕایەوە بەر دلۆڤانیی ئەو خودایەى تەمەنێکى لە خزمەت کردن بە پەیامەکەى بەسەر برد و لە ئارامگاى شێخى گەیلانى لە بەغدا بەخاک سپێررا.