هەرێمی كوردستان دوای تەواو بونی داعش لە عێراق

هەموو ویستگەیەكی سیاسی مەرج نیە درێژە پێ دەری پێش ویستگەكە بێت ، زۆر جار ڕێك پێچەوانەی پێش ویستگەكە دەبێت بە پلەی سەد و هەشتا . ئەم بارو دۆخە زۆر ئاڵوزە هەق وابوو كوردی زیاتر بە ئاگا بهێنایە و سەریان بكردایە بە یەكدا و بە یەك بینش و روئیا مامەڵەیان لەگەڵ رووداوو پێشهاتەكاندا بكردایە ، نەك هەر یەكەیان بە جیا سەر بەم كون و ئەو كوندا دەكەن كە وانازانم هیچی لێ سەوز ببێت . ئەو پرسیارە جەوهەریەی كە حزوری هەیە لە لای هەموو تاكێكی كورد و ڕو بەڕومان ئەبێتەوە ئەوەیە كە ئایا كورد لە دوای تەواو بونی مەلەفی داعش لە عیراق و ناوچەكە واقعی حاڵی بۆ كوێ ئەچێت ؟ ئایا وەك جەنگاوەر مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت و خانە نشینمان دەكەن بە بێ موچە ؟ یان پاداشت ئەكرێین و یارمەتیمان ئەدەن بەرەو هەنگاوێكی تر بڕۆین و ملی ڕێگای بونە دەوڵەت دەگرین ؟ یان ئەمان كەنەوە كۆشی عیراق و ئەبێت جارێكی تر خۆمان بگونجێنین و ئەگەر جاران یەك بە دوو نەمان ئەفرۆشت بە ناچاری بە نیوەش ڕازیمان بكەن ؟ ئەمانەو دەیەها پرسیاری تر كە پێویستی بە وەڵام هەیە .

چ سینارێویە لە دوای داعش خزمەت بە كورد ئەكات ؟ ئاشتەوایی لە گەڵ عیراق و مانەوە لە چوار چێوەی ئەم وڵاتە و داكۆكی كردن لە مافەكانمان بە یەك دەنگی و یەك ڕیزیی لە چوار چێوەی دەستوری عیراقیدا ؟ یان خەونی ئەرخەوانی واشنتون و بەرلین و ئەو شوێنانەی كە تا ئێستاش لە رۆژهەڵاتی ناوەراست توانای جوڵانی داشەكانی شەترەنجیان هەیە ؟ تا ئەم ساتە وەختەش كەس بە ئەندازەی كورد خەیاڵ ڕەحەت نیە وەك ئەوەی دونیا ماسی مەیو بێت و لێی دانیشتوین رەجەب ئاسا كەسێك دەولەتی كوردی بخاتە نێو دەممانەوە ؟ كورد چی هەیە پێوەی بنازێ ؟ ئابوری بەهێز ؟ ژێرخانی بەهێزی دەوڵەت داری ؟ یەك ڕیزی و تۆكمەیی ؟ نیوەی لە ئەنقرە خەوی سوڵتانی ئەبینێ نیوەكەی تر لە پاركی لالە خەریكی پیاسە كردنە ؟ ئەوەشی لەم نێوەندەدایە یا سەری خۆی هەڵگرتوە یان ئاڵاوە بە دەیان گرفتا و بەرچاوی ڕەش بوە ؟ ئەم جۆرە لە بیر كردنەوە رەش بینی نیە بەڵكو ئەوە واقعە و راستیە ، تازە بە تازە هەڕەشە لە ماندوترین چینی ئەم كۆمەڵگایە ئەكرێت و سزای برسی بونی بۆ دەردەكرێت ، كە ناتوانن ئیدارەی وڵات بەرن بەڕێوە بیدەنە دەست خەڵكێ لە ئێوە نەزانتر ، بەس نیە كولێرەی ڕۆژانەكەی بۆ دابین دەكات .
مێژوو پێمان ئەڵێ بە بەردەوامیی شێرپەنجەی ئەم میللەتە سەركردەكانی بوون و تا ئێستاش ئەم دەردەمان نەپەڕاندوە ، ئەو گەلانەی كە خوا پێداون و خوای گەورە بە سەركردەی خەیاڵ پڵاو تاقی نەكردونەتەوە بچوكترین حاڵەت ڕوی تێ بكات یەكسەر ژورێك بە ناوی ( غرفە عملیات ) دادەنێ و دەیان گریمانە دەنوسێتەوە و بۆ هەر گریمانەیەك چەند هەڵبژاردەیەك دیاری دەكات ، ئەگەر بڕیار وابێت دوێنێ دوشەممە بەرواری 29/8/2016 سەرۆكی وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەنابی نێچیرڤان بارزانی كە سەردانی حكومەتی عیراقی كرد بۆ چاك كردنەوەی مەلەفی نەوت یان هەر شتێكی تر هاتبێت ( ئومێد ئەكەم بۆ شتانی گەورە هاتبن نەك شتی لاوەكی ) خۆ بە تەكید پێ گیراوە و لە كەڵكەڵەوە هاتوەتە خوارەوە بۆیە هاتوە و ئەبێت لە( دان و ستاندنەكەدا ) ئەم زیاتر بدات ، (هەر ئەوەندە و كەمێك زیاتر لە كوردستان خۆی و حیزبەكەی نەرمی بنوێنن بۆ نێو ماڵی كورد هەر هیچ نەبێ زۆرێك لە گرفتەكانی كوردستان چارە سەر ئەبن )، لە ناوچەكەدا ئەگەر جارێكی تر شتەكان ریز بكرێنەوە خۆ دەسكاری دەوڵەتان ناكرێن ، هەر ئەوانەی چوار چێوەیەكی یاسایی نێو دەوڵەتییان نیە بە ئاسانی گوڕانكارییان بە سەردا دێت كە مەلەفی كورد یە كێكە لەو مەلەفانەی وەك دارێكی وشك وایە و ڕەگی دانەكوتاوە و بەرگەی ڕەشەبای بەرژەوەندیەكانی دەوڵەتان ناگرێت ، سەركردەكان ئەگەر بڕیار وابێ هەبن ئەبێ زیاتر و قوڵتر مێژوو بخوێننەوە كە چی كراوە بەم میللەتە قوڕ بە سەرە لە ڕێگەی سەركردەكانیەوە لە لایەن زلهێزان و خاوەن بەرژەوەندیە باڵاكانەوە . لێرەدا چەند پێشنیارێكی عەمەلی دەخەمە بەر چاوی خاوەن بڕیا ربە تایبەتی و و شەقامی كوردی بە گشتی بۆ یارمەتی دانمان بۆ ڕو بەڕو بونەوەی ئەم بارو دۆخە ئاڵۆزە :
1- هەر بەزوویی بە بێ هیچ مەرجێ پەڕلەمان بكەوێتەوە كار ، و وەزیرەكانی گۆڕان بگەڕێنەوە شوێن خۆیان و داوای لێ بوردنیان لێ بكرێت .
2- مەلەفی ناوخۆیی وەك سەرۆكایەتی هەرێم سیستمی حوكم ڕانی لە كوردستان دوا بخرێت بۆ كاتێكی ترتا ئەم قۆناغە پڕ لە ئاڵۆزیە تێ ئەپەڕێنین .
3- ئاشتەواییەكی سەرتاسەری ڕابگەیەنرێ و ناكۆكیەكان هەر هیچ نەبێ سڕ بكرێن
4- لایەنە سیاسیەكانی ناو پەڕلەمان ژورێكی عەمەلیات دروست بكەن بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ پێشهاتەكاندا .
5- هەڵبژاردەكانی بەردەم هەرێم دیاری بكەن ، دەزگا پەیوەندی دارەكان بەخیلی نەكەن لە پێدانی زانیاری بەم ژوری عەملیاتە ، چونكە هەڵبژاردە لە سەر بنەمای تەحلیل و تەحلیل كاری ناچێت بەڕێوە .