ئیسلامییەکان لەنێوان یەکگرتن و کاری ھاوبەشدا

 سێ بنەمای سەرەکی ھەن کە تا ئاستێک چوارچێوەیەکی فکری بۆ بیرۆکە یان چەمکی فرەیی لە ناو بازنەی ئیسلامیدا دادەڕیژن، ئەو بنچینانە لەو مەیدانەدا بەدیدی ئێمە نەگۆڕن، واتە بە پێچەوانەی ئەو دیدەی کە لەلایەن ھەندێک ڕەوتی ئیسلامییەوە پروپاگەندەی بۆ دەکرێت لە ژێر ناوی یەک بەڵگەی شەرعی و یەک تێگەیشتن و حەق و ڕاستییەکان ھەر یەکپارچەن و بەرگەی فرەیی ناگرێت.

  یەکەم :- یەکێک لە بنەماکانی موسوڵمانبون، بریتییە لە یەکپارچەیی و برایەتی و بەھانای یەکترەوە چون، ئایەتەکانی قورئان ئەم چەمکەیان لە تێگەیشتن و پەرەوەردەدا بە رونی داڕشتوە، وەک [ إن الله حب اللذين يقاتلون في سبيله صفا كانهم بنيان مرصوص]،[ واعتصموا بحبل الله جميعا]..کارکردن بۆ بەرەولای خوا ڕۆشتن و ڕو لەخودا کردن، خوای گەورە وای پێخۆشە کە کاراکتەرەکان یەک ڕیزبن، لەکاتی جوڵاندا خوار و خێچ و لارو وێر نەبن، بەڵکو تێکڕایان دەست بگرن بە بەرنامەکەی خواوە بۆ ئەوەی بە یەکپارچەیی بمێننەوە و شپرز نەبن..

 دووەم:- لەھەمان ئاستی بەھێزیی زانستیی و پەروەردەییدا، خوا عەقڵەکانی بەیەک جۆر و لەیەک ئاستدا ئەندازەگیری نەکردووە، بۆیە جیاوازی لە تێگەیشتندا، کە دەبێتە مایەی فرەیی لە دیدەکاندا، یەکێکە لە بنەماکانی تێگەیشتن لە ئیسلام، لە قورئانیشدا خوای گەورە فەرمویەتی کە [ ولايزالون مختلفين الا من رحم ربك]، ھەر لەو چوارچێوەیشدا، فرەیی لە ڕا و ڕاڤەکردندا، بووە بە یەک بنەمای چەسپاوی فکری ئیسلامی لە کۆن و نوێدا، زانایان بە جیاوازی جۆریی ( تنوع) ناویان ناوە، ھەر لەو بازنەیەشدا ئەو ھەمووە ڕا جیاوازانە لە مێژووی ئیسلامیدا جێگەی بۆتەوە..

  سێیەم:- لە پێناو پاراستنی یەک جەستەیی کۆمەڵگادا و لەھەمان کاتدا قبوڵکردنی ڕای جیاواز، لە قورئاندا نەھی لە (تنازع) و چنگە پرچەی نێوان موسوڵمانان کراوە، [ ولا تنازعوا فتفشلوا وتذهب ريحكم]، چونکە ئەو دەست لە ئێخەی یەکتر توندکردنە، دەبێتە ھۆی شکستخواردن و بنەمای برایەتی و فرەیی ھەڵدەوەشێنێتەوە، لەبەرەئەوە ڕقەبەرایەتی نێوان موسوڵمانان لەسەر بیروبۆچونی جیاواز حەرامە ..
بە وردتر بڵێن، نابێت فرەیی ( فیقھی- فکری- سیاسی) ببێتە ڕێگای دەمارگیری و دژ بەیەککتر وەستان، نەھیکردن لە ئیسلامدا لە فرەیی نییە، بەڵکو لە دەمارگیری و قبوڵنەکردنی ڕای جیاوازە، کارەکان بە حزبی بکرێن، بەرژەوەندی حزب بخرێتە پێش بەرژەوەندی خودی ئایین یا کۆمەڵگاوە، خزمەتکردنی کۆمەڵگا بەشێکە لە ئایینداری و بۆخوا بوون، بۆیە عیبادەت دەبێت مەرام بێت لە ھەموو کارێکی ڕۆشنبیری و فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەندیکاییشدا، نابێت مێشکەکان لێی بێئاگا ببن ، ھەرکات غافڵ بوون لەو دیسپلینە پەیدا بوو، ئەوە کارەکان لە خێر و چاکە و خواویستییەوە دەبێت بە حیزبایەتییەکی تەسک و بەرژەوەندییەکی کاتیی سیاسی و پەڕگیری بێ بەرەکەت...

 کاری ئیسلامیی، بۆ ئەوەی بۆ خوا و خەڵک بمینێتەوە، گرنگە لای کەمی بەو شکڵە بێـت، لەچوارچێوەی فرەیی فکریی و سیاسیدا کارەکان ئەنجامدەدرێن بەدور لە گیانی یەکتر لاخستن و دژایەتیکیردن و بەخراپ مامەڵە لەگەڵ یەکتردا کردن، تا برایەتی و یەکڕیزی پارێزراوبێت...
  ئەو چەند پەرەگرافەی سەرەوە بیرمەند و زانایانی ئییسلامیی ھاوچەرخ لەسەری کۆکن، مەرج نییە کە گشت گروپە ئیسلامدۆستەکان یەک کیان و یەک لاشەی سیاسی بن، ئەگەرچی مەبەستیشە... بەڵکو کۆی موسوڵمانان بەھەموو جیاوازییەکانیانەوە یەک لاشەن و دەبێت وەک برا مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، بە سیاسی و نا سیاسییانەوە، وە بۆ ئەوەی بە یەک لاشەیی بمێننەوە دەبێت جیاوازی ڕا و دید قبوڵ بکەن لە نێوان یەکتردا، وە ھاوکاری یەکتریش بکەن لە کاری خێر و بونیاد نەردا، ئیتر فرەیی بوونی سیاسی و سەندیکایی مایەی نیگەرانی نییە، فرەیی سروشتی ژیانە..
  پاشان نەھێشتنی فرەیی یەکخستنی عەقڵەکان دەخوازێت، یەکخستنی عەقڵەکان نەبوو، یەک کیانی دروست نابێت، یەکختسنی عەقڵەکان بەو جۆرە ئاسان نییە کە ھەندێک بۆی دەڕوانن، نەبوونی یەک دیدی فکریی( رۆیە فکریە)، یەک گروپ و کۆمەڵیش کەرت دەکات، چ جای چەند گروپێک و چەند کیانێکی سیاسی بکات بەیەک، ئەو کەرتبونەی لەناو بزاڤە ئیسلامییەکاندا دروست بووە، بەشێکی ئەگەر دەروونی و کەسیی بێت، بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاوی پەیوەندی بە دروست بوونی بۆچونی جیاوازەوە ھەیە لە کارکردندا، ناکرێت لەھەموو کەرت بونێکدا، ڕاستەوخۆ گشت دەرونەکان تاوانبار بکرێن، بۆ نمونە لە سودان جیابونەوەی حەسەن تورابی لە برایان بەھیچ پێوەرێک لەسەر بنەمای دەرونی نەبووە، یان حەزکردن بە سەروەری کەسیی، خوێندنەوەی مێژووی کاری ئیسلامی لە سودان پێمان دەڵێت کە گرتنی مەسافەیەک لەلایەن تورابی و برایانەوە لە یەکتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازیەی کە پاش دەیەھا ساڵ لە کاری ئیسلامی و میتۆدی کارکردندا دروست بوو، لەمیسریش بەھەمان شێوە، دروستبوونی حیزبی وەسەت، لەسەر بنەمای خۆگونجاندن بوو لەگەڵ باردۆخی ناھەمواری میسری موبارەکدا نەک کێبڕکێی نێوان دەرونەکان..

دەمەوێت بڵێم کە، پێویستە زۆر بە ھەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا بکرێت، ئەوە نەک ڕێگردەبێت لە یەکبوندا، بەڵکو ھۆکاری کەرتبونیش دەبێت، تائەو کاتە سیاسەتی مەرحەلەی ھەنوکە و دڵسۆزیی لەوەدا بەرجەستەدەبێت کە کارەکان لە چوارچێوەی ئەو سێ بنەمایەی ئەم بابەتەمان پێ دەستپێکرد دابڕێژرێت، ئیتر سۆز، سوتاندنی مەرحەلەکان، ئیرتیجالی لە بیرکردنەوە و نەخشەداناندا، دەرەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە، سیاسەتی یەکگرتووش لەم کاتەدا، دەبێت وابێت کە کاری ھاوبەش و ھەماھەنگی ئیسلامی بە فراوانی ئامانج بێت و، ئەو مەوادایانەش کە ئەم خاڵەی تیادا بەرجەستە ببێت زۆر و فراوانە، چ لەناو بازنەی فکر و زانستی شەرعی، یا لەناو بازنەی سیاسەت و کێبڕکێی سیاسییانەدا، واقیعی ئیسلامی کوردستان ئەگەر لەم ھەنگاوەدا سەرکەتوو بێت، ئەوە کارێکی زۆر گەورەو نایاب ئەنجام دراوە...
ئیتر ئەو بازنە چەند فراوان بکرێت ئەوە بابەتێکیترە، بەڵام نابێت ھەوڵی تەسککردنەوەی بدرێت..
ئەکرێت ڕێک و پێک و نەخشەڕێژیی بۆ بکرێت، ڕای جیاوازیش نابێت بێتە سەر ڕاگەیاندنەکان، دیالۆگی کار و ھەماھەنگی لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە ناکرێت.

*ڕاوێژکاری سیاسیی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردوستان