بەرپرس یان بێ‌ ترس؟

لەم مملەكەتە عەجایەبەی ئێمە حەكایەتی سەیر و سەمەرە ئەوەندە زۆرە وەك خۆڵ وایە،یەكێك لەم حەكایەتانەش حەكایەتی بەرپرسە.دیارە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەم لەحزەیە ئیتر باو هەر باوی بەرپرسە،بەرپرسیش شێوە و جۆر و پلەی جیا جیای هەیە،بەڵام هەموویان لە نازو نیعمەت و خۆشگوزەرانی هاوبەشن.

جۆرەكانی بەرپرس لەم وڵاتە بریتین لە بەرپرسی حیزبی و بەرپرسی حكومی. دواجار ئەم دوو جۆرەش دابەش دەبن بەسەر چەندین ئاست و جۆری جیا، بەڵام هەر یەكەیان ئاغا و كوێخایەك و، بۆ خۆی ئەمر دەكا و پیاوەكانیشی لە خزمەت جەنابیان جێبەجێی دەكەن.
بەداخەوە زۆرینەی بەرپرسەكان بەهەڵە پێیان دەوترێ‌ بەرپرس. چونكە كەم تا زۆر ئەم ناوە لەگەڵ ناوەڕۆكی ئەم برادەرانە یەكانگیر نیە.لە راستیدا بەرپرس لەم وڵاتە یانی كەسێك كە حساب بۆ شەقام ناكات و، بە ویقە ویقی ماتۆڕەكانی پێشی كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی ترافیك لایتەكان دەوەستێنێ‌، تا جەنابی عەزیت نەكێشی و نەوەستێ‌!!! بەرپرس حساب بۆ زەوی شارەوانی و مافی گشتی خەڵك ناكات و كام شوێنە زۆر خۆشە كردویەتی بە ڤێلا!!!بەرپرس حەپی ئێكسپایەر ناخوات و بۆ دان ئێشە سەفەری ئەوروپا دەكات!!!بەرپرس بە شازترین جۆر و مۆدێلی ئۆتۆمبێل هاتوچۆ دەكات و قوڕاوی ژێر تایەكانیشی دەپڕژێنێ‌ بە پیادە و ئۆتۆمبێلەكانی دەوروبەری!!!بەرپرس مەعاشی دیاری كراوی نیە و حسابی مەفتوحی هەیە و بەدڵی خۆی پارە رادەكێشی.بەرپرس مناڵەكانی لەگەڵ مناڵە چڵكنەكانی میللەتی هەژار تێكەڵ ناكاو، ئەگەر لە ئەوروپاش نەخوێنێ‌ ئەوە لێرە لە خوێندنگەی تایبەت دای دەنێ‌.بەرپرس دار و بەردی ئەم وڵاتەش بەكار ناهێنێ‌ و، مەوادی خانوەكەی لە وڵاتانەوە بە تایبەت هاوردە كراوە!!!بەرپرس هچی ئەم وڵاتەی ناوێ‌، جگە لە خەڵكەكەی بۆ خزمەتكاری و بەدەستی!!!
راستی بوون بە بەرپرس لەم وڵاتە وەك كردنەوەی درگای بەهەشتە لە دنیادا،چونكە ئیتر لەمەولا بەرەكەت دەبارێ‌ و هەر ئیمزایەك كۆڵێ‌ پارە دەكات. ئیمزا بۆ كەسێك دەكات باج و گومرگ نەدا، بە ئیمزایەك كەسێك لە زیندان ئازاد دەكات،بە ئیمزایەك كەسێك تەعین دەكات،بە ئیمزایەك رەش دەكات بە سپی و سپی رەش دەكات.دەی كەواتە بەرپرسی عەیبی چیە و بۆ نیعەت نیە؟
هەموو ئەمانە مشتێكن لە خەرمانێك لە ژیانی و گوزەرانی بەرپرس،كە لە راستیدا راستر وایە پێیان بوترێ‌ بێ‌ ترس،. بەڵێ‌ بێ‌ ترسە لەوەی خەمی نانی بەیانی بێت و بیر لەوە بكاتەوە مناڵەكانی بێ‌ ناز بكەون. بێ‌ ترسە لەوەی هەرچی یاسا و رێسا هەیە پێچەوانەی دەكاتەوە و دڵنیاشە كەس ناتوانێ‌ لێپرسینەوەی لەگەل بكات. بێ‌ ترسە لەوەی كەسێك سكاڵای لێبكات و داوای موڵك و ماڵی زەوت كراوی بكاتەوە. بێ‌ ترسە لەوەی نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنێ‌ و ئەویش نەتوانی عیادەیەكی سەد هەزاری بكات.
دەی باشە كەسێك ئەوا بەم هەموو ناز و نیعمەتەوە بژی و، هەرچی حەز بكات ئەوە بكات و باكیشی بەهیچ نەبێ‌، توخوا ئەوە بەرپرسە یان بێ‌ ترسە؟
إنها‌و الدردشە