تكایه‌ خۆپیشاندان مه‌كه‌ن با ده‌سه‌ڵات خۆشحاڵ نه‌بێت!!

خۆپیشاندان له‌م وڵاته‌ى ئێمه‌دا هیچ به‌رووبومێك نادات به‌ده‌سته‌وه‌ جگه‌ له‌ ماڵوێرانى و قوڕبه‌سه‌رى نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌سه‌لاتى ئه‌م هه‌رێمه‌ دواى زیاتر له‌ بیست و پێنج ساڵ هێشتا له‌ زمانى خۆپیشاندان تێنه‌گه‌یشتووه‌! له‌ هه‌مانكاتدا حیزبه‌ سیاسیه‌كانیش ده‌یانه‌وێت له‌ پشتى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ و به‌ نانه‌وه‌ى پێشێوى و به‌لارێدا بردنى ره‌وته‌كه‌ى ته‌سفیه‌ى حساباتى قێزه‌ونى خۆیان له‌ دژى یه‌كتر بكه‌ن و دواجار كوڕى ئه‌م میلله‌ته‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیوه‌ بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامه‌ شاراوه‌كانیان به‌ كوشت بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشى كه‌ خۆپیشاندان بۆ داواكردنى مافه‌ یاسایى و بنه‌ره‌تییه‌كانى هاولاتیانه‌.

باشتر وایه‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا و مووچه‌ خۆران له‌ ماڵى خۆیان دابنیشن و نه‌چنه‌وه‌ سه‌ر ده‌وامى ئاسایى خۆیان و به‌ یه‌كجارى سه‌رجه‌مى داموده‌زگا میرییه‌كان فه‌له‌ج بكه‌ن، ئیتر ئه‌و كات لانى كه‌م له‌ م حاڵه‌ته‌دا نه‌ ده‌سه‌لات ده‌توانێت بۆ مه‌به‌سته‌كانى خۆى به‌كارى بهێنێنت و نه‌ كوڕى میلله‌تى تیا به‌ كوشت ده‌درێت ، دواجاریش گه‌ر ئه‌م به‌ ناو حكومه‌ته‌ مشورى خوارد و له‌ خه‌مى دامه‌زراوه‌كانى خۆیدا بوو ئه‌وا ناچار ده‌بێت به‌ په‌له‌ چاره‌سه‌رى بارودۆخه‌كه‌ بكات، خۆ ئه‌گه‌ر خه‌مخۆریش نه‌بوو، ئیتر ئێمه‌ له‌ زیاد سه‌رى خۆمان ده‌ئێشێنین و خۆمان ماندوو ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ باوه‌رى به‌ حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى نیه‌ و ته‌نها دامه‌زراوه‌ يه‌كه‌ بۆ دزین و رووتانه‌وه‌ى سه‌روه‌ت و سامانى میلله‌ت و هیچى دیكه‌ !!! چونكه‌ ئه‌مانه‌ نه‌چاویان هه‌یه‌ بۆ بینینى موعاناتى خه‌ڵك و نه‌گوێیان هه‌یه‌ تا ژان و ناسۆرییه‌كانى خه‌لكى پێ ببیستن، به‌ڵكو ته‌نها ده‌ست و گیرفانیان هه‌یه‌ بۆ دزینى قوتى خه‌ڵكى و شاردنه‌وه‌ى .