ئەگەر مووچە بكرێتە دۆلارچی روو دەدات؟

  یەک شەممە, 02 تشرینی یەکەم 2016 15:14


كاتێك سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بە فەرمی پێشنیازی بۆ حكوومەت كرد مووچە بە دۆلار دابەش بكرێت و مامەڵەی بودجەش بكاتە دۆلار حەق بوو حكوومەت راستەوخۆ ئەو پێشنیازەی پەسند بكردایە و بڕیاری دیراسەتكردنی بۆ بدایە، بەڵام زیاتر لە 3 مانگە حكوومەت هەر وەڵامیشی نەداوەتەوە!.

لە كاتێكدا داھاتی ھەرێمی كوردستان بۆ خۆی دۆلارە و دەبێت لەدراوی بیانییەوە بۆ دراوی عێراقی بگۆڕدرێت، ئەوەش نەگونجاوە و كاتی زۆر دەخایەنێت تەنانەت پڕۆسەی گۆڕینەوەی داھاتی ھەرێم لەدراوی بیانییەوە بۆ دیناری عێراقی لاوازە و گومانیشی لێ دەكرێت كەوا گەندەڵی تێدا بێت،لە كاتێكدا داهاتەكەمان بە دۆلار بێت ئاخر بۆچی كارەكە لە خۆمان قورس بكەین و ئەم هەموو سەرئێشە بۆخۆمان دروست بكەین تەنانەت زۆر جار مووچەش بەم هۆیەوە دوادەكەوێت و ناڕەزایی فەرمانبەرانی لێ دەكەوێتەوە.

بێگومان كاتێك گۆڕینەوەی داھاتی نەوت لەدراوی بیانییەوە بۆ دراوی عێراقی، ماوەیەكی زۆری پێویست دەبێت ئەوە وا دەكات بەشێوەیەكی بەردەوام نەختینەی تەواو لەكاتی پێویست ئامادە نەبێت بۆ مووچە و پێداویستییەكانی حكوومەت، نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كەوا دۆلار بۆ مووچە و مامەڵەكردن بە دۆلار رێگایەكی گونجاوە بۆ ئایندە و چارەنوسی كوردستان، دوور نیە ئەگەر ئێمە بڕیارێكی گرنگ بۆ چارەنوسی خۆمان بدەین حكوومەتی عێراقی كێشە بۆ دراوی عێراقی لە كوردستان دروست بكات كە ئەو كات هەموومان زیان دەكەین و ئابووریش دووچاری كارەسات دەكەینەوە.

مامەڵەكردن بە دیناری عێراقی زۆر نزیكترە لە بەرزكردنەوەی هەڵاوسان، بەڵام مامەڵەكردن بە دۆلار لەو ئەگەرە دوورترە چونكە بەهاكەی جێگیرە و مەترسیەكانی سەری كەمترن.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دۆلار زۆرترین بەكارهێنانی لە بازرگانی نێودەوڵەتی هەیە تەنانەت لە نێو وڵاتانی جیهانیشدا لە ناوخۆدا مامەڵەیەكی زۆری پێوە دەكرێت،بۆیە منیش هاوڕام لەوەی كە ئاییندەی ئابووری و بازاڕی كوردستان لەگەڵ دۆلار سەلامەت ترە بۆیە پێویستە مووچە و بوودجەی داموو دەزگاكانی حكوومەت بە دۆلاربێت نەك بە دینار، بێگومان بۆ ئەوەش دەبێت دیراسەتێكی ورد بكرێت و شارەزایان و پسپۆڕانی ئابوریش تیایدا بەشداربن بۆ ئەوەی هەموومان لەو پڕۆسەدا براوەبین.

 

م. كانی

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .