ئه‌گه‌ره‌كانى دواى جه‌نگى ئازادكردنى موسڵ

له‌دواى ئازادكردنى فه‌لوجه‌و گه‌ياره‌ چه‌ند شوێنێكى پارێزگاكانى ئه‌نبار و سه‌لاحه‌دين، قسه‌ى جدى و باسى ئازادكردنى پارێزگاى موسڵ هاتۆته‌ ئاراوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ر باسكردنێكى ئازاد ئازادكردنى پارێزگاى موسڵدا، باسى بارودۆخى سياسى و جيۆسياسى و ته‌‌نانه‌ت كۆمه‌ڵايه‌تى و ئابوورى ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت، كه‌ دواى ئازادكردنى موسڵ ئه‌گه‌رى چه‌ندين گۆڕانكارى و چه‌ندين سيناريۆى سياسى ده‌كرێت، كه‌ هه‌ندێك له‌ گۆڕانكارى پێشهاتانه‌ ره‌نگه‌ روودانى سه‌داسه‌ديان هه‌بێت، هه‌ندێكيشيان ته‌نها ترسى لايه‌نه‌كانه‌ له‌يه‌كتر و لاى خۆيانه‌وه‌، گريمانه‌ و شيمانه‌ى بۆ ده‌كه‌ن.
جه‌نگى ئازادكردنى پارێزگاى موسڵ، كه‌ وا چاوه‌ڕاون ده‌كرێت له‌ نزيكترين كاتدا ده‌ست پێبكات، له‌ جه‌نگه‌كانى ترى دژ به‌ تيرۆرستان به‌گشتى و تيرۆرستانى داعش به‌تايبه‌تى قورس و ناهه‌موار تر ده‌بێت، چونكه‌ زياتر له‌ پێكهاته‌ك، زياتر له‌ چه‌ندين هێزو سوپاو ده‌وڵه‌تى ناكۆك و ناته‌باو دژبه‌يه‌ك مكوڕن له‌سه‌ر به‌شداريكردن له‌و پرۆسه‌يه‌دا، هه‌ر ئه‌م ناته‌بايى و بێمتمانه‌ييه‌يه‌ وايكردووه‌، لايه‌نه‌كان سه‌ره‌ڕاى هاوبه‌شبوونيان و رێككه‌وتنيان له‌ جه‌نگى دژبه‌ تيرۆرستانى داعش، به‌ ترس و دوو دڵييه‌وه‌ سه‌يرى نيازى ئاينده‌ى يه‌كترى بكه‌ن.
به‌لاى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادييه‌وه‌ ئه‌گه‌رى هێشتنه‌وه‌ى عێراق به‌يه‌كگرتوويى، له‌ بردنه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنى جه‌نگى دژبه‌ داعش و ئازادكردنى موسڵ گرنگتره‌، هه‌روه‌ك به‌پێى قسه‌ى چاودێرانيش راگرتنى باڵانسى ئه‌و عێراقه‌ يه‌ككگرتووه‌ش كارێكى قورس و دژوار ده‌بێت بۆ سه‌رۆك وه‌زيران، به‌تايبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ جه‌نگى ئازادكردنى موسڵدا پێشێلكارى به‌لايه‌ن سوپاو حه‌شدى شه‌عبييه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتيان و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى تۆمار بكرێت.
ئه‌گه‌رى هه‌ره‌ ديارو ئاشكراى دواى ئازادكردنى موسڵ ئه‌وه‌نده‌ى ئازادكردنى موسڵ، ئه‌وه‌ى كه‌ چاودێرانى و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى سه‌رقاڵ كردووه‌، ئاواره‌بوون و سه‌رگه‌ردانى ژماره‌يه‌كى زۆرى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌يه‌، ئه‌مه‌ش ناكرێت له‌به‌ر ئاواره‌ نه‌بوونى خه‌ڵك ده‌ست له‌ ئازادكردنى ئه‌و شاره‌ هه‌ڵبگيردرێت، به‌ڵام وه‌ك ليز گراندى، رێكخه‌رى نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌يى بۆ كاروبارى مرۆيى له‌ عێراق، وتى "هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك كێشه‌يه‌كى مرۆيى نوێ ده‌خولقێنێت". بێگومان ژماره‌ى ئه‌و هاوڵاتييانه‌ى له‌ موسڵدان يه‌ك مليۆن و نيون.
ئه‌وه‌ى به‌لاى چاودێران و پسپۆڕانى بوارى ئه‌منييه‌وه‌، ئه‌گه‌رى گه‌وره‌ و گرانه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ى داعشه‌ به‌ناو زۆرينه‌ى خاكى عێراقدا، دواى ته‌فروتونا بوونيان له‌و پارێزگايه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌و پارێزگايه‌ نه‌مێنێن، زۆرترين خاكى عێراقيان لێپاك ده‌كرێته‌وه‌، ده‌ستپێكردنى جۆرێكى ترى شه‌ڕى نه‌گريسى ئه‌و گروپه‌ تيرۆرستييه‌يه‌، به‌تايبه‌ت شه‌ڕى خۆكوژى و ته‌قينه‌وه‌كان.
بۆ هێزى هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تيش، سه‌ركه‌وتنى هێزه‌ به‌شداربوونى جه‌نگى دژبه‌ داعش و، ئازادكردنى پارێزگاى موسڵ كۆتايى سه‌ره‌تايه‌كى نوێيه‌، هێشتا سه‌رى ماره‌كه‌ له‌ شوێنێكى تره‌، ده‌بێت له‌وێش پان بكرێته‌وه‌، ئه‌ويش شارى ره‌ققه‌ى وڵاتى سوريايه‌.
ئه‌گه‌رێكى ترى دواى ئازادكردنى پارێزگاكه‌، ئه‌گه‌ر كاولبوون و رووخانێتى به‌ ئه‌ندازه‌يه‌ك، بۆ عێراق ئاسان نه‌بێت ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى، چونكه‌ داعش سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌يه‌ هاوڵاتيانى سڤيل وه‌ك قه‌ڵغان له‌ماڵ و كوچه‌و كۆڵانه‌كاندا به‌كار بهێنێت، له‌گه‌ڵ هه‌ڵهاتن و چۆڵكردنى هه‌ر شوێنێكدا بۆمبڕێژى ده‌كات، ئه‌مه‌ش سه‌ربارى ئه‌وه‌ى عێراق بۆ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێر بارى قه‌رزێكى گه‌وره‌وه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى قه‌رزێكى ترى زۆر ده‌هێنێته‌ سه‌رشانى عێراق، هه‌رچه‌نده‌ رێكخراو و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌ كۆمه‌ككاره‌كان په‌يمانى هاوكارى و پاڵپشتى كردنى عێراقيان داوه‌ بۆ ئاوه‌ندانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ زيان لێكه‌وتووه‌كانى جه‌نگى تيرۆر.
ئوگه‌رێك كه‌ هه‌موو لايه‌ن و هێزێكى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى به‌ دۆردۆنگى و دودڵى و ترسه‌وه‌ بۆ ده‌ڕوانن، ئه‌گه‌ر گۆڕانكارى جيۆسياسى ناوچه‌يه‌كه‌، له‌ كاتێكدا هيچ لايه‌ك به‌ڵگه‌و فاكتێكى دياريكراوى پێنييه‌، بۆ سه‌لماندنى ئه‌و روودانى ئه‌و گۆڕانكارييه‌، له‌ هه‌مانكاتدا هه‌موو لايه‌ك به‌وپه‌ڕى بێمتمانه‌ييه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ نيازى يه‌كترى له‌و باره‌وه‌, به‌بڕاوى من ئه‌وه‌ى حه‌تمييه‌تى گۆڕانكارى جيۆسياسى ناوچه‌كه‌ ديارى ده‌كات، به‌تايبه‌ت به‌پێى خواستى لايه‌ك، ئه‌وا باڵا ده‌ست بوونى ئه‌و لايه‌نه‌يه‌ له‌ ته‌واوى جه‌نگى ئازادكردنى موسڵ و له‌ناوبردنى داعشدا، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ كارێكى ئاسان نه‌بێت، دواى له‌ناوبردنى داعش، لايه‌ك به‌ته‌نها ببێته‌ نمره‌ يه‌ك و، ژماره‌ى پێوانه‌يى له‌و بواره‌دا بشكێنێت، بۆيه‌ گۆڕانكارى جيۆسياسى له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌روا به‌كراوه‌يى ده‌مێنێته‌وه‌، تا پاككردنه‌وه‌ى هه‌موو خاكى عێراق و سوريا له‌ داعش و ئازادكردنى شارى ره‌ققه‌ش له‌ ده‌ستى داعش.
له‌سه‌رووى هه‌موو ئه‌گه‌رێكى قورس و ترسناكه‌وه‌ ده‌ستپێكردنى جه‌نگێكى پيرۆزه‌ بۆ هه‌موو هێزه‌ به‌شداربووه‌كان، ئه‌ويش ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى ئازادكردنه‌يه‌، كه‌ شه‌ڕى مان و ژيان و زيندووكردنه‌وه‌ى ئه‌و پارێزگايه‌يه‌ له‌ مردنێكى هه‌ميشه‌يى، رووناك كردنه‌وه‌ى ئه‌و پارچه‌ زه‌وييه‌يه‌ له‌تاريكستانى داعش.