شەقاوە و شاجوان

 

(٠)
حکومەتە "شەرعیەت لەرزیوەکان" و ئۆپۆزسیۆنە "هەڵتۆقیوەکان" لە رێککەوتنێکی رانەگەیەنراودا جۆرێک لە سیاسەتی "شەقاوەسیفەت" پیادە دەکەن، هەم دەسەڵات سود لەم مۆدێلە وەردەگرێت هەم نەیارەکانیشی. دەسەڵات حەزی بە شەقاوە سیفەتەکانە، چونکە دنیا و کێشەی ئەسڵی بیری هاوڵاتیەکانی دەباتەوە، ئۆپۆزسیۆنەکانیشی چونکە جورئەتی بەرەنگاری راستەقینە و قوربانیدان و پێشکەشکردنی نمونەی ئەخلاقی ناکەن، لەبەرئەوە بە جۆرێک لە خۆخاڵیکردنەوەی شەقاوەییانە رازیدەبن، بە خەڵک دەڵێن "ئەها هەڵوێستمان هەیە" و لەگەڵ دەسەڵاتیشدا لوقمە نامەشروعەکان بەشدەکەن، دەسەڵاتیش بەم هەناسەدانە موزەیەفانە نمایشی بوونی ئازادی و ماف دەکات.
(١)
شەقاوەکان کێن؟ ئەوانەن کە وەفاداریەکیان بۆ یاداوەری، ژینگە، ئەو شوناس و پایانە نیە لە سایەیدا گەورەبوون، رژێمی بەهایی کۆمەڵگە و ئەخلاقە باوەکانی کاریگەرنین بەسەر شەقاوەکانەوە، بیر لە ئامانجی گەورە ناکەنەوە، بەرامبەر کێشە بنچینەییەکان هەڵوێستیان نیە بەڵام بۆ پاکەتێ جگەرە یان پۆزی سمێڵیان یان چاوداگرتنی کچێک ئامادەیە هاوڕێکەی بە چەقۆیەک ساردبکاتەوە. شەقاوە مەودای بیری کورتە، بۆ پەلامار ئەوەی بەدەستیەوەبێت دەیوەشێنێت، لە چەقۆیەکەوە تا گولەهاوەنێک، ئەوەی بە دەمیدا بێت نایگێڕێتەوە، بە کورتی رۆژێکی کورت و پاکەتێک و دەمێکی پڕ جنێو و ملکەچی بۆ "نانبدە و گەورەکەی" جێگەی دورمەودایی و ئامانج و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ شەقاوەکە دەگرێتەوە.
شەقاوە لەبەردەم گەورەکانیاندا ملکەچ و غوڵام بەڵام بۆ دەوروبەریان پەلاماردەر و رەخنەگر و ئازاربەخش، گیان و جەستە و بیری هی گەورەکەیەتی بەڵام فەزای کۆمەڵگە و لە خۆی بچوکتر هەمووی بە هی خۆی دەزانێت و ئامادەیە داگیریبکات.
شەقاوەکان شوناس و ئینتیمایەک بە ماڵ و خێزان و کۆمەڵگە و مێژوو و ئاینێک یاداوەریەکی هاوبەش نایانبەستێتەوە و بەرپرسیاریان ناکات، هەوڵیان بۆ ئەوەیە دوێنی لەبیربکەن، چونکە شتێکی باشیان نەکردووە و بیر لە سبەینێش نەکاتەوە و چونکە سبەینێ دەبێتە چاودێرێکی بەهایی و رێگر دەبێت و ناتوانێ پەلامارەکانی بدات. ئەوەی لای ئەوان بەرپرسیارێتیە بریتیە لەوەی "هەرچیت دەستتکەوت وەریگرە". دور بیرناکاتەوە، شەوان و لە کوێدا خەوتن بۆ شەقاوە فەرقێکی وای نیە لە یانە، ماڵی گەورەکەی، سەرجادە، کەلاوەیەک یان باوەشی سۆزانیەکدا بێت، بۆ ئەو هەر بەڕێکردنی ژیانە.
شەقاوەکان پارە لە گەورەکانیان وەردەگرن و ئەوانیش هەرچیەکیان بوێت پێیان دەکەن، لە هوتافکێشان وقەرەباڵغی دروستکردن لە مەراسیمێکی ئاینی و سیاسیەوە تا چەقۆکێشی، هەڵکوتانە سەر ماڵان، مرۆڤکوژی و دزی بۆ گەورەکانیان ئەنجامی دەدەن.
رێک پێچەوانەی ئەو مرۆڤە مەزنانەی بە یاساکانی وڵات رازی نین بەڵام تا کاتی چاکسازیکردن و رێککردنەوەیان پابەندن پێیانەوە نەک پیادەیان بکەن (وەک وانەی سزای مەرگی سوقرات)، دژی یاساکەن و سودمەندیش نابن لێی، چونکە ئەخلاقیان بەرزترە لە یاسا بەڵام بە یاسای دەزانن تا پەشێوی جێگەی دیموکراسی و ئارامی کۆمەڵایەتی نەگرێتەوە، بەڵام هەرگیز چرکەیەک بە هەدەرنادەن تا ئەو یاسایانە بگۆڕن بە یاسای ئەخلاقی کە خزمەتی گشت بکەن نەک "کەمینە".
وەک ئەوانە نین قبوڵ خاس، بندیواری، خانەنشینی نائاسایی، پارەی بێئەرک و کەسابەتی ناشەرعی دەشەرعێنن و دەڵین "چی بکەین یاساکە وادەڵێت" کە ئەمە یانی شەقاوەسیفەت، ئاخر شەقاوەکانیش پارەی کوشتن و گوێبڕین و هەڕەشە و تاڵانی و سەرکوتکاری لە میرەکانیان وەردەگرن و دەڵین ئێمە ئەرکمان کێشاوە و بۆ خۆمان نەبووە و "گەورەمان" فەرمانی داوە (کە گەورەی ئەوان دەکاتە یاسا نائەخلاقیەکانی کۆمەڵگە لای ئەوانیتر).
(٢)
بەڵام سیاسەتی شەقاوەیی مەرج نیە بکەرەکانی رێک شەقاوە بن، بەڵام سیفاتی شەقاوە لە سیاسەتکردنیاندا هەیە، هەمیشە بۆڵەبۆڵچی و هوتافکێشی بێکردار، لەسەر مەسەلە بنچینەییەکان قسەناکەن بەڵام لەسەر جنێوێک، گۆرانیەک، رەخنەیەکی سیاسی لە سەرۆک و ئاین و حزبەکەی کەمپینی سەدهەزاری رێکدەخات، پەلامار و سیاسەتی کورتمەودا هەڵوێستەکانی رێکدەخات، نەک بیرکردنەوە و دوربینی. سیاسەتی شەقاوەیی یانی ئەو گوتارە سیاسیەی کە وردە بابەتی کۆمەڵایەتی دەکاتە کەرەسە و خۆی پێسەرگەرم دەکات و کێشە و هۆکارە بنچینەییەکانی ئافاتەکە لەبیرخۆی دەباتەوە. کە خۆپیشاندانیک دەکرێ ئەوەندەی بە وەسف و شارچێتی و پۆزەوە سەرگەرمە ئامانجی خۆپیشاندانەکەی بیرنەماوە، ئەمریکیەکان کە شۆڕشیان لە بۆستن-ەوە دەستپێکرد، هەر دەیانوت "ئەمریکا بۆ ئەمریکیەکان و ئەوروپا بۆ شاژن" نەک شارچێتی وابکات شارەکانی دیکەی ئەمریکا پشتیوانیان نەکەن. شەقاوەسیفەت ئەوەیە هەر خەمی سمێڵ و سێڵفی و جل و بۆیاخی قژ و پێلاوەکانی بێت لەبری بەرخودان و کۆڵنەدان و فراوانکردن. شەقاوەسیفەت لە سیاسەتدا ئەوەیە بازنەی بچوک بکرێتە پێوەر و تەوەری جوڵانەوە وەک شار و گەڕەک و خێڵ و حزب لەبری مرۆڤ، نیشتمانیبوون، ماف و دادگەری. شەقاوەیی سیفەت لە سیاسەتدا ئەوەیە خۆی تاڵانکەر و بکوژ و ببڕ و بندیوار و قبوڵخاس و زەویخۆر و هەلتۆقیوی بازرگانی بێت و بە خەڵک بڵێت قوربانیبدەن و سەر بۆ نیوموچە و "ئەو دەسەلاتە" (نەک میرەکەی خۆی) نەویمەکەن، بەڵام ئامادە نەبێت بچوکترین قوربانی بە ئیمتیاز و ژیان و موچەی بندیواریەکەی بدات. شەقاوەسیفەت ئەوەیە ژیان لە خەڵک تاڵبکەیت و هانیان بدەیت وڵات جێبهێڵن و خۆشت بە دۆنم خەریکی "زەوی خواردن" بیت. شەقاوەسیفەت لە سیاسەتدا ئەوەیە چاوت لە ئاستی ئایدۆلۆژیا و سەرۆک و دراوسێکانی خۆتدا کوێر و بۆ ئەوانیتر دڕک و پەلاماردەر.
شەقاوەسیفەت هەیە رۆژنامەنووسە پەلاماری پۆلیسێک ئەدا کە خەریکی ئەرکی خۆیەتی بەڵام لەسەر خوێنی "سۆرانی مامە حەمە" لەبەردەم "سەرۆک"دا نقە ناکات، شەقاوە سیفەت ئامادەیە "کاوە و سەردەشت" و دەیانی دیکە بکاتە قوربانی بۆ گەورەکەی بەڵام ناپرسێ چۆن بوویتە کوێخا و سەرۆک، ناپرسێ بۆ نەوەکان و خزمەکانت هێندەی من بۆت ناکوژن، نابرن و پەلامارنادەن بەڵام ژیانیان شاهانە و بەهەشتیە؟! منی شەقاوەش پاسەوانی بەردەرگاتم و نانی سبەینێم مسۆگەر نیە گەر شەقاوەییت بۆ نەکەم.
(٣)
شاجوان، قوربانی نمونەیەکی سیاسەتی شەقاوەیی
شاجوان کێ بوو؟ مرۆڤێکی بە قوربانیکراو لە نێوان دەسەڵات و نەیارەکانیدا. بینرا چۆن لە مەلاجنێوفرۆشەکانەوە تا خوێنەوار و پاڵەوانانی زۆرینەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کردیانە نیشانە و سودیان لێوەرگرت، بەرپرسان لە رێی کۆمپانیا (بە واسیتە قەڵەوبووەکانیانەوە) نمایشی خۆشگوزەرانی و بیربردنەوەی ئەسڵی مەسەلەکانیان پێکرد و نەیارەکانیشی لەبری پەلاماردانی سەبەبکاران (کە حزبەکان و حکومەتە) ئەویان لە مرۆڤێکی بەستەزمان و قوربانیەوە کردە دێوی سەرەکی و خۆیانیان تێدا خاڵیکردەوە.
لە بنچینەدا ئەو وەک هەر هاوڵاتیەکی پلەدووی ئەم وڵاتە لەبەرئەوەی فرسەتەکانی ژیان لە لایەن مشەخۆرانی شۆڕش و کۆمەڵیک بنەماڵەوە قۆرخکراون، (لەدەرەوەی ئەو هەلانەوە) بەدوای هەلێکی نوێدا گەڕاوە تا دنیای خۆی بدۆزێتەوە و ئەمەی دۆزیەوە. رەنگە بۆ زۆرێک لەوانەی جنێودەدەن بە مەلاکانیشەوە هەلێکی لەوجۆرەیان بۆ هەڵکەوتایە رەتیان نەکردبایەتەوە (وەک هەلی بندیواری و خەڵاتی داهێنەران و دیوەخانی). بەڵام خۆ هێشتا ئەو هەر ئینسانە و "خوا رێزی لێناوە".
لەوەگەڕێ بە هۆی مەزهەب و بێموچەیی و نەهامەتیەوە دژی شاجوانیت، بەڵام خۆ ناکرێت سنوری هەر مرۆڤێ ببەزێنیت کە وەک تۆ نیە، یان "هەڵەیەک"ی کردووە، ئەو کیژە وەک هەموو یەکێ لە ئێمە لەبەرئەوەی فرسەتە سیاسی و ئەکادیمی و ئابوریەکانەوە لەبردەمیدا کڵۆمدراون و کۆمەڵیک بنەماڵە و شۆڕشگێر زەوتیانکردوون، ئەویش بەدوای هەلێکدا گەڕاوە تا دنیای خۆی بدۆزێتەوە و ئەمەی دۆزیەوە. بەڵام خۆ هێشتا هەر ئینسانە و خوا رێزی لێناوە. من باوەڕم بە موزەیەفاتی شاجوانی و شا شاعیری و شا سیاسی نیە بەڵام لە مرۆڤخستن لەوە مەترسیدارترە.
لە فەزای ئالودەبوودا هەل هەر هەلە رێک وەک هەلی ئەو ١٥٠٠ بەناو داهێنەرەی کە دوو ملیۆنەکەی دەسەڵاتیان رەتنەکردەوە بەرامبەر "داهێنانێک" کە لە داهاتوودا ئەنجامی ئەدەن).
کەواتە گەر پێتوایە شاجوان و شاجوانی هەڵەیە رەخنەبگرە و لەسەری بنوسە، بەڵام ستوون مەهاوێژە جنێو مەدە، مەیکە بە مەیمون، سوکایەتی بە کاری خوا مەکە "لقد کرمنا بنی آدم"، ئەو دزە ئەسڵەکە نیە، کۆمپانیا و سەرۆک و حکومەت و جۆری ئیدارەدان و بێجورئەتی حزبەکان سەبەبکارە ئەسڵەکەن کە فەزایەکیان دروستکردووە هەرچیت دەستکەوێت بۆنێکی ناشەرعیبوونی لێدێت، کەواتە ئازاری هەموومانە، گەر پەلاماردانی ئەو راست بێت، دەبێت هەموومان شایستەی ئەو جنێو و سوکایەتیە بین، ئاخر خۆ پۆست و پارە و هەل قۆرخکراوە و بەداخەوە هەرکەس دەستی کەوێت لەم فەوزایەدا گومانی لێدەکرێت. ئەم مرۆڤە بۆ دەکەیتە نیشانە.
دەی شەقاوە سیفەتەکان ئەوانەن کە لەسەر شتی بچوک پەلاماردەدەن بەڵام ئازاری بێشکۆیی و ئیستغلالکردنی خۆیانیان بیرنیە.
هەفتەنامەی ئاژانس/ ژمارە 10 | چوارشەممە | 12 ـی ئۆکتۆبەری 2016