رەوتی نوێ ، حزبی نوێ ، لە کوردستانی باشور ، وەک چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە؟!!

ئەم هەرێمە پێویستی بە بەرپرسی دڵسۆز و دەست پاك و خەمخۆر و خۆنەویست و پشوو درێژ هەیە تا خەمێک لە م هەرێمە پڕ قەیرانە بخوات ،پێویستی بەیەک خستنی هەوڵەکان و هەوڵی هەمەلایەنەو پەلەهەیە ،پێویستی بەحزبی تازە نیە ، ئەویش دیسان لەحزبێکیتر جیابێتەوە و دیسان داوای هاوکاری ودەعم بکات لەحکومەت و دیسان بارەگاو شوێن و لۆگۆو ئاڵایەکی نوێ و کەناڵێکی تری راگەیاندن . چونکە ئەو حزبەش هەر لەسەر هەمان رووبەرو هەمان ژینگە وهەمان هاوڵاتی و هەمان عەقڵی حزبەکانی تری ئەم هەرێمە ئیش دەکات . ئیتر ئەیەوێ لەهەمان کەرەستەو بەهەمان رێگە ئەنجامی جیاوازی هەبێ؟!


من لەگەڵ ئازادی بیروراو فرەحزبیم بەڵام بەراستی بۆ ئەم بارودۆخە ناهەموارەی ئێستا ئەم هەرێمە نا . چونکە زۆربەی جیا بونەوەکان دواتر ئاشکرا دەبێت هۆکارەکەی گوێنەگرتن لەرۆشنبیرو گەنجان یان دروستبونی بۆشاییەکی گەورە لەنێوان سەرکردایەتی و بنکردایەتی حزبەکە،یان کێشەی دەسەڵات و پارەیە نەک بەرژەوەندی خەڵک و خەمەکانیان . کەدواتر هەمان ئەو کێشانە لەحزبە نوێکە سەرهەڵدەداتەوە.


بۆیە هیوادارم سەرۆک و سکرتێر و ئەمیر و ئەمیندار ورێکخەری حزبەکان و سەرکردایەتی ئەم حزبانەی ئێستا هەن لەهەوڵی جدی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانیان بن و کادر وسەرکردەکانیش لەت لەت بوون و باڵ باڵێن و جیابوونەوە راگرن و ئاورێک لەو میللەتە بدەنەوە کە بەدەنگەکانیان ئێمەیان کردۆتە بەرپرس لەم هەرێمە بۆ ئەوەی بەخۆمان و حزبەکانمانەوە خزمەتیان بکەین نەک هەموویان بکەینە قوربانی کورسی بەرپرسان وحزبەکانمان و هەر رۆژەی حزب و رێکخراو و لۆگۆ و ئاڵاو کەناڵکی راگەیاندنیان پێبناسێنین، و کەهەموو ئەوانە لای خەڵک هیچ مانایەکی نامێنێ ،بەنەمانی نان و ئاسایش و ئازادی .


ئەمە تەنها بۆچونی خۆمەو دواجاریش هیوادارم من هەڵەبم و چارەسەری ئەم هەموو قەیرانە کەڵەکە بووە لەلای ئەو رەوتە یان ئەو حزبە تازەیە بێ کەئەمرۆ باس وخواسی هەیە.