لەداعش خەتەرتر بەڕێوەیە

پاش ڕوداوی ۱۱سێبتەمبەر و لەئەستۆگرتنی تاوانــەکە لەلایەن قاعیدە و خودی ئوسامە بنلادنەوە دنیا پێی نایە قۆناغێکی نوێوە ئەمریکای بریندار بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەرەی دژەتیرۆری ڕاگەیاند و بەڕونی ووتی" یان لەگەڵمانی یان دوژمنمانی" .
ئەوکات واماندەزانی ئەگەر ئەفغانستان و عێراق داگیربکرێت ئیتر کۆتایی دێت بەقاعیدە ، بەڵام ئێستا دوای پانزەساڵ بەسەر ئەو ڕوداووەدا قاعیدە وەک خۆی ماوە و بەچکەیەکیشی بووه بەناوی داعش کە قاعیدە لەچاویدا بە حەوت ئاو شۆراوەتەوه .
ئێستاش لەسەروبەندی دەستپێکردنی شەڕی موسڵدا وادەخرێتەڕوو کە کۆتایی دەهێنرێت بەداعش ، لەکاتێدا ئەوەی دەبینرێت لەناوچەکە و جیهان لەڕوی سیاسی و فیکری و دەروونی و سەربازی و ئابوریەوە مژدەبەخش نیە و لەژینگەی لەدایک بوونی نەوەیەکی دەچێت که قاعیدەی باپیرو داعشی باوک لەچاویدا هیچ بێ .
ژینگەی دروست بوونی ئەونەوەیە ئەکوڵێت ، لەڕووی ئابوریەوه داتەپین و بێکاری و هەژاری و نەخوێندەواری بەتوندی بەرۆکی گەلانی ناوچەکەی گرتووە ، لەڕووی دەرونیەوە خەڵکی بەتایبەت چینی گەنجان لەنائومێدیەکی قوڵدا دەژین و هیچ ئاسۆیەکی ڕونیان لێووە دیارنیه ،لەڕوی سیاسیەوە چەقبەستوویەکی توند هەیە کودەتای میسر و ژێرپێنانی دەنگی خەڵکی بەهەڕێمی کوردستانیشەوه و درێژه کێشانی قەتڵووعامی گەلی سوریا بەتەواوەتی بڕوابوون بەدیمووکراسی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بەڕێگەی ئاشتیانە و سندوقی دەنگدان زۆر زۆر لاوازبووە .
بەرزبونەوەی گوتاری دینی و مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی و قەومی له ئەمریکا و ئەوروپاوە تا لای خۆمان و هوکارە سیاسی و سەربازی و نەفسی و ئابوری و فیکری و ..... پێکەوە ژینگەیەکیان سازکردووه که سەوزبوونی تۆوی نەوەیەکی لەداعش دڕندەتر لەئارادایە کە لەئێستادا هەموو هێزەکان بوونەتە وێنەیەک لەداعش بەناو و بەرگی جیاوازەوە .


چارەسەرلەتەنیش جەنگە سەربازیەکە ئەگەر٪۱۰ ئەو ووزە و سەرمایەی لەبواری جەنگی سەرفکراوە بۆ کۆتایی هێنان بەهۆکارەکانی دروست بوونی قاعیدە و داعش خەرجبکرایە و کار بۆوشککردنی ژینگەی نائومێدی و دروست بوونی داعش بکرایە ،هەوڵی پێکەوە ژیانی جیاوازەکان بدرایە ، لەتەنیش هاوپەیمانیەتی دژی تیرۆر هاوپەیمانیەتیەکیش دژی ناعەدالەتی و گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕابگەیەنرایە ،لەجیاتی پشتیوانی و هاوپەیمانی سەرکردە دیکتاتۆر و گەندەڵەکان پشتیوانی دیموکراسی ساوا و نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکەیان بکردایه ،کارێکی گەورە دەکرا بەئاڕاستەی ووشککردنی ژینگەی داعش .
ئەمەلەکاتێکدا ئەگەر ئیرادەیەکی جدی هەبێت بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەکە و جیهان ، بەڵام ئەگەر زلهێزانی جیهان و کۆمپانیا و بازرگانەکانی نەوت و مرۆڤ و چەک و دەزگا موخابەڕاتیەکان ئیرادەی بەردەوامیان هەبێت بەم دۆخە ئەوا نەک دوای موسڵ بەڵکو دوای ڕەقەش داعش کۆتایی نایەت بەڵکو ژینگەی لەدایک بوونی نەوەیەکی دڕندەتر لەداعش بەڕێوەیە