ئایا بڕیاره‌كه‌ى پارێزگارى سلێمانى به‌ بڕیارێكى نه‌بوو(معدوم) داده‌نرێت؟

ده‌سته‌ى گشتى ئه‌نجومه‌نى شوراى هه‌رێم له‌ بیروراده‌بڕینى ژماره‌ (2016/21) له‌ 2016/10/16 و له‌ خاڵى (2) ى بیروراده‌بڕینه‌كه‌یدا ، بڕیارى سپاردنى ئه‌ركه‌كانى پارێزگارى به‌ وه‌كاله‌ت به‌ جێگرى پارێزگار به‌ پێى فه‌رمانى كارگێڕى ژماره‌ 179له‌ 24/8/2016 به‌ بڕیارێكى نه‌بوو (معدوم) داناوه‌، لێره‌دا و بۆ شرۆڤه‌ كردنى ئه‌و بیرورایه‌، پێم خۆشه‌ چه‌ند سه‌رنجێكى قانونى بخه‌مه‌ڕوو:

یه‌كه‌م:بڕیارى نه‌بوو (معدوم) چى یه‌؟
بڕیارى نه‌بوو (معدوم) به‌و بڕیاره‌ ده‌وترێت كه‌ روكنى تایبه‌تمه‌ندى (الإختصاص) بڕیاره‌كه‌ موعیب بێت به‌ عه‌یبى نه‌بوونى تایبه‌تمه‌ندى (عیب عدم الإختصاص) له‌ جۆرى نه‌بوونى تایبه‌تمه‌ندى (عیب عدم الإختصاص الجسیم) كه‌ ناویش ده‌برێت به‌ (اغتصاب السلطه‌)، له‌م به‌ره‌نجامه‌شه‌وه‌ هه‌ر بڕیارێكى كه‌ به‌ نه‌بوو دانرا ئه‌وا ملكه‌چ نابێت بۆ واده‌ى تانه‌لێدان (میعاد الطعن) و هه‌ر كات لایه‌نى زه‌ره‌رمه‌ند ویستى ده‌توانێت تانه‌ى لێ بدات كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ جیاوازییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى نێوان بڕیارى نه‌بوو (معدوم) و بڕیارى پوچه‌ڵ (باطل)، چونكه‌ بڕیارى پوچه‌ڵ گه‌رهاتوو له‌ ماوه‌ى (30) رۆژدا له‌ رۆژى ئاگاداربوون لایه‌نى زه‌ره‌رمه‌ند تانه‌ى لێ نه‌دا، ئه‌وا بڕیاره‌كه‌ به‌ پارێزراو داده‌نرێت له‌ تانه‌ لێدان (محصن من الطعن) و دواجار به‌ بڕیارێكى دروست داده‌نرێت.
دووه‌م: له‌چ حاڵه‌تێكدا بڕیارى كارگێڕی به‌ نه‌بوو (معدوم) داده‌نرێت؟
فیقهو قه‌زاى ئیدارى به‌ زۆرى له‌ میسر و عێراق و فه‌ره‌نسا كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌له‌ (3) باردا، بڕیارى به‌ نه‌بوو داده‌نرێت ، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌:
1 – گه‌رهاتوو بریاره‌كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ ده‌رچوو كه‌ هاوڵاتى ئاسایى بوو وه‌هیچ سیفه‌تێكى فه‌رمانبه‌رى گشتى نه‌بوو.
2 – گه‌رهاتوو بڕیاره‌كه‌ى ده‌سه‌لاتى جێبه‌جێكردنى ته‌جاوزكردنه‌ سه‌ر تایبه‌تمه‌ندى ده‌سه‌ڵاتى ته‌شریعى بوو وه‌ك بڕیارى سیستمى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌رى كرد یان ته‌جاوزكردنى سه‌ر تایبه‌تمه‌ندى ده‌سه‌ڵاتى قه‌زایى بوو وه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌سه‌لاتى جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى راگرتن (توقیف) یان به‌ندكردن (حبس) ده‌ربكات .
3 – ته‌جاوزكردنى ده‌سه‌ڵاتێكى كارگێڕیى بۆ سه‌ر تایبه‌تمه‌ندى ده‌سه‌ڵاتێكى ترى كارگێڕی كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان پێكه‌وه‌ نه‌بێت وه‌ك ئیعفاكردنى فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌ته‌كانى دیكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگاوه‌ .
به‌ده‌ر له‌م (3) حاڵه‌ ، هه‌ندێكجار قه‌زاى كارگێڕی له‌ میسر فراوانبووه‌ته‌وه‌ له‌م بواره‌دا و هه‌ندێكى بڕیارى دیكه‌ى به‌ نه‌بوو داناوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌قیهه‌كانه‌وه‌ جێگه‌ى ره‌خنه‌ بووه‌ و ده‌سته‌ى گشتى ئه‌نجومه‌نى شوراى هه‌رێمیش له‌م روانگه‌یه‌وه‌ بیرورایه‌كه‌ى ده‌ربڕیوه‌ ، چونكه‌ دۆخى نایاسایى بوونى بریاره‌كه‌ى پارێزگار به‌ هیچ یه‌ك له‌و (3) حاڵه‌ته‌ دانانرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و بڕیاره‌ سه‌نه‌دێكى قانونى هه‌یه‌ له‌ یاساى ژماره‌ (3)ى سالى 2009 دا.
سێهه‌م:ئایا بڕیاره‌كه‌ى پارێزگار گرفته‌كه‌ى له‌ كوێدایه‌؟
بڕیاره‌كه‌ى پارێزگارى سلێمانى له‌رووى یاساییه‌وه‌ پاڵپشته‌ به‌ مادده‌ى (بیسته‌م/1) له‌ یاساى پارێزگاكانى هه‌رێم، لێره‌دا و له‌رووى چه‌ند سه‌رنجێك ده‌خه‌ینه‌ روو:
1- به‌ گوێره‌ى ماده‌ى(بیسته‌م/1) له‌ یاساى ژماره‌ (3) ى سالى 2009 یاساكه‌ به‌روونى باسى له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌نه‌بوون (غیاب)ى پارێزگار، ماوه‌ى ئاماده‌نه‌بوونى بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌ركه‌كه‌ى جێى ده‌گرێته‌وه‌ ، كه‌واته‌ له‌م رووه‌وه‌ ده‌ستنیشانكردنى جێگرى پارێزگار بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌ركى پارێزگار له‌ بریاره‌كه‌ى پارێزگارى سلێمانیدا ته‌واو یاساییه‌، به‌ڵام ده‌ستنیشانكردنى (صیغه‌)ى جێگرتنه‌وه‌كه‌ دروست نیه‌ كه‌ به‌ (وه‌كاله‌ت) دانراوه‌.
2- به‌ گوێره‌ى ئه‌حكامى مادده‌ى (بیسته‌م/1) جێگرتنه‌وه‌كه‌ به‌ حوكمى قانون ده‌بێت ، كه‌واته‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا بڕیاره‌كه‌ى پارێزگار له‌ جۆرى بریاره‌ ئاشكرا كاره‌كانه‌ (القرارات الكاشفه‌)یه‌ و ته‌نها ئاسه‌وارێكى قانونى ئاشكرا كردووه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ ده‌رخستنى حوكمى قانونى مادده‌ى (بیسته‌م/1) و له‌وه‌ زیاترى نه‌كردووه‌،هه‌روه‌ها دیاریكردنى خودى ئه‌و جێگره‌ى كه‌ به‌ كارى جێگرتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستێت، چونكه‌ له‌ یاساكه‌دا ده‌ڵێت یه‌كێك له‌ جێگره‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌حكامى مادده‌ى (28)ى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق كه‌ له‌و مادده‌یه‌دا ده‌ڵێت جێگرى یه‌كه‌مى پارێزگا له‌م حاڵه‌ته‌دا جێگه‌ى پارێزگار ده‌گرێته‌وه‌ .
3- له‌ ئه‌حكامى مادده‌ (بیسته‌م)ى یاساكه‌دا دانانى جێگرى پارێزگارى بۆ هه‌ستان به‌ كاروباره‌كانى پارێزگارى نه‌به‌ستۆته‌وه‌ به‌ ره‌زامه‌ندى لایه‌نى باڵاوه‌ (وه‌زیر)، به‌لام هه‌ڵه‌ى یاسایى له‌ بڕیاره‌كه‌ى پارێزگاردا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ صیغه‌ى وه‌كاله‌ت هێناویه‌تى و له‌م حاڵه‌ته‌شدا پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ره‌زامه‌ندى لایه‌نى باڵا وه‌ربگیرێت.
4- صیغه‌ى وه‌كاله‌ت له‌ سپاردنى ده‌سه‌لات (استثنا‌)یه‌ له‌سه‌ر ئه‌سڵ و بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌یه‌ كه‌ ده‌قێكى قانونى موعاله‌جه‌ى حاڵه‌تى چۆلبوونى پۆسته‌كه‌ى نه‌كردبێت و له‌م كاته‌شدا بریارى دانانى ئه‌و كه‌سه‌ به‌ وه‌كاله‌ت ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ لایه‌نى باڵا كه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا پێویسته‌ وه‌زیر بریاره‌كه‌ ده‌ربكات، به‌لام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ روونى مادده‌ى (بیسته‌م)ى یاساكه‌ ئه‌م موعاله‌جه‌ى كردووه‌، ئه‌وا پێویستى به‌وه‌ نه‌ده‌كرد كه‌ صیغه‌ى بڕیاره‌كه‌ به‌ وه‌كاله‌ت ده‌ربچوایه‌ و ته‌نها ده‌كرا بۆ ئاشكراكردنى حوكمى مادده‌ى (بیسته‌م/1) بریارێك له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌و مادده‌ و برگه‌یه‌دا ده‌ربچوایه‌ و جێگره‌كه‌ى ده‌ستنیشان بكردایه‌.

به‌ كورتى ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ :
بڕیاره‌كه‌ى پارێزگارى سلێمانى به‌ پێدانى ده‌سه‌لاته‌كانى به‌ جێگره‌كه‌ى له‌رووى قانونیه‌وه‌ ئاشكراى حوكمى ماده‌ى (بیسته‌م/1)ى كردووه‌، به‌ڵام له‌رووى صیغه‌ى دارشتنى بریاره‌كه‌ و هه‌روه‌ها میكانیزمى ده‌ستبه‌كاربوونه‌كه‌ هه‌ڵه‌ى تیا كراوه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ش زیاتر عه‌یبێكى (شكلی) لاوه‌كین و ناگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ بریاره‌كه‌ش پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌ نه‌ك به‌ نه‌بوو (معدوم) دابنرێت، كه‌ به‌بڕواى من ده‌سته‌ى گشتى ئه‌نجومه‌نى شورا ده‌بوایه‌ سه‌رنجى ئه‌وه‌یان بدایه‌ كه‌ له‌رووى قانونیه‌وه‌ بریاره‌كه‌ى پارێزگار ته‌جاوزى ده‌سه‌ڵاتى تیا نه‌كراوه‌ و ته‌نها حوكمى مادده‌یه‌كى قانونى ئاشكرا كردووه‌.