كورد لە هاوكێشەكاندا ، تەنها شەڕكەرێكە نەك سیاسی

بە درێژایی مێژووی خەباتی ڕزگاری گەلی كورد، سەدان تێبینی و قسە هەیە لەسەر بزافە كوردیەكان و سانایی و ساكاریان لە ئاست پێشهاتەكانی بەردەمیاندا كە هۆكارێكی گەورەبووە بۆ ئەوەی كورد وەك گەورەترین نەتەوەی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی بە پارچە پارچەیی و بێ كیان بێمێنێتەوە و هەمیشە كورد لە بری ئەوەی خۆی داڕێژەری هاوكێشە سیاسیەكان بێت، بەڵكو بووەتە داردەست و كەوتۆتە پلانی ئەوانی دیەوە.

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابرودوو جارێكی تر دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان توشی شۆكێكی سیاسی بوونەوە و سادەیی و ساكاریان دەركەوت لە بڕیاری بەشداری كردنیان لە جەنگی دژی داعش و ئەو هەموو و هەماهەنگی و هاوپەیمانیەی بە حساب لەگەڵ وڵاتانی جیهانی زلهێزاندا هەیانە.
ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو 19/20/2016، لە پاریسی فەڕەنسا كۆنگرەی جیهانی تاتوێكردنی جەنگی موسڵ و پاش ئازادكردنی بەڕێوەچوو بە بەشداری 20 وڵات و لایەنی پەیوەندیدار و فەرموویەكیش لە حكومەتی هەرێم نەكرا كە ئێستا زۆرترین بەرەی جەنگ و میحوەری كردۆتەوە دژی داعش لە جەنگی موسڵ و بە بەراورد بە سوپای عێراق و زۆر زیاتر لە سوپای عێراقیش شەهید و برینداری داوە لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ.
لە كاتێكدا پێشمەرگە كاراكتەری سەرەكی شەڕی ئازادكردنی موسڵە و قوربانی دەدات، كەچی وڵاتانی وەك ( میسر و بەحرەین و چیك و لوبنان و قەتەر و هۆڵەنداش، بانگهێشتی كۆبونەوەكە كرابوون.
دوای بەرێوەچوونی كۆنگرە، ئەنجومەنی وەزیران یحكومەتی هەرێم تەنها بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی بۆمایەوە و ئیدانەی ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراقی كرد بەوەی هۆكاربووە بۆ بەشداری نەكردنی كورد لە كۆنگەرەكەدا و پێشیان وابوو دەبوو حكومەتی عێراق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێزیان لە قوربانیەكانی كورد بگرتایە لە جەنگی داعشدا.
جێی خۆیەتی هەڵوێستەی جدی بكرێت لەسەر ئەم ڕووداوە و زۆر لێكدانەوەی بۆ بكرێت.
دەبوو ئەو هەموو شاند و بەرپرسانەی دێنە هەرێمی كوردستان و هەمیشە كورد هان دەدەن بەوەی شەڕكەری چاكن، وەڵامی ئەوە بدەنەوە میسر و بەحرەین و لوبنان و چیك و هۆڵەندا، پەیوەندیدارن بە شەری موسڵ و داهاتووی شارەكەوە یاخود هەرێمی كوردستان، ئاخر ئەوان چەند سنوریان بە موسڵەوەیە و چیان لەدەست داوە بەرامبەر بە داعش.
دەبێت بەرپرسانی هەرێم وەڵان بدەنەوە، بەشداریتان لە شەڕی موسڵ و قوربانیەكانی پێشمەرگە بە چ ڕێكەوتنێك كراوە و ئەو هەڵایەی لەسەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دروست كرا چی لەوبارەوە سەوز كردووە.
ئاخر حكومەتی عێراق بە ڕەوای نەبینێت بەشداریتان پێ بكات لە كۆنگەرەیەكی وتارداندا، دوای ئازادكردنی موسڵ و ئەوكاتەی دەستی لە دەستی داعش بویەوە چ حسابێكمان بۆ دەكات.
ئەگەر وڵات و پەرلەمان و دام و دەزگاكان لەسەر خۆی بوایە دەبوو دەیان بەرپرسی هەرێم و پەیوەندیەكانی بانگهێشت بكرابانایە و بە جدی پرسیاریان لە ئاستی پەیوەندیەكانی هەرێم بكردایا، چونكە لۆژیكی نیە عێراق هۆكار بووبێت بۆ بەشداری نەكردنی كورد، چونكە تاكە كاراكتەری لاوازی نێو كۆنگرەكە خودی عێراق و جەعفەری بووە و ئەگەر هاوپەیمانان نیازیان هەبوایە لە بەدشاری حكومەتی هەرێم، عێراق ئەوە نەبووە بتوانێت قسە لە قسەیاندا بكات.
لێرە بەدواوە دیسانەوە ئەوە لای زیهنی ئێمەدا دەچەسپێت كە بەجدی كورد شەڕكەری باشە نەك سیاسیەكی باش و هەمیشە ئەوەی لەسەر زەویدا ڕۆڵەكانی بەدەستیان هێناوە، لە ژووری گفتوگۆكاندا سیاسیەكان لەدەستیان داوە.