نامەیەكی كورتی دۆستانە بۆ بەڕێز ڕێكخەری گشتی بزوتنەوی گۆڕان

  پێنج شەممە, 03 تشرینی دووەم 2016 10:46

ئەم كاتەت باش
لە ڕووی ئۆرگانیەوە ئێمە خۆمان بە كەسێك لە بزوتنەوەكەتان نازانین ، بەڵام گۆڕانی بەردەوام بەرەو باشتر و چاكتر ئەو پرنسیپەیە كە هەموو كەسێكی چاك خواز خۆشی لێ دێت .
جێگای تێ ڕامانی من بوو كاتێ لە گەڵ بەشێك لە ئەندامانی بزوتنەوەكەت كۆبونەوەت كردوە لە دوور ووڵات و خەمی ووڵات تاو توێ دەكەن دوو پرسیاری زۆر جەوهەریت ئاراستە كردوون ( چی بكەین ؟ ) و ( چیمان پێ دەكرێ ) جا نازانم عەقڵ و سەلیقەی ئەندامان ئازمایش دەكەیت یان هەر بە جدی ڕاوێژیان لە گەڵ دەكەیت و ئەگەر ڕێیان لە قسە و ڕێگای باش كەوت بە گوێیان دەكەیت ؟ ئەمەیان بۆ خوتان بەجێ دەهێڵم هەر چەند ئێمە بە دیوە باشەكەیدا تەفسیری ئەكەین با ئەم تەفسیرەش دوور بێت لە واقیعی سەركردە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عالەمی دواكەوتوو .
من وا ئەزانم ئەم دوو پرسیارە هەر چەند زۆر جار وەك هاوتای یەك قسە كەر ڕیزیان دەكات و بەكاریان ئەهێنێ بەڵام هەر یەكەیان لە دوو جیهانی جیاوازن بۆ یە كەمێك لە سەر هەردوكیان ئەوەستین و دوو پرسیاری تر هەیە كە ئەوانیش بریا بكرانایە بۆ ئەوەی مەشهەدەكە زیاتر ڕۆشن بوایەتەوە ئەویش ( ئەبوالە ڕابردودا چیمان بكردایە یان نەمان كردایە ؟ ) ( چیمان پێ ناكرێ ) تا فیكر و بینشەكان زیاتر كار بكەن و ڕێگاكە ڕۆشن بكەنەوە .
چی بكەین ؟ ئەم پرسیارە دیاری كردنی ئەو هەنگاوەیە كە ئەبێ بنرێ هەرچی ڕوو ئەدات لە پێناویدا نابێ بیری لێ بكرێتەوە ، گرنگ كردنی شتەكەیە یان هەنگاو نانە بۆی لە ژێر هەر دۆخ و كەش و هەوایەكدا بێت .
چیمان پێ دەكرێ ؟ ئەم پرسیارە لە جیهانێكی تردا خۆی نمایش دەكات كە جیهانی ممكیناتە ، واتە زۆر شت هەیە كە ناتوانرێ بكرێ ، مەرج نیە كە قەناعەتت بە شتێ ببێ ئەبێ بكرێ ، یان كە شتێ ناكەی یان هەنگاوێ نانێی قەناعەتت پێی هەبێ و ستراتیژت بێت ، لێرە وە سیاسەتی واقیع بینی لە دایك ئەبێت ، واقیع بینی واتای تەسلیم بوون بە واقیع نیە ، ئەوەی كار ئەكات و ئەجوڵێ واتای ئەوەیە واقیعی بەدڵ نیە ئەگینا بێ گرفت لێی دائەنیشت مێشێك میوانی نە ئەبوو .
جا لێرەدا من وەك كوردێ ئەڵێم بزوتنەوەكەت ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی پێ دەنرێ و دەكرێ :
1- بزوتەوەی گۆڕان ئەتوانێ بە هۆی دەزگای ڕاگەیاندن و كەناڵەكانی پەیوەندیەوە ڕۆڵی گەورە ببینێ لە دروست كردن تاكێكی مەدەنی هاوچەرخی ئاشتی خوازی مرۆڤ دۆستی ڕێز لە یاسا، نیشتمان پەروەر ..... هتد .
2- ئەتوانێ ڕۆڵی سەرەكی ببینێ لە ئاشتەوایی نیشتمانی با لە سەر حیسابی بەرژەوەندی خۆشی بێت تا زەمینە ساز بكەین بۆ زیاتر بەدەست هێنانی مافەكانی گەلی كوردمان .
3- ئەتوانێ لە چاك سازیدا و لە ناو دەزگاكانی حكومەتدا چاكسازیی بكات ، چونكە سەربازانێكی خوێن گەرم لە سەربازگەكەیدا هەیە كە بێزیان لە گەندەڵی و گەندەڵ كاران ئەبێتەوە .
4- ئەتوانێ ڕۆڵ ببینێ لەو درزە كۆمەڵایەتیەی كە بوەتە نێو ماڵی كورد و سۆرانی لە وڵاتێكە و بادینی لە وڵاتێكی ترە .
5- ئەتوانێ ڕۆڵ ببینێ لە دروست كردنی ووتارێكی نەتەوەیی ڕوون بەرامبەر دراوسێكانمان و شێوازی مامەڵە لە گەڵیان ، نەك ئەوەی كە ئێستا هەیە هەر لایەنەی لە شوێنێ خەو ئەبینێ .
6- ئەتوانێ گرفتەكانی هەرێم ڕیز بكات و كامەی ئاسان دێت بە دەستەوە دەستی بۆ ببات و شتانێك كە ئەزانێ لە بەری ناڕوات هەڵی بگرێت بۆ كاتێكی تر و زەمینەیەكی لە بار تر .هەندێ شت هەیە بە تەنیا پێی دەكرێ ، هەندێكی تر هەیە بە تەنیا پێی ناكرێ و ئەبێ لەگەڵ دۆستەكانی هەڵی بگری ، ئەو كاتە ئەبێ بە نەغمەی ئەوانیش بتوانی بڕوا یان هەنگاو بنێ .
7- نازانم چەند گرنگی ئەدەیت بە وێنا كردنی شتەكان لە قورئاندا بەڵام یەك خال باس ئەكەم ئەویش شێوازی گۆڕانكاریە ، قورئان ئاماژە بەوە ئەكات ئەفەرموێ ( ان الله لا یغیر ما بقوم حتی یغیروا ما بانفسهم ) نا فەرموێ ( حتی یغیروا ما بهم ) كەواتە گورانكاری لە ناخەوە دەست پێئەكات بۆ دەرەوە نەك پێچەوانەكەی ، گۆڕانكاری پروسەیەكی زۆر ورد و ئاڵۆزە كاتی زۆری ئەوێت ، نەریت بە پەروەردە ئەگۆڕێ نەك یاسا دەر كردن ، یاسا ئاسان كاری ئەكات ، تاكێك یاسا شكاندن یا ن خۆ دزینەوە لە یاسا بە پیاوەتی و ئازایەتی بزانێ زۆری ئەوێت تا دێینەوە ڕاسە .
8- شتی تر زۆرە كە پێمان ناكرێ پێم خۆش نیە من لێرەدا باسی بكەم ، چونكە هەمیشە سیاسەتی ( پەرداخەكە نیوەی پڕە ) لە ژیانمدا پەیڕەو كردوە و دوور كەوتومەتەوە لە ( پەرداخەكە نیوەی خاڵیە ) تا هەمیشە بەرهەمدار بین
9- ئومێدەكەم توانیبێتم كەمێك بەشداری وەڵامی پرسیارەكانم كردبێت ، سەركەوتن بۆ خۆتان و بزوتنەوەكەتان ئەخوازم