كوردایەتی بە سۆزداری , سیاسەت بە دورشمبازی

لای هەمووان روونە لە دوو رۆژی رابردوودا لە باكووری كوردستان لە پێشهاتێكی چاوەڕوانكراودا دەولەتی توركیا هاوسەرۆك و چەند پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی گەڵان (HDP) دەستگیركرد و ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری كوردانی لە هەرێم و پارچەكانی تر و تاراوگەشی بەدواخۆیدا هێنا. 

كوردایەتی بەسۆزداری ناكرێت: دیارە كە سەدان قسە و كۆمێنت و لێدوان و بەرنامە و چالاكی سیاسی لەسەر ئەم كارەی توركیا كراوە كە زۆرینەی سۆز و عاتیفە پێشی بە عەقل و سیاسیەت گرتووە و موزایەدەی سیاسی و كوردایەتی فرۆشتنەوە لەبری رەخنەی جددی هراج كراوە .
سیاسیەت بە دورشمبازی نابێت: بەداخەوە خەڵكی خۆمان لەبری سیاسیەت كردن بە پێوەر و تیۆرەكانی كاری سیاسی بە دورشمبازی و هوتاف كێشان حزبایەتی دەكەن, دەرەنجامیش دووچاری شكستی سیاسی دەبنەوە و لەوەش خراپتر ئۆباڵەكەی دەخەنە ئەستۆی نەیارەكانیان, لەبری ئەوە ئەم شكستە سیاسییە بكەن ویستگەی بەخۆداچوونەوە و رەخنە لەخۆگرتن و راستكردنەوەی رێرەوەكان.
حكومەتی توركیا هەلەدەكات: حكومەتی توركیا كە (AKP) سەرۆكایەتی و پێكهێنەرییەتی هەڵەدەكات كە لە پرۆسەی ئاشتی پاشەكشێ دەكات و دووبارە دەگەڕێتەوە سەر رێگە كلاسیكێیەكان بۆ مامەڵە لەگەڵ كێشەكان و دەستپێشخەری لەگۆڕنانی حیواردەكات, چونكە هیچ كات زمانی شەڕ تا سەر نەبووە و دواجار لوژیكی هێز تەسلیم بە هێزی لۆژیك بووە, لە مێژووی هەشتا ساڵەی دەوڵەتی توركیا بە ئاگر و ئاسن مامەڵەی لەگەڵ كورد كردووە و شەڕی كردووە نەیتوانی كۆتایی بە كورد بێنێت, دواجار بە پرۆسەی چارەسەری دانی نا كە لە توركیا كورد هەیە, دۆزی هەیە, دەبێت چارەسەری بكرێت, بۆیە ئەم پێشهاتەش كاتیی و بێ جەدوایە, چونكە دۆزی كورد لە باكوور شەڕی چەند چەتەیەك نییە كە لەشاخەكان یاخیببن و داوای پارەو و نان بكەن تا دەوڵەت بە گەمارۆدان و گرتن و كوشتن كۆتایی بە یاخیبوونەكە بهێنیت و ئارامی بگێڕێتەوە, ئەمە دۆزی نەتەوەیەك كە نە دەمریتاش دروستی كردووە تا بەگرتنی كۆتایی بێت وە نەبەنەمانی دەمیرتاش رەوایەتی دۆزەكە كەمدەبێتەوە. بەڵكو بەپێچەوانەوە دۆزەكە زیاتر رەوایەتی وەردەگرێت و دەمیرتاشیش زیاتر لە دیدگای دەنگدەران و لایەنگرانی گەورەتر دەبێت.
(HDP) هەڵەی كرد : پارتی دیموكراتی گەلان و سەرۆكەكەی هەڵەی كرد كە لە هەڵبژاردنی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015 توانی بۆ یەكەم جار بەربەستی (10%) تێپەڕبكات و (81) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات, بەڵام لەیەكەم وتاریدا گوتی ناچینە حكومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەردۆگان, چونكە هەمووان دەزانین كورد لە توركیا لەباشترین حاڵەتدا ناتوانێت (50+1) كورسییەكانی پەرلەمانی توركیا بباتەوە , بۆیە ناچارە بچێتە هاوپەیمانییەتی, بۆیە دەبوو سەركردەكانی (HDP) سیاسییانە و بەرژەوەندیخوازانە بڕیاری بەشداری یان بایكۆتی حكومەتی (AKP) بكەن نەوەكو بە ئایدۆلۆژی رەفتار بكەن, هەمووان دەزانن ( JHP MHP) لە رابردووی سیاسی توركیا دەست و پەنجەیان لەگەڵ دۆزی كورد رەق بووە و نكوڵیان كردووە لە بوونی نەتەوەیەك جگە لە تورك, بەڵام (AKP) بەڕووی كوردا كراوەتر بوو- بەڵی لەئاستی چاوەڕوانی كوردان نەبوو - بەڵام لەهەمووان ئاسانتر بوو بۆ مساوەمە و سازان چونكە (AKP) لە توركیا خاوەن پرۆژەیەكی سیاسی و ئابووری و تەنانەت ئیقلیمیشە چاوەرێی هاوبەشێكی دەكرد كە یارمەتی بدات لە پرۆژەكانی, لەبەرامەبەردا كوردیش پێویستی بە دەسەڵاتیك هەیە كە مەودایەكی باشتر لە جاران ئازادی هەبێت و ئامادەیی مامەلەكردن بێت و دەكرا سەركردەكانی (HDP) بەرژەوەندیخوازانە بۆ دۆزی نەتەوەی كورد لە باكوور بەمەرجی وەدەستخستنی مافی زیاتر بۆ كورد هاوبەشی بكەن لەگەڵ ئەردۆگان و (AKP), ئێ خۆ ئەوانیش وەكو خۆمان كێشەی سیستمی سەرۆكایەتیان نییە ؟
كورد لە هاوكێشەی ناوچەكە لاوازترین لایەنە: گومانی تێدا نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هاوكێشەیەكی نێودەولەتی و ئیقلیمی دەگوزەرێ كە ئەمەریكا رووسیا لە لایەك و ئێران توركیا لەلایەك و شیعە سوونە لەلایەكی ترەوە و خەلیج و عێراقیش لەلایەك لەم نیوەندەدا كورد لاوازترین لایەنی هاوكێشەكەیە, لە مێژوودا چەندین جار كورد سەرەڕای بەڵێنی زۆر و پشتگیری نێودەولەتی دواجار كراوەتە قۆچی قوربانی و فرۆشراوە , ئێستاش كورد هێشتا لە كەناری ئارامییە نییە و كەس دۆستی راستەقینەی نییە, هەربۆ نموونە كاتی كە رووسیا لەگەڵ توركیا نێوانیان تیكچووە دوای خستنەخوارەوەی فرۆكە رووسییەكە دەبینین رووسیا بانگهێشتی دەمیرتاش دەكات و پێشوازی لێدەكات و وێنەكانی بڵاودەكاتەوە تا بە ئەردۆگان بڵێ‌ دەتوانم كێشەی ناوخۆیت بۆ دروست بكەم . ئێستا كە نێوانی ئەردۆگان و پۆتین چاكبۆتەوە مۆسكۆ بێدەنگە كە ئامەد و دەنگی دەنگدەرانی ئەتككراوە, و هەڵوێستی نییە و ئەمەریكاو ئەوروپاش هەڵوێستی شەرمنانە نمایش دەكەن.