ئایا به‌ بریكارنامه‌ى گشتى ده‌توانرێت ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رى مۆڵه‌تپێدراو بكرێت؟

.
هه‌ندێكجار له‌ ژیانى وه‌زیفیدا ئه‌م پرسیاره‌مان لێ ده‌كرێت كه‌ فڵانه‌ فه‌رمانبه‌ر مۆڵه‌تى وه‌رگرتووه‌ ئیتر ئایا مۆڵه‌ته‌كه‌ى درێژخایه‌ن بێت یان كورت خایه‌ن و له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت خۆى ناتوانێت ده‌ستبه‌كار بێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت مۆڵه‌ته‌كه‌ى بۆ درێژ بكرێته‌وه‌ یان مۆڵه‌تى نوێ پێشكه‌ش بكات و بریكارنامه‌ى گشتى بۆ برایه‌كى یان خوشكى یان باوكى یان كه‌سێكى نزیكى كردۆته‌وه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌ى بۆ بكات، تا چه‌ند ئه‌م كاره‌ رێگه‌ پێدراوه‌؟
بێگومان ئه‌م جۆره‌ ده‌ستبه‌كاربونه‌وانه‌ له‌ رووى یاساییه‌وه‌ رێگه‌ پێدراو و جائیز نیه‌ له‌به‌ر به‌م هۆكارانه‌ى لاى خواره‌وه‌ :
1-له‌ ژیانى وه‌زیفیدا فه‌رمانبه‌ر خودى خۆى (محلى ئیعتباره‌)لاى ده‌سه‌لاتى كارگێڕیى و خۆى به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ركه‌كانى سه‌رشانى و به‌ گوێره‌ى پسپۆرى و تایبه‌تمه‌ندى خۆى دامه‌زراوه‌ و له‌ شوێن و پێگه‌یه‌دا كار ده‌كات كه‌ ده‌سه‌لاتى كارگێڕیى پێویستى به‌و پسپۆرى و تایبه‌تمه‌ندییه‌.
2- به‌ گوێره‌ى ئه‌حكامى مادده‌ى (4/ یه‌كه‌م) له‌ یاساى به‌رزه‌فتكردنى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وله‌ت و كه‌رتى گشتى ژماره‌ 14ى سالى 1991 فه‌رمانبه‌ر واجبه‌ له‌سه‌رى خودى خۆى هه‌ستێ به‌ ئه‌نجامدانى كاره‌ وه‌زیفییه‌كانى وه‌ك هاتووه‌ (( أدا‌ء أعمال وظیفته بنفسه ...)) واته‌ ئه‌گه‌ر هاتوو فه‌رمانبه‌ر خۆى هه‌ڵنه‌سا به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌ركه‌ وه‌زیفییه‌كانى سه‌رشانى و كه‌سێكى دیكه‌ بۆى راپه‌راند ئه‌وا رێگه‌ پێدراو نیه‌ و سه‌رپێچى یاسایه‌.
3- به‌ گوێره‌ى ئه‌حكامى مادده‌ى (سى و حه‌وت/2) له‌ یاساى راژه‌ى شارستانى ژماره‌ 24ى سالى 1960 پێویسته‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ پاش كۆتایى هاتنى مۆڵه‌ته‌كه‌ى ده‌ستبه‌كارببێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هاتووه‌ له‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ (10) تێپه‌رى به‌سه‌ر ته‌واوبوونى مۆڵه‌ته‌كه‌یدا و ده‌ستبه‌كار نه‌بوویه‌وه‌ بێ هه‌بوونى مه‌عزه‌ره‌تێكى مه‌شروع ئه‌وا به‌ ده‌ستله‌كارهه‌ڵگرتوو داده‌نرێت واته‌ ئه‌م ده‌ستبه‌كارنه‌بوونه‌وه‌ى ده‌چێته‌ خانه‌ى (الإستقالة الحكمیة)
4- ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ر له‌ وه‌زیفه‌ واته‌ پێدانه‌وه‌ى سیفه‌تى وه‌زیفى به‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ و هه‌بوونى تواناى قانونیه‌تى به‌سه‌ر رایى كردنى ئه‌و مامه‌ڵانه‌ى دێنه‌ به‌رده‌ستى به‌ سیفه‌تى پسپۆرى و بروانامه‌كه‌ى ، خۆ گه‌رهاتوو له‌برى خۆى كه‌سێكى ئه‌م كاره‌ى كرد ئه‌وا ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵانه‌ له‌رووى قانونیه‌وه‌ دروست نین چونكه‌ له‌ فه‌رمانبه‌رى تایبه‌تمه‌ند و پسپۆره‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌.
5- ئه‌گه‌ر وادابنێین باوك یان برایه‌كى فه‌رمانبه‌ر به‌ بریكارنامه‌ى گشتیه‌وه‌ ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌یان بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ كرد و وه‌كیله‌كه‌ هیچ جۆره‌ بروانامه‌یه‌كى نه‌بوو له‌ كاتێكدا فه‌رمانبه‌ره‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كه‌ بروانامه‌ى زانكۆى هه‌بوو، ئایا له‌م كاته‌دا ئه‌و وه‌كیله‌ چۆن ده‌توانیت كاره‌ وه‌زیفيه‌كانى فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ رایى بكات تا ئه‌و كاته‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ ده‌ستبه‌كارده‌بێته‌وه‌ یان دووباره‌ مۆڵه‌تى پێده‌درێته‌وه‌ له‌ كاتێكدا مۆڵه‌ت پێدانه‌وه‌ش له‌ ده‌سه‌لاتى ته‌قدیرى ده‌سه‌لاتى كارگێڕییه‌و ده‌كرێت هه‌ر مۆله‌ته‌كه‌ نه‌داوته‌وه‌ ئایا له‌م كاته‌دا حاله‌ته‌كه‌ به‌ كوێ ده‌گات!! یان ئه‌گه‌ر هاتوو وه‌كیله‌كه‌ فه‌رمانبه‌ر بوو له‌ دائیره‌یه‌كى دیكه‌ یان دائیره‌ى خودى فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ ،ئایا وه‌كیله‌كه‌ چۆن ده‌توانیت له‌ یه‌ك كاتدا دوو وه‌زیفه‌ راپه‌رێنێ !!
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ پێشه‌وه‌ باسمان كرد فه‌رمانبه‌ر ده‌بێت خودى خۆى له‌ كاتى یاسایی خۆیدا ده‌ستبه‌كار ببێته‌وه‌ و یاسادانه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رگا به‌رووى هه‌موو ئه‌گه‌رانه‌دا دابخات به‌ واجبى داناوه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ر خودى خۆى ئه‌ركه‌ وه‌زیفییه‌كانى سه‌رشانى راپه‌رینى و خودى خۆى ده‌ستبه‌كاربێته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌ر ده‌ستبه‌كار نه‌بوویه‌وه‌ ئه‌وا به‌ ده‌ستله‌كارهه‌ڵگرتوو (مستقیل) داده‌نرێت.