پاش كۆتایی دەسەڵاتی داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆسەر ئارامی هەرێم

 

ئاشكرایە ئەم ڕۆژانە بەكۆتا ڕۆژەكانی دەسەڵاتی داعش دادەنرێت لەڕووی سەربازیەوە سەرەتا لە عێراق كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەم گروپەدێت و پاشان لە سوریادا هەمان چارەنوس چاوەڕوانیانە , پێدەچێت ڕۆڵی داعش لەسەر ساحەی ناوچەكە كۆتایی هاتبێت .

حاشا هەڵنەگرە ئەگەر نەڵێم هەزاران ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم گرووپە توندڕەوو تیرۆریستە خاوەنی سەدان ئەندامی گوێلەمشت وڕاهێنراوو دەیان شانەی نوستوە لەئێستەدا هەوڵدەدات لە شارو شارۆچكەكاندا بیانخاتەخزمەت كاری قۆناغی داهاتویانەوە .

بۆیە چاوەڕوان ناكرێت بەكۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەربازی داعش ئیتر ئەم گرووپە كۆتاییپێبێت و وەك كڵۆ بەفری بەهار بتوێتەوە بەڵكو لەهەوڵدایە بۆ خۆ ڕێكخستنەوەو قۆستنەوەی هەلی گونجاو بۆ پشێوی نانەوەو تۆڵەسەندنەوە لە پێشمەرگەو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەڕێی ئەنجامدانی كاری تیرۆریستانەی وەك خۆتەقاندنەو تیرۆری تاكەكەسی و مەفرەزەی پارتیزانی و هەركارێكیتری تێكدەرانەیتر كە بۆیانبكرێت ......هتد.

ئەمەش كاری حكومەت و هێزەكانی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی هەرێم وتەواوی هێزی پێشمەرگە زیاتردەكات و پێویستی بەهاوكاری و چاوكراوەیی هەموو تاكێكی هاووڵاتی دڵسۆزە لەبەرئەوەی پاش كۆتایی داعش ناوچەكە بارگاویدەبێت بە هەوری ڕەشی كاری تێكدەرانەی هێزێكی دڕندەو دوژمنێكی ڕاهێنراوو دوورلە تەواوی بەها ئاینی و مرڤایەتیەكانی وەك ( داعش ).

لێرەوە پێویست بە هەماهەنگی و یەكخستنەوەی نێوماڵ و كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی و گەندەڵی و نادادی و قۆرخكاری و ستەم دەكات لەهەموو سێكتەرەكاندا چ لەلایەن دەسەڵاتەوە یان هێز و لایەنە سیاسیەكانەوە . ئەمەش سەرەتا ئەركی سەرۆكایەتی هەرێم وحكومەتە بەهەوڵدان بۆ بەكاراكردنەوەی پەرلەمان و دەزگا شەرعیەكان و پاشان ئەركی سەرشانی لایەنە سیاسیەكان وهەموو تاكێكی نیشتمان پەروەرو دڵسۆزە لەخەمی سەروەری یاسا و پاراستنی دەستكەوت و سەروەریەكانی پێشمەرگەدابن .

لێرەوە بەڕاشكاوانە دەڵێم دەبێت هەموولایەك لەوەدڵنیابن ئەم كەلێن و درزەگەورەیەی كەوتوەتە نێوان لایەنەسیاسیەكان بەهۆی هەڵپەی كورسی و دەسەڵاتخوازی لەلایەك و قۆرخكاری وخۆسەپاندن و چاوسووركردنەوەو ممارەسەی سیاسەتی برسیكردن لەلایەكیترەوە كەشوهەوایەكی نائارام و پڕلە دڵەڕاوكێ و بێمتمانەیی خولقاندوە چاوەڕوانی دەرەنجامی باشی لێناكرێت بەتایبەت لەسەروبەندی ئەم كاتەناسكەی ناوچەكەی پیاتێدەپەڕێت . ئەوەتا لەبریتی هاوهەڵوێستی و برایەتی و خەمی نیشتمان سەرباری ئاش و ماشی سەركردەكان لەئاستی باڵادا لە ڕاگەیاندنەكانیانەوە بۆ ئیستفزازكردنی یەكتر كەوتونەتە تۆمەتبەخشینەوەو یەكتر خائنكردن و یەكتر قەبووڵنەكردن ئەمانەش ئاماژەیەكی خراپن بەئاراستەی ناسەقامگیری و قۆستنەوەی دۆخەكە لەلایەن تیررۆریستە پەرتەوازەكانەوە بۆخۆكۆكردنەوەو پاشان خۆمەڵاسدان تا هەڵكەوتنی هەلی گونجاو بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆر و تێكدەرانەیان وەك پێشتر لە سەرهەڵدانی (انصار الاسلام و جند الاسلام) و چەندگروپێكی توندئاژویتردا بەدیكراون.....

 

م-ع-ك