هۆكارەكانی دروستبوون و فاكتەری بەهێزبوونی ڕێكخراوەی داعش

  دوو شەممە, 21 تشرینی دووەم 2016 13:34

 

 

بۆڕێگریكرد لەسەرهەڵدانەوەی داعش و هاوشێوەكانی پێویستە سەرەتا هۆكاری دروست بوون و سەرهەڵدانی ئەم تاقمە لەبەرچاوبگیرێت و پاشان فاكتەرەكانی بەهێزبوون و گومڕابوونیان بەووردی شرۆڤەبكەین تا چیدی ڕۆڵەكانمان نەبن بە قوربانی دەستی ڕەشی تاوان و قینی دڵی تیرۆریستی و كاولكاری
وشەی (داعش) لەپیتەكانی یەكەمی ناوی ڕێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام) پێكهاتوە كە ڕێكخراوەیەكی توندڕەوی ئاینی فرە ڕەگەزە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان دروشمی (لاحیات بدون سیف) یان بەرزكردوەتەوە و بڕوای تەواویان بە بەكارهێنانی هێزە لە یەكلا كردنەوەی كێشەكاندا نەك بەڕێگەچارەی ئاشتیانەو دانوستان .
ئەندامانیان فرەڕەگەزن و لەسەر ئازایەتی و چاونەترسی و دڵڕەقی پەروەردەدەیان دەكەن و هانیاندەدەن لەهیچ سڵنەكەنەوە و بەردەوام بەڕووداوو كاراكتەرە مێژووییەكان هانیاندەدەن . ئایدیایەكی توند و هەڵەی ئاینیان هەیە كە پێچەوانەیە بە پەیام و بەها باڵاكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و (بەخەیاڵیان) لە هەوڵی بەزۆر گێڕانەوە و سەپاندنی خەلافەتی ئیسلامیدان!

باوەڕیان بەئازادی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی ئاین و بیروڕا جیاوازەكان نیە. و بەردەوام داوای ملكەچی و توانەوەی بیروڕا و ئاین و ئاینزا جیاوازەكانی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتیان داوە و هەوڵی توانەوەیانیانداوە لە بۆتەی بیرو ڕاكانی خۆیاندا ! هەمان تەرزی بیری توندی (خوارج) یان هەیە بەرامبەر بە موسوڵمانانی دەرەوەی گروپەكەیان و بە هەڵگەڕاوەو لادەریان دەبینن . و كوشتنیان بەحەڵاڵ دەبینن و پاكتاوكردنیان بەكاری لەپێشینەی خۆیان دەبینن پێش ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنە ڕاستەقینەكانیان (بێباوەڕان ) لەبەرئەوەی بە كۆسپو لەمپەریان دەبینن

لەگەڵ بەرامبەرەكانیان پێچەوانەی ئاكارە بنچینەییەكانی (ئاشتی و ئازادی ولێبووردەیی و دادپەروەری ) ئاینی ئیسلام بەوپەڕی دڵڕەقی و بێبەزەییانەوە ڕەفتاریانكردوەو دەكەن .
دامەزراندنی ئەم گروپە لەعێراق دەگەڕێتەوە بۆ (15ی اوكتوبری 2006 لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق) ئەم ڕێكخراوەیە سەرەتا لەشاری ڕومادی سەریهەڵدا بەبیانوی بەرەنگاربوونەوەی سوپای هاوپەیمانان و پاراستنی ناوچە سونەنشینەكان لەستەمی میلیشیاكانی شیعە (عصائب الحق, فرق الموت , جیش المهدی .....دەیانیتر)
دەتوانین بڵێین كاریگەری هەژموونی جەمسەرە مەزهەبیەكان و گەندەڵی ئیداری وسیاسی هۆكاربوون بۆ لاوازی دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی بەجۆرێك توانای پاراستنی هاووڵاتیانی نەمێنێت ئەم لاوازیە سەرهەڵدانی میلیشیا شیعەكانی لێكەوتەوە بەئامانجی تۆڵسەندنی مەزهەبی لە سوننەكانی ناوەڕاست و بووبەهۆی بێمتمانەیی نێوان پێكهاتەی سوننە و حكومەت و ڕێگەخۆشكەربوو بۆ سەرهەڵدانی چەندین گروپ و دەستەوتاقم لە كۆنە بەعسیەكان و هەندێك لە گەنجانی ڕومادی و گەڕەكە سونەنشینەكانی بەغدا بوئامانجی خۆپاراستن لە تۆڵەی دڕندانەی میلیشیا شیعیەكان ئەمەش سەریكێشا بۆ قۆستنەوەی لەلایەن توندڕەوو تیرۆریستانەوەو بووبە بەفاكتەری هیزبوو بۆ سەرهەڵدانی ڕێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی ) وە .

لەسەرەتای سەرهەڵدانی (داعش) دا حكومەت بڕیاری دروستكردنی (صحوات)ی عەشائری سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدراڵی بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست دەركرد لەماوەی ساڵێكدا توانیان ئەم گروپە تەواو سەركوت و لاوازبكەن تانزیكی هەرەسهێنان . تاساڵی 2007 .

بەڵام دواتردۆخەكە گۆڕانكاری بەسەرداهات بەجۆرێك بوو بەفاكتەری بەهێزبوونی سەرجەم گرووپ و ڕێكخراوە توندڕەوەكان دەرەنجامی كاریگەریەكانی ئەم فاكتەرانە :
1-سیاسەتە مەزهەبی وهەڵەكانی (حكومەتی عێراق) لە 2009دا صحواتی ناوەڕاست لەژێر فشاری سەركردە شیعەكاندا هەڵوەشێنرایەوە لەبەرامبەردا میلیشیا شیعیەكانی (عصایب الحق و فرق الموت و جیش المهدی...هاوشێوەكانیان) دەستكراوە و ئازادكران بۆ سوكایەتی و كوشت و بڕی سوننە لەناوەڕاستی عێراق بەپاساوی تۆڵەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەگۆڕنراوەوە .

2-پلانە هەڵەكانی مالكی بۆ چارەسەری خۆپیشاندانەكانی ڕومادی و فەلوجەو هەڵوەشاندنەوەی مانگرتنەكانیان لەڕێگەی هێرشی سەربازیەوە بەهاوكاری میلیشیا شیعەكان لە دیسەمبەری 2011 كە كاریگەری هەژموونی مەزهەبی پێوەدیاربوو زیاتر لێكترازانی پێكهاتەكانی عێراقی لێكەوتەوە و هەنگاوێكێكیتری پێكهاتەی سوننەی لە توندنڕەویەوە بەرەوتیرۆر هەڵگرت .

3-پەراوێزخستن و سەركوتكردن و تۆمەتباركردنی سەركردە سونەكان لەژێرناوی ڕیشەكێشی بەعسی هەڵوەشێنراو و بەپاساوی هاوكاری تیرۆرو گەندەڵی و...هتد ئەمەش زۆر كەسایەتی و سەركردەی دیاری ناوچە سوننەنشینەكانی خلیسكاندە زۆنگاوی تیرۆرەوە بۆ خۆپاراستن و تۆڵەسەندنەوە .

4- هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق بەپاساوی لایەنگیری و پشتیوانی حیزبی بەعس و باڵادەست بوونی ڕەهای حەشدی شەعبی شیعەو پەراوێزخستنی پێكهاتەی سوننە و پڕكردنی گرتوخانەكان لە گەنج و پیر و ژن و پیاوی سوننە لەلایەن سوپای ئەمریكاوە بەچەندین تۆمەتی جۆراوجۆر كە ئەمە بە( هەڵەی كوشندەی ئەمریكا هەژماردەكرێت ) لە شێوازی ئیدارەدانی حوكمڕانی عێراقدا دوای ڕژێمی صدام حسین لەسەردەمی (مجلس الحكم و حاكمی ئەمریكی پۆل بریمەردا) .

5- گەندەڵی سیاسی و ئیداری و ئابوری وەك خۆرە تەواوی دامودەزگاكانی عێراقی تەنیوە بەجۆرێك بوە بەسیمای دەسەڵاتی حوكمڕانی عێراق ئەمەش ڕێگەخۆشكەرە بۆ لێكترازان و بێسەروبەرەیی و چاوەڕوانی ڕودانی هەموو ئەگەرێكی نەخوازراوی لێدەكرێت .

ئەتوانم بڵێم ئەمانە ڕوخسارە ئاشكراو دیارەكانی هاوكێشەكەن ئەوەی لەپشت پەردەو لەژوورە تاریكەكاندا نەخشەسازی بۆكراوە لەلایەن زلهێزانەوە ترساناكتر و ووردتربوون بۆ بەدیهێنانی ئامانجی تایبەتی هێزە خاوەن بەرژەوەندیە هەمیشەییەكانی (پێگەی سیاسی و سەربازی و مۆنۆپۆلكردنی ووزەی نەوت و سەرچاوەكانیتر لە جیهان و ناوچەكەدا .
بەگشتی ئەمانە فاكتەری لاوازبوونی حكومەت بوون لەلایەك و چاندنی تۆوی توندوتیژی و گەشەی تیرۆربوون لە پێكهاتەی سونی ناوەڕاست و هەڕەشەی لێكهەڵوەشانی عێراق بوون لەلایەكیترەوە , بەم هۆیەشەوە زۆرێك لەوكەسانەی حكومەتەكەی مالكی ستەمی لێكردبوون پەیوەندیان بە ڕێكخاوو گروپە توندڕەوەكانەوەكرد وەك پەناگەو خۆكۆكردنەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە ئەمەش یەكێك بووە لەفاكتەرەكانی بەهێزبوونی داعش لە ناوەڕاستی عیراقدا .

 

م-ع-ك