بەغدا نەچوە ژێر بار بۆیە موچەخۆرانی هەرێم ناچار كران.!!!

  دوو شەممە, 28 تشرینی دووەم 2016 06:38

 

حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەدرێژایی مانەوەی (مالكی) لە دەسەڵاتدا و تا درێژ بونەوەشی بۆ سەردەمی (عەبادی) ی لە كێشمەكێشدابون بۆ پێدانی شایستە دارایەكانی كۆمپانیا بیانیەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ، بەڵام بەغدا هەرگیز نەچووە ژێر سەپاندنی ئەو مەرجانەی حكومەتی هەرێم بۆ پێدانی ئەو بڕە زۆرەی شایستە دارایەكانیان كەلە ئەنجامی ئەو گرێبەستانەی كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان خۆی پابەندكردووە پێوەی.
هەر ئەوەش هۆكاری شاردنەوەی ئەوگرێبەستانەیە نەك لە ڕای گشتی تەنانەت سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانیش نەیانتوانیوە دەستیان بگات بەو گرێبەستانە، ئیتر چۆن بەغدا دەچێتە ژێر ئەو بارە قورسەوە؟؟!!
بۆیە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ بژاردنەوەی ئەو شایستە داراییانە پەنای برد بۆ بڕینی قوتی موچەخۆرانی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا كە هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت ، بەڵام هێشتا ناتوانێت چارەكە موچەی موچەخۆرانیش لەكاتی خۆیدا بدات!!! ئەگەر ئەم ماستە مویەكی تێدا نییە ئەی چییە؟؟؟ ئەمە لە كاتێدا جەنابی وەزیری سامانە سروشتیەكان وتی ئەگەر بەرمیلی نەوت ببێت بە 100 دۆلار و بەر هەمی ڕۆژانەشمان بگاتە یەك ملێۆن بەرمیل هێشتا ناتوانیین موچە وەك خۆی لێبكەینەوە!!!
باشە دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان چۆن چۆنی نەوتی ئەم هەرێمەیان فرۆشتبێت ؟ یان لە گرێبەستەكاندا لەسەر چی ڕێك كەوتبن ؟ یان بۆچی بەغدا نەچوە ژێر باری بژاردنەوەی ئەو شایستە داراییانەی كۆمپانیا بیانیە نەوتیەكانی ؟ باشە ئەگەر بەغدا بیزانیایە كە چونە ژێر ئەو بارە قورسە لە بەرامبەر گەڕانەوەی خاوەنداریەتی نەوتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە بەرژەوەندیەتی ڕێك نەدەكەوت؟؟؟
باشە دەبێت موچەخۆرانی هەرێم تاكەی باجی ئەو گرێبەستانە بدات؟ كەی ڕەشی ئابوری هەرێم ئاسایی دەبێتەوە ؟ كەی ناوەڕۆكی ئەو گرێبەستانە ئاشكرا دەكرێت؟ كەی ئەو شایستە داراییانەی كۆمپانیا بیانیە نەوتیەكان لە هەرێم كۆتایی دێت؟؟؟؟؟