وڵاتی كۆبونەوە و لیژنە!

بیست و پێج ساڵە لە مەملەكەتی عەجایەبەستان حیزب و لایەنەكان یان خەریكی كۆبونەوەن، یان سەرقاڵی پێكهێنانی لیژنەن!!!بەڵام سوپاس بۆخوا بێ بەرهەم نەبووە و جێگای خۆیان گرتوە. ئەوەنیە هەموو دنیا پێشبركێیانە كامیان زووتر بگاتە لامان، تا پیشتگیری خۆیمان بۆ دەربڕێ‌!،ئەوەنیە لەبەر تەبایی و كۆك بونمان تا ئێستا پێویستمان بە دەستور نەبووە و،ئەگەر جار جاریش تووشی شتێك بین ، ئەوە هەر لەناوخۆمان بە سوڵحی عەشایەری رێكدەكەوین و ئیشمان بە یاسا و رێسانیە.
ئێمە دڵنیاین كە هەموو پێشكەوتن و گەیشتنێك بە ترۆپكی سەركەوتن هەر بە كۆبونەوە و لیژنە دەبێ‌!،بۆیە بۆ ئاو خواردنەوەشە هەزار جار كۆدەبینەوە تا بزانین چەند ئاو بخوێنەوە و پلەی ساردی ئاوەكە چەندبێ‌ باشە و، باشترین كاتی ئاوخواردنەوە كەیە و.....!!!
راستە هەندێ‌ جار كۆبوەنەوەكان لەبەر سپلێت و كورسی نەرم و چای گەرم و میوەی تازە درێژە دەكێشی و، جەوەكە ئەوەندە خۆشە حەزناكەین كۆتایی بێ‌. بەڵام لە كۆتایدا بێ‌ كۆتایی هاتنی مەسەلەكە حەزدەكەین جاریكی تریش كۆبونەوە بكەین.
هەندێ‌ جار خەڵكێكی نەفام و دواكەوتوو لە جیهانی دەرەوە و، بە تایبەت وڵاتانی خوا پێنەداوی خۆرئاوا و بەشێك لە خەڵكی ناحاڵی خۆشمان ئەوەندە نەزانن، تەنانەت دەستەواژ و وشەكەشیان تێكداوە،چونكە ئەوان ناویان لەم دانیشتن و بەیەكەوە بوونە ناوە كۆبونەوە،بەڵام نا ئەمە هەڵەیەوە لە راستیدا كۆك بونەوەیە،چونكی ئێمەی برا و گیانێكی سەد جەستەیی پێویستمان بە كۆبونەوە نیە.
ئاخر ئێمە 12 مانگەی ساڵ و هەموو رۆژێك و هەندێ‌ جار بە شەویش هەر كۆدەبینەوە، ببورن مەبەستم كۆك دەبینەوە،ئاخر لە فەرهەنگی ئێمەدا دانیشتن و كۆبونەوەی رۆژانە ئەركێكی نیشتیمانیە و مایەی خۆشحاڵی هاوڵاتیانە.جا بۆئەوەی هاوڵاتیان هەمیشە لە خۆشیدابن و بەردەوام ئاسوودەبن ئیتر پێوستە،وەك ئەركێكی ئەخلاقی كۆتایی بە كۆبونەوەكان نەیەت و خۆشی هاوڵاتیان تێك نەچێ‌!!!
بۆ مەسەلەی لیژنەش بەهەمان شێوە لەبەر كاریگەری و ئەو هەموو دەسكەوتە مەزنانەی دەستمان كەوتووە لە پێكهێنانی لیژەنەكان،حەزدەكەین بۆ پاككردنەوە و نۆژنەكردنەوەی تەوالێت و سەرئاواكانیش لیژنە دروست بكەین،بۆ چی نا؟
كێ‌ دەڵێ‌ بەیانی لە ئەنجامی ئەو پێشكەوتە زاستنی و تەكنەلۆژیەی كە مەملەكەتەكەمان بە دەستی هێناوە، سبەی لیژنەیەك دروست ناكەین بۆ ئەوەی سەردانی یەكێك لە هەسارەكانی تر بكەن و، بزانن ئاخۆ بۆ ژیانی ئێمەی سەر دەستە گونجاوە یان نا؟! لەوانەیە بوترێ‌ جا ئەوە خۆ لیژنەی ناوێ‌، دەتوانن هەموو شتێك لە (ناسا) و، ویستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی وەرگرن و بزانن. بەڵام نا ئێمە قەناعەتمان وایە ئەم مەسەلەیە بێ‌ پێكهێنانی لیژنە ئەنجامی باشی نابێ‌ و دەمانەوێ‌ بە دەستی خۆمان پشتی خۆمان بخورێنن.