بیرو ئایدیای داعش لەنێوان بانگەشەی ئیسلامی بوون و شێواندنی دەقە ئیسلامیەكاندا

  شەممە, 03 کانونی یەکەم 2016 11:58

بەشی 1

لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی من بۆ هەڵسوكەوت و كارەكانی ئەم گروپە بۆم یەكلابوەتەوە بیر و كارەكانیان نەك ئیسلامیانە نیە بەڵكو پێچەوانەو دژەئاراستەی ڕۆحی پڕ لێبووردەیی ئیسلام و پەیامی هەموو ئاینێكی ئاسمانیە. 

ئاشكرایە بۆ گەشتن بەمەرام و حەزەكانیان وەك ئاكاری بنچینەیی ئەم تەرزە لە بیرو بۆچوون (خوارج و گروپە تەكفیریەكان) و هاوشێوەكانیان بەدرێژایی مێژووی ئیسلام لەململانێیەكی سەختدا بوون لەگەڵ ( هاوەڵان و شوێنكەوتوان و پێشینانی ئیسلام) دا لەڕووی فیكر و ممارەسەوە لەئێستاشدا ئەم ململانێیە لەنێوان ئەوان و ڕەوتی (میانڕەوی ئاینیدا) لەلوتكەدایە .

1-*بەكافركردن (التكفیر) ڕای جمهوری زانیانی بواری عەقیدە لەسەر ئەوەیە نابێت هیچكەسێك لەبەر گوناە و تاوان كافربكرێت هەرچەندە هەڵەی زۆرو گەورەشی هەبێت بەمەرجێك تروسكاییەك بۆ باوەڕ لەكەسەكەدا مابێتەوە. توندڕەوان ئەم دەستەواژەیە پێچەوانە دەكەنەوە و دەڵێن هەرچەند چاكەی زۆربێت مادام ئاكارێكی تێدایە پێچەوانەی دینی خوایە ئیتر كافرەو خوێنی حەڵاڵە ..ناپرسن ئەم سەرپێچیە لەترسان یان لەبرسان یان زاڵبوونی ئارەزوو پێی كردوە و دەزانێت گوناهی كردوە. ئاخر كافربوون بە باوەڕە واتە (اعتقاد)دەبێت نەك بە كردار .

ئەگەر چاوێك بەمێژووی ئیسلامدا بگێڕین نمونەمان زۆرە ئەوە بەسەرهاتی (حاطبی كوری ابی بلتعە) هەواڵی سوپای ئیسلامی دزی بۆ قورەیش بەجاسوسی كەچی نەكوشتیان و نە لەئیسلامیش دەركرا بەدەقی قورئان (ياايهاالذين امنو لاتتخذواعدوى وعدوكم اولياء تلقون اليهم بالمودة) 1 الممتحنة.. باشە چۆن دەبێت فەتوای كوشتنی پێشمەرگە و سەربازو پۆلیس و ئاسایش و ....هتد بدرێت بەتۆمەتی كافربوون؟؟

وتمان توڕەیی و توندڕەوی دەستپێكە بۆ توندوتیژی و تیرۆر بۆیە هەمیشە بڕوایان بە بازووهێز هەبوە و هەیە!! بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و بەزۆر ملێ تێكستە ئاینیەكان بەڕووی توندو تیژی وسزادا تەئویل دەكەن وپێچ دەدەن و بەرامبەرەكانیان بە كافرو هەڵگەڕاوەو لادەر دەبینن بۆنموونە ( بڕوایان وایە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پەیامی ئیسلامی بەشمشێر گەیاندوە ئایەتەكانی شمشێر لای توندڕەوان ئەمانەن (فاذا انسلخ الاشهر الحرم فاقتلوا المشركين حيث وجدتموهم وخذوهم واحصروهم واقعدوا لهم كل مرصد فان تابوا واقاموا الصلاة وآتوا الزكاة  فخلوا سبيلهم ان الله غفور رحيم) التوبة 5  وحەوت ئایەت بەدوای ئەم ئایەتە پیرۆزەدا هەموو ئایەتەكان تەئكید لەسەرئەوە دەكەنەوە كوشتنی بێباوەڕان لە كاتی شەڕەنگێزی و ڕوبەڕوبونەوەدایە كەئەوان ئاگر خۆشكەری شەڕبوون و شەڕیان بەرامبەر موسوڵمانان ڕاگەیاندوە كۆتا ئایەتیان (الا تقاتلون قوما نكثوا ايمانهم باخراج الرسول وهم بداوكم اول مرة اتخشونهم فالله احق ان تخشوه ان كنتم مؤمنين) توبة 13  وەك زانایانی اصول فەرمویانە هەمیشە حوكمە گشتیەكان لە رۆشنایی تایبەتەكاندا شرۆڤەكاریان بۆ دەكرێت نەك بە پێچەوانەوە بۆ نمونە (واقتلوهم حیپ پقفتموهم) 191 البقرە ئەمە حوكمێكی گشتیە لەڕۆشنایی (واقتلوهم حيث ثقفتموهم) 191 البقرة   : واتە شەڕلەگەڵ شەڕفرۆشاندا دەكرێت نەك هەموان بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە كاری پێبكرێت دەبێت بڵێیت یەكەم (نسخ) بوەتەوە واتە حوكمی پێناكرێت ئەمەش ڕاست نیە.


لەدروشم وتارەكانیاندا دەڵێن (اللهم صلى على سيدنا محمد المبعوث  بالسيف ! رحمة للعالمين)  ئەو ووشەی (سیف) لەفەرهەنگی فەرمودەدا بوونی نیە بەڵكو بە ویستی خۆیان بۆیان زیادكردوە ئاخر شمشێر بۆ كۆتاییهێنانە بە ژیانی بەرامبەر چۆن دەبێتە ڕەحمەت بۆ كوژراو!! بڕوایان وایە خوا پەیامەكەی بە تۆقاندن و چاوسورەوەكردن گەیاندوە!! كەئەم بۆچوونە ڕێك وەك نەیارە سەرسەختەكانی ئاین وێنای ئیسلام دەكات بەڵكو محمد (صلی الله علیه وسلم) پێغەمبەری هیدایەت و ڕێنماییەو پەیامی ڕەحمەت و سۆزو میهرەبانی هێناوە بۆ مرۆڤایەتی (وما ارسلناك الا رحمە للعالمین)
2-* هەڵگرانی ئەم جۆرە لەبیری ئاینی سودی خراپیان لەهەندێك بڕگەی مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی و دەقە ئیسلامیەكان وەرگرتوەو بەپێی ویستی خۆیان تەفسیریان بۆ دەكەن و بەعەقڵیەتێكی دۆگما دەیگوازنەوە و دایدەبەزێننە سەر واقعی ژیانی ئەمڕۆ بەبێ حسابكردن بۆ (كات و شوێن و سەردەمی ڕووداوەكان) و اسباب نزولی دەقەكان وجیاوازی گۆڕەپانی ململانێكان .لەسەردەمەكانی كۆندا ململانێكان بە شەڕی ڕووبەڕوو دەستەویەخەیی یەكلایی كراونەتەوە بەڵام ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ شەڕی فكری و ئەخلاقی و پێشكەشكردنی پرۆژەی خزمەت بەخاك و خەڵك و لەڕێی صندوقەكانی دەنگەوە دەسەڵات دەگیرێتەدەست. بۆ ئەم ململانێیەش ئامادەكردن و پەروەردەكردنی تاك وخێزان و كۆمەڵگەی خواناس و هوشیارو لێهاتووخۆنەویست و دڵسۆز پێویستە نەك پیاوكوژی و ترساندن و تۆقاندن و كاولكاری ...

3-*پشتگوێخستنی لایەنی مرۆڤدۆستی و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی تاك و كۆمەڵگەو پێكەوەژیانی ئاشتیانەی مرۆڤەكان لە دەقە ئاینیەكاندا (وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا)  بەگەل و هۆزی جیا خولقاندنمان بۆ یەكتر ناسینەوەیە نەك بۆ شەڕو دەمارگیری! كەلەبنچینەدا ئەمە پەیامی ئاین و هۆكاری هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی پێغەمبەرانە (علیهم وعلی نبیینا السلام) بۆ مرۆڤایەتی .

4-*یەكێك لە بەڵگە بەهێزەكانی توندڕەوان (بەڕای خۆیان) بۆ مامەڵەی خراپ و سوكایەتی بە (اهل الكتاب و خەڵكانی دەرەوەی بازنەی ئیسلام ) ئەم فەرمودە ڕاست و دروستەی پێغەمبەرە صلی الله علیە وسلم (لاتبدؤوا اليهود و النصارى بالسلام فاذا لقيتم احدهم فى الطريق فاظطروه الى اضيقه)  لە صحیح مسلم دا هاتوە. (دەتوانین بڵیین ئەم فەرموودەیە بۆ كاتو شوێن و ڕووداوێكی دیاریكراوبووە نەك حوكمێكی گشتی ) لیرەوە هەموو توندو تیژیەك بە ڕەوا دەبینن بەبێئەوەی بگەڕێنەوە بۆ هۆكاری فەرموودەكە كە خراپی و پیلانگێڕی یەهودیەكان بوە نەك شەڕەنگێزی و گێچەڵكردنی موسوڵمانان كاتیك موسوڵمانێك سڵاوی دەكرد لێیان لەوەڵامدا دەیان ووت (وعلیكم سام) سام لەزمانی عەرەبیدا واتە مەرگ! دەبێت ئەوەش بەرچاوبگرین كە ئەم فەرمودە (تبلیغ عن الله) واتە وەحی نیە بەڵكو لە ئەحكامی ئمامەدایە واتە وەك سەرۆك یان بەرپرس فەرمویەتی ئەگینا پاش ئەم فەرمودە نەصرانیەكانی نەجران هاتونەتەلای پێغەمبەرو ڕێزی لێگرتون و لەمزگەوتدا پێشوازی كردوون پاش (فتح مكە) بتپەرستیش لەمەككە هەبوەو مامەڵەی خراپیشیان نەكراوەو مافیشیان پارێزراو بووە هەروەها لە هەموو مێژوی ئیسلامیدا ئەمە نەبینراوە لەسەردەمی خەلافەتی ڕاشدین دا مامەڵەی (اهل الكتاب) و بێباوەڕان بەجوانترین شێوەكراوە مافەكانیان پارێزراو بوە نەپەرستگایان تێكداوە نە پەیكەریان شكاندوە بەنموونە وەك (بودا) لە ئەفغانستان و (ابو الهول و اهرامەكان) لەمصر نەسوكایەتی بەكەس كراوە..
5-*یەكێكیتر لەهەڵەگەورەكانی ئەم جۆرە فیكرو بیركردنەوە ئاینیانە گواستنەوەی ڕووداوەكانی زەمەنی نزیكەی سەدەونیوێك پێش ئێستایە و دابەزاندنی هەمان دەق و پیادەكردنەوەی هەمان تێكستە بەهەمان ئالیەت لەم زەمەندا كە ئەمەش پێچەوانەی ڕۆحی بەردەوامی و گونجان و بەرقەراری ئاینە بۆ نموونە ڕوداوی (بنوقریضە) دوای دوجار خیانەتكردنی یەهود و حەكەمی هاوەڵێك (سعدی كوڕی عبادە) رەزای خوای لەسەربێت پێكابێتی یان نا! ئەوە داوەریكردنی بەڕێزی بوە بڕیاری ( كوشتنی جەنگاوەرەكانیان و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانی سڤیل ) بۆ شكاندنی شەوكەت و هێزیان پاش خیانەت لە بەڵێنەكانیان .

گواستنەوەی ئەم ڕوداوە بۆ واقعی گۆڕەپانی كوردستان و هێزەكانی سەر ساحەكەو جێبەجێكردنی بەسەر پێكهاتەی ئاینی (ئێزیدی) دا چۆن و كەی ڕەوایە؟؟ . ئاخر ئەمانە خیانەتیان نەكردوە زەوی كەسیان داگیرنەكردوە !! نە كورد و نەئێزیدی لەشەڕدانین لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا!! ئەوەش حوكمی خوانەبوە و فەرمودەی پێغەمبەر نەبوە صلی الله علیە وسلم بەڵكو بڕیاری داوەری كەسێك بووە هاوەڵێكی بەڕێزی پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم و لەسەرداوای (یەهودی بنوقریضە) خۆیان كەپێشتر بەرلە هاتنی ئیسلام هاوپەیمانیان بووە ئەو هاوەڵە كراوە بە دادوەر بەڕەزامەندی هەردوولا دەبێت هەردوولا بە بڕیارەكە ڕازیبن ئیتر بۆ دەبێت ئەم بڕگەیە بكرێت بە ئەصلی دین و بگوازرێتەوە بۆ واقعی كوردستان حاشا ولله هەرگیز ئەم دوانە یەك ناگرنەوە!!!؟؟؟

6-*بنەمای سەرەكی توندڕەوی ئاینی سێكتەری (جهاد)كردنە لە ئیسلامدا . هەموو موسوڵمانان بێ جیاوازی بڕوایان وایە كە جهاد ترۆپكی خواناسی و خوالەخۆ رازیكردنە و جهاد لەڕێی خوا پلەیەكی گەورەی هەیەو پاداشتی زۆری هەیە (ياايهالذين امنوا مالكم اذا قيل لكم انفروا فى سبيل الله اثاقلتم الى الارض) 38التوبة   وەئایەتی(وقاتلوا فى سبيل الله الذين يقاتلونكم ولا تعتدوا ان الله لايحب المعتدين) 190 البقرة  وەئایەتی زۆرهەیە لەبارەی پلەی جیهادەوە هەموو زانایانی (مذاهب) كۆك و هاوڕان كە (الجهاد فرض الكفاية لافرض عين ) واتە دەكرێت كۆمەڵێك پێی هەستن لەبری هەموان بەپێی ئەم ئایەتە پیرۆزە : (وفضل الله المجاهدين على القاعدين اجرا عضيما) 190البقرة 


هەروەها ئایەتەكانی (قتال) لە زەمەنی سەرەتای ئیسلامدا هاتوون لە پاش كۆچ كردن بۆ مەدینە كە( كوفر و ئیمان) لەشەڕی ڕووبەڕووبوونەوەو جەنگی یەكلاكەرەوەدابوون هەروەها لەسەرجەم دەقەكاندا باسی زاڵبوونی ئاشتی بەسەر شەڕدا ڕەنگ دەداتەوە وقورئان مافی دەستپێشخەری جەنگی بەسوپای ئیسلام نەداوە بەڵكو هەمیشە شەڕەكان یان شەڕی بەرگری بوون یان لەپێناوی ئاشتیدابوون ئامانجی جهاد ئاشتیە نە كوشتن ! سەرجەم غەزەوات كاتێك ڕویانداوە ڕێگیری لەگەیاندنی پەیامی ئاین بە مرۆڤایەتی كراوە نەك بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و پلەو پایە .

بەڵام ئەمڕۆ زۆرجیاوازە ئەوەتا لەڕێگەی ڕاگەیاندن و كۆڕو كۆبوونەوەو بانگەوازی تاكەكەسیەوە ئیسلام بەهەمووان گەشتوە و دەگات بەبئ رێگیریكردنی بەرچاو. ئیتر باوەڕهێنان یان كافربوون ئازادی كەسیەپاش ڕونبوونەوەی ڕاستیەكان (فمن شاء فليؤمن ومن شاء فليكفر)  (لااكراه فی الدین) و زۆریتر...

لە ئیسلامدا جهادی (نەفس ) بە جهادی گەورە ناوی هاتووە بە فەرمودەی (رجعنا من الجهاد الاصغر الی الجهاد الاكبر) ئەگەر یەكێك بڵێت فەرمودەكە لاوازە !!ئەوە ئایەتی (فلا تطع الكافرين وجاهدهم به جهادا كبيرا)52 الفرقان  واتە ئەی پێغەمبەر بە گوێی بێباوەڕان مەكە و ملكەچیان مەبە وەبەم قورئانە بەردەوام تێبكۆشە لەگەڵیاندا ئەمەش پشتڕاستی فەرموودەكە دەكاتەوە واتە دەبێت سەرەتا مجاهد خۆی بە ئەخلاق و احكامی ئیسلام پرچەكبكات ئەوجا بیر لە جیهادی بچوك (قتال) و سەنگەرداری بكاتەوە ئەویش بۆ بەرقەراری ئاشتی و ئارامی نەك ئاژاوەو قەیرانی شەڕ لەپێناوی شەڕدا!