بیرو ئایدیای داعش لەنێوان بانگەشەی ئیسلامی بوون و شێواندنی دەقە ئیسلامیەكاندا

  سێ شەممە, 06 کانونی یەکەم 2016 13:29

 

بەشی دووەم:
*جگە لەجهادی نەفس دووجۆر جهادی ڕێكخراوەیی و دامەزراوەیی هەیە لەئەركەكانی سوپاو دەوڵەتدا: ئاشكرایە مۆڵەتی جهاد بەم ئایەتە دەستپێدەكات (اذن للذين يقاتلون بانهم ظلموا وان الله على نصرهم لقدير اللذين اخرجوا من ديارهم بغير حق الاان يقولوا ربنا الله ولو لا دفع الله الناس بعضهم ببعض لهدمت صوامع وبيع وصلوات ومساجد يذكر فيها اسم الله كثيرا ولينصرن الله من ينصره ان الله لقوى عزيز) 39-40 الحج جهاد  پەیوەستە بە ئازادی ئاین و بەرقەراری ئاشتیەوە پاش 12 ساڵی ڕەبەق لە ستەم و چەوسانەوە و ئەشكەنجەی مسوڵمانان و دەركردنیان لەماڵ و حاڵی خۆیان لەلایەن سەرانی قورەیشەوە ئەوجا ئەم ئایەتانە هاتنە خوارەوە ئایەتەكەش بەمە دەستپێدەكات (سەبەبی مۆڵەتەكە شەڕپێفرۆشتنە نەك شەڕ فرۆشتن!) لە عەرەبیدا وشەی (یُقَاتَلُونَ) واتە شەریان پێدەفرۆشرێت نەك شەڕدەفرۆشن!!

جیهاد دووبەشە:
1-( جهاد الدفع) واتە بەرگری كردن و داكۆكیكردن لەمافی تاك و زەوی ئیسلامیە . لەئەمڕۆدا هیچ هێزێكی دەرەكی (كفر) هێرشی سەربازی نەكردوەتە سەر هیچ بستە زەویەكی عێراق و سوریا كەئەم تاقمە كردویانە بە گۆڕەپانی مەرگی ڕۆڵەكانی ناوچەكە!! دەكرێت گۆڕانكاری و دەستاودەستی دەسەڵات لە ڕێگەی سندوقەكانی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی ئەنجام بدرێت كە بریتیە ترۆپكی ئەزموونی ژیری مرۆڤەكان . كەواتە پاساوی داكۆكیكردن لەم ووڵاتانە درۆیەكی شاخدارە و پیادەكردنی پلان و پیلانی تایبەتە .
2-(جهاد الطلب) واتە بۆ گەیاندنی ئاین و موسوڵمان كردنی سەرزەوی نوئ ئاشكرایە عێراق و سوریا لە سەرەتای دروستبوونی خەلافەتی ئیسلامیەوە ئاینی ئیسلامیان پێگەشتوەو زۆرینەی خەڵكەكەی موسوڵمانن و ئەوی لەسەر ئاینی خۆی دەمێنیتەوە (لااكراە فی الدین) مافی پاراستون و كەس بۆی نیە دەست درێژیان بكاتەسەر بەناوی بانگەوازی ئاینەوە .

ئەگەر ڕاستەو ڕاگەیاندنی جهاد بۆ داكۆكی لە سەرزەوی ئیسلامە بۆ ڕوو لە ووڵاتی داگیركراوی (فلسطین) ناكەن (هەرچەندە من چارەسەری كێشەی فلەستینیش لە شەڕدا نابینم بەڵكو لەڕێگەی دانوستان و ڕێزگرتنی مافی ئازادی ئاین و بیروباوەرەوە چارەسەردەكرێت ) ئەوەتا جولەكە شوێنە پیرۆزەكانی داگیر كردووەو ڕۆڵەكانی ئاوارە كردووەو بەناهەق دەیانكوژێت ؟؟ وەئەگەر بۆ بڵاوكردنەوەی ئاینیش جهاد دەكەن بۆ ڕوولە (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا یان ئەوروپاو امریكا) ناكەن (كەئەمەش واتە شەڕی ئەوروپا و ئەمریكا بەتەواوی پێچەوانەی پەیامی ئاینە ئەوەتا بە ئاسانی و بەبئ شەڕو خوێنڕشتن دەتوانیت بانگەوازی ئاینی بكەیت ) بەووتەی ئەوان ئیسلامیان پێنەگەشتوە ؟؟؟

*دەبێت ئەمە لای هەمومان ڕونبێت كە لەسەردەمی یەكەمی ئیسلامدا هەموو مامەڵەیەكی توندوتیژ و شوێنەوارەكانی شەڕ لەگەلّ (اهل الكتاب)دا لەژێر حوكم و فەرمانی (امامە)دا بووە واتە سەركردە یان هەرناوێك لە سنوری (السیاسە الشرعیە) دا بووە بەڵام بنچینەو بناغەی مامەڵەكردن لەسەر بنەمای دادپەروەری و لێبوردەیی و ڕێزگرتنە. بەداخەوە توندڕەوان بەبێ جیاوازیكردن لەنێوان شەڕو ئاشتیدا ئەم دەستەواژەو تێكستانە دژ بە بەرامەرەكانیان بەكاردێنن !!! وەك فەرموودەی (لاتبدؤوهم بالسلام) و ئايةتى  (حتى يعطوا الجزية عن يد وهم صاغرون) 29 التوبة ئيتر   ئیتر هەموو سوكایەتیەك بەڕەوا دەبینن بێئەوەی بزانن (صغارا) پاداشتی شەڕەنگێزی و پیلانگێڕیان بووە لە كات و شوێنێكی دیاریكراودا نەك ئاكارێكی بەردەوام..

حاشاهەڵنەگرە لەئەمڕۆدا ئەوەی ئیسلام داوایدەكات لە ئاشتی و ئارامی و پێكەوە ژیان سەرسەختترین بێباوەڕیش هەمان دروشمی هەیە !! واتە ئەمڕۆ جیهاد بە قتال نیە بەڵكو شێوازی سەردەمیانەو نمونەی جوان پێشكەشكردن و برەودانە بە ئاكارەئیسلامیەكان . بەدڵنیاییەوە هەركات زەمینە لەباربێت و ئاسایش بەرقەراربێت لەو كەش و هەوایەدا ئیسلام گەشەدەكات و زۆرترین كەس ئاینی ئیسلامی پێدەگات بۆنموونە گەورەترین ووڵاتانی ئیسلامی بەهۆی ڕەوشتی بازرگانە موسوڵمانەكانەوە باوەڕیانهێناوە نەك بە شمشێر و كوشتن و تۆقاندن كە ئەم گروپانە (لا حیات بدون السیف) یان كردوە بە دروشم ئەوە مالیزیا اندونوسیا ووڵاتانی باشورو ڕۆژئاوای كیشوەری ئەفریقیا بەبئ سوپاو هێرشكردنە سەر باوەڕیان هێناوە تەنها بەئاكاری جوانی بازرگان و گەڕیدە ئیسلامیەكان .

بەهەمانشێوە دەبێت (اتباع) بە لاساییكردنەوە حاڵینەبین لە قورئان و سونەتدا دەقی محكم و نەگۆڕ هەیە دەبێت وەك خۆی و بێزیادوكەم جێبەجێ بكرێت وەك ئەحكامەكانی (الحدود و العقیدەو العبادە) بەڵام شێوازی ژیان بەپێی سەردەم دەگۆڕێت بۆنمونە لە (زنج و كەپرو خیمەو خانوی گڵ و ژیانی سادە تادەگاتە باڵەخانەی سەرو هەورو...هتد) زۆر جیاوازە!!لەكەرەسەی بیناو گەرمكەرو ساردكەرو ڕوناكی (قەنیلەو فانوس و لامپاو لۆكس و كارەباو ئەلكتریك..) چۆن كەرەسەكانی خۆشگوزەرانی ژیان بەردەوام لە پێشكەوتن و گۆڕانی بەردەوامدان پێویستە شێوازی دەسەڵات و دەوڵتداری و ئۆپۆزسیۆنبوونیش هاوشانی پێشكەوتنەكانی ژیان بگۆڕێت سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی كەخۆی لە (خەلافەتی ڕاشدین ) دا دەبینێتەوە چوار خەلیفەن هەریەكەیان بە جۆرێك هەڵبژێرراون تا بە جیلەكانی دواتر بڵێت شێوازی دەسەڵات گۆڕاوەو بەپێی كات و شوێن پێویستە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بەرچاوبگیرێت و شێوازی دەسەڵاتی بۆ دیاریبكرێت ..

ئیسلام وەك نەیارەكانی وێنای دەكەن دۆگماو چەقبەستو نیە . بەڵكو ئاینی گونجاوو لەباری هەموو زەمین و زەمانێكەو نوێگەری و داهێنان لەژیاندا لە دروشمە بنەڕەتیەكانیەتی وەك ووتراوە(روح الدین الاتباع وروح الدنیا الابتداع) واتە زیندوویی ئاین لە شوێنكەوتن و شوێنپێ هەڵگرتندایە بەڵام زیندویی دونیا لە نوێبوونەوەو داهێنانكاریدایە .
هەر لەم سۆنگەیەوە دەتوانین ڕۆحێكی نوئ بەبەر سیستەمی سیاسی ئیسلامیدا بكەین بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی ڕابوردو وەك كەڵەكەبوویەكی فقهی و دەستوری و تێڕوانینێكی سەردەمیانەی ئاویتە بكرێت بە (مقاصدی شەرعی) ئەوجا دەكرێت پۆلێنی تیكستە ئاینیەكان بكەین و بۆهەربەشەش هەڵوێستی ڕوون و ڕاشكاومان هەبێت لەژێر ڕۆشنایی (اجتهادالعلما‌و العاملین) دا نەك بەویست و ئارەزوو ئیشتهاكردن بۆنمونە دەكرێت فەرمودەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) پۆلێن بكەین بەچەند بەشێكەوە وەك :...

أ-ئەو فەرمودانەی وەك پێغەمبەر فەرموویەتی واتە: ئەمانە هەمووی سەرچاوەكەی وەحیی خواییە خوايية ( ما ينطق عن الهوى ان هو الا وحى يوحى) ئةوانةى لةبوارى (الاحكام و الاعتقاد و العبادات و الحدود)   دابن مولزمن و دەبێت هەموومان شوێن كەوتەو شوێنپێ هەڵگرەوەیبین ئەمەش كرۆكی باوەڕداری و پابەندبوونە .

ب- ئەو فەرمودانەی وەك سەرۆكی دەوڵەت یان یەرپرسی لەشكرو سوپا فەرمویەتی لەبواری ژیان و دەرهاویشتەی ڕووبەڕووبوونەوەكان و پێشهاتەكانی ئەو سەردەمەدا : ئەم بەشەی بۆ ئێمە وەك كولتورو كەڵەكەبوویەكی ئەزموونی تاقیكراوە سودی زۆری لێدەبینین بەڵام ملزمنین بەهەمانشێوە و هەمان ئالیەت و تەكتیك كارەكان ئەنجامبدەین لەبەرئەوەی زەمەن و كەرەستە و تاكتیك و ...زۆریتر گۆڕراون و شێوازی نوێ دەخوازێت بەلام نابێت ئامرازو كەرەستەكان لە سنوری ڕێگەپێدراو دەربچن .(المقاصد الشرعیە)
ج- ئەو فەرمودانەی وەك باوك یان هاوسەر یان هاوڕێ یان هەرصفاتێكی تری (مرۆڤ بوون) و كۆمەڵایەتی فەرمویەتی : ئەمانە زۆربەیان لەبواری ئەخلاق و هەڵسوكەوتدان و وەك ئامۆژگاری و ڕچەشكێنی و ئەزموونی ژیان سودیان لئ دەبینین و بەپێی پێویست زۆربەیان وەك دەرمان بۆ چارەسەری كێشەو گرفتەكۆمەڵایەتی و خێزانیەكان بەكاردێن .بەهەمان شێوە ملزمنین بەمەرجێك دەرچونەكە سەرپێچی دەقێك نەبێت .

*لیرەوە جارێكیتر دووپاتی دەكەمەوە گەورەترین هەڵەی ئەمجۆرە بیروبۆچوونە (توندڕەوان)ە لەوەدایە لەڕووی هەڵسوكەوت و بیركردنەوەوە زۆر دۆگماو چەقبەستون و نایانەوێت شانبەشانی گەشەو پێشكەوتنەكانی ژیان هەنگاوبنێن وهەمان شێوە ئیسلامیش بەشێواوی و بێگیان پێشكەش دەكەن دەیانەوێت كێشەكانی سەدەی بیست و یەك بە ئالیات و میكانیزمی زیاتر لەهەزارو چوارصەد ساڵ پێش ئێستا چارەسەربكەن

ئەوەتا (عەرەب ) نەتەوەیەكن یەك زمان و یەك خاك و ئاین بۆیان ڕەوایە22 سنورو 22 سەرۆك و 22 ئاڵاو22و22و22..هتدیان هەبێت بەڵام بۆ گەلانی ژێردەستیان وەك ئێمەی كورد كاتێك داوای ووڵات و ئاڵاو سەروەری لەسەر خاكەكەی خۆمان دەكەین بەڕای ئەوان ئەمە دەرچونە لە ئیسلام و تەفرەقەیە!!!) ئەمەش توشی شەلەلی فكری و لادانی ئەخلاقی كردون بەپاساوی داكۆكی لەئومەتی ئیسلامی ئاینیان زنجیرو كۆت كردوە و بەناوی ئاینەوە ستەم لە بەندەكانی خوا دەكەن و سەروەتیان بەتاڵان دەبەن و ئەوەی خوا پێی ناخۆشە ئەنجامیدەدەن!!

بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕوحی زیندو سەردەمیانە و واقعبینی ئیسلام و هەڵسەنگاندنی لایەنی چاكەو خراپەی هەڵسوكەوتەكان لەژێر ڕۆشنایی (المقاصد الشرعیە) ی دەقەكانی قورئان و فەرمودەدا كەسەرتاپای لێبوردن و بەخشندەیی و پێكەوەژیانە پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ و تێكدانی دیمۆگرافیای ناوچەكانی ژێردەستی گروپی (داعش) بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئەم گروپە بە دەقە ئیسلامیەكان ڕەفتارناكەن و پابەندنین بە سنورەكانەوە لەوانە :

1-كوشتنی دیل كەلە تەواوی مێژوی ئیسلامدا دیل نەكوژراوە . ئەوان بەخوێن ساردی 1700لەبنكەی سبایكەر ئەیلولی 2014لەتكریت كەزۆربەیان بەوینەوە بڵاوكراونەتەوە! 200دیلی كیلگەی شاعر تەموزی2014 وە 700دیلەكانی عەشیرەتی الشعتان لە ئابی 2014لەدیر الزور و سەربڕین و شەهیدكردن و سوتاندنی چەندین (ئوجا) و پێشمەرگەی دیل و زۆریتر ئەمە هەندێك لەوانەن كە بەئاشكرا باسكراون دەبێت چەندیتر بەنهێنی كوژرابن؟؟ ئەم هەموو دیل كوشتن وخەڵتانی خوێن كردنە بەپێی كام پێوەر ڕەوان؟؟...

ئەگەر بڵێن پێغەمبەر لە غەزوەی بەدردا فەرمانی كوشتنی داوە ئەوە حاڵەتەو تەنها بۆ دوو سەركردەی شەڕ بوە(عقبەی كوڕی ئەبی معیگ و نچری كوڕی حارس) كەدوو سەركردەی جەنگ و تاوانباری سەرەكی بوون . كوشتنی تاوانباری جەنگ بە فەرمانی دادوەر و حاكم دروستە بەبەڵگەوە لە هەرزەمانێكدابێت . لەسەر ئەم بنەمایەش صلاح الدین پاش ڕزگاركردنی قودس هەمان كاری ئەنجامدا بەرامبەر سەرانی شەڕ.. هەروەها پاش جەنگی جیهانی لە دادگای (نۆرنبیرغ) ئەو فەرمانانە دەركران ئێستاش لە (لاهای ) هەمان دادگا بەرقەرارە بۆ تاوانبارانی جەنگ (مجرمی الحرب).. بەڵام ناكرێت هەركەس دیلكرا خوێنی حەڵال بكرێت و بێبەزەییانە سەری لەلاشەی بكرێتەوەو سوكایەتی پێبكرێت.

2- بڕیاری جیهاد دژبە یەزیدیەكانی ناوچەی شەنگار لادانێكیترە لەواتا بنچینەییەكانی جهاد لەبەرئەوەی یەزیدیەكان دژ بەهیچ گروپێك و هیچ ئاینێك بەتایبەت ئاینی ئیسلام نەجەنگاون و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەزێدی باب و باپیرانی خۆیاندا بەبێ كێشە دانیشتوون پێكهاتەیەكی بنچینەیی دانیشتوی ناوچەكەن كەچی بەناوی (شەیتان پەرستەوە) هێرشیان كردنەسەرو چەندیان لێ كوژرا و بەدەیانیان دیل كردو بڕیاری موسوڵمان بوون یان كوشتن یان چۆڵكردن سەپێنرا بە سەریاندا و بەزۆر سەرانەیان بەسەریاندا سەپاند و پەرستگەكانیان تەقاندنەوە . ئەگەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبوایە دوورنەبوو پاكتاوی ڕەگەزی بكرابایەن!! لەڕاستیدا پێكهاتەی ئاینی (ئێزیدی) لەئیسلامدا حسابی (اهل الكتاب) ومامەڵەی ئەوانیان لەگەڵ دەكریت بە فەرموودەی (سنوا بهم سنە اهل الكتاب) زۆربەی زانایان كۆكن كە بوزی و هندۆسەكانیش حسابی (اهل الزمە) یان بۆ دەكریت و سەروماڵیان پارێزراوە مەگەر بەحەقی خۆی .

3- بەكەنیزەك و كۆیلەكردن یەكێكە لە ئاكارە جاهلیەكان و ئیسلام بۆ بنبڕكردنی هەنگاوی گەورەی ناوە لە سەرەتای هاتنیەوە بەهاندانی موسوڵمانان بۆ ئازادكردنی كۆیلە هەروەها بۆ پاكبوونەوە لەهەندیك هەڵەو تاوان ئازادكردنی كۆیلەی بە كەفارەت داناوە وەك (ڤهار) (فتحریر رقبە من قبل ان یتماسا)3 المجادلە وە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم بەندەو كۆیلەكانی ئازاد كردوەو هاوەڵانیش چاویان لێی كردوە.. پێش نزیكەی سەدساڵێك زانایانی ئیسلامی و جیهانی بڕیاری حەرامكردنی كۆیلەییان دەركرد. واتە ئەم گروپە لانی كەم سەدساڵ دواتر بیردەكەنەوە!! و تازە دەیانەوێت مرۆڤی ئازاد بخەنەوە ژێر بارگرانی كۆیلەیەتی!!

4- حەددی تاوان و تۆڵەی سەرپێچی ڕاستە لەئیسلامدا چەسپاندنی سزا بۆ سەرپێچی و ئەنجامدانی ئاكاری نابەجئ و نادروست دیاریكراوە بەڵام لەهەمووكاتێكدا لایەنی مرۆڤدۆستی ڕەچاوكراوە وەكئەوەی تۆڵە لەكاتی ئاشوب و برسێتی و گوماندا ناسەپێنرێت عمری كوڕی خەتتاب ڕەزای خوای لەسەربێت لەساڵی برسێتیدا سزای دزانی نەداوە دەبێت ڕەچاوی لێبوردەیی ئیسلام و گەورەو بچوكی تاوانەكە بكرێت و بەگومان سزای كەس نەدرێت... كەچی ئەم گرروپە بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ یاساو بنەمایەكی دادپەروەری ئیسلامی و بەبئ دادگایی كردنێكی عادیلانە بە پێی حەزی شەخصی سزا دەسەپێنن بەسەر ئەوانەی بەردەستیان تەنها بۆ چاوشكێنی و ترساندن و تۆقاندن و بەدیهێنانی حەزو ئارەزووی شەخصی!!! وەك ئازاردان و كوشتنی دیل و كوشتن و سەربڕینی پەیامنێر (ڕۆژنامەنوس) بەهەموو ئاین و عورفێك حەرامە هەر ئایدیاو پەیامێكی هەبێت لەبەرئەوەی دەستی لە ڕوداوەكاندا نیە تەنها هەوڵی گواستنەوەی ڕاستیەكان دەدات كەچی بە ناشیرینترین و دڕندانەترین شێوە دەیانكوژن و سەریان دەبڕن!! تەنها بۆ تۆقاندن و ترس بڵاوكردنە لە ڕیزی بەرامبەردا .

ئەمانە مشتێكن لە خەرمانی ڕەفتارو كردارە بۆگەن و دزێوەكانی گروپی داعش و هاوشێوەكانی ئیتر نازانم بەچ ڕویەكەوە خۆیان بە ئاینی پیرۆزو پڕ میهرەبانی ئیسلامدا هەڵدەواسن ؟؟؟؟!!!