حكومەتە نەخۆشەكەی كوردستان

 

دەوڵەتی عوسمانی لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا، بە دەوڵەتە نەخۆشەكە ناوزەد دەكرا، چونكە كۆمەڵێك نەخۆشی وا قورس لەناو ئەو دوڵەتەدا سەری هەڵدابوو كە بە تەواوی دەوڵەتەكەی شەكەت كردبوو، گرنگترین ئەو نەخۆشیانەش گەندەڵی و مەحسوبیەت و سەرهەڵدانی ستەمكاری دژ بە هەندێك نەتەوەو مەزهەب و دواجاریش هەر ئەو نەخۆشیانە سەری ئیمپراتۆریەتەكەیانی خوارد و هەرەسی هێنا و پارچە پارچەبوو.

ئەگەر سەیری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بكەین پاش 23 ساڵا لە حوكمڕانی باری تەندروستی لە ئێستادا لە هەموو كاتێك خراپترە، چونكە جەستەی حكومەت بە جیا لە جەستەی مرۆڤ نەخۆشیەكەی دیاری دەكرێت. لە ئێستادا باشترین نموونەی حكومەت كە بكرێتە ستاندارد (حكومەتی چاك)ە، كە حكومەتێكی دامەزراوەییە و پەرلەمان رۆڵی كارا دەگێڕێت و چاودێرە بەسەر حكومەت و هەردەسەڵاتێك بە جیا رۆڵی بەرچاوی ئیجابی هەیە و حكومەت خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە چەسپاندنی مافی هاوڵاتیان و پارێزگاری لە كەرامەتیان دەكات و لانی كەمی پێداویستیەكانیان دابین دەكات ،لە ڕووی داراییەوە حكومەتێكی شەفافە و ئامانجی گەورەی خزمەتكردنی هاوڵاتیانە و بەڕێزەوە سەیری رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد دەكات و وەك یەكێك لە بنەماكانی سیستمی دیموكراسی سەیری دەكات، پلانی گەشەپێدانی هەیە بۆ بوارە جیاوازەكانی پەروەردە و ئابوری و سیاسیی و هاوڵاتیان بەشداری پێ‌ دەكات لە بڕیاری سیاسی دا.

كاتێك دەمانەوێت ئاستی تەندروستی حكومەت دیاری بكەین دەبێت لەگەڵا ئەم بنەمایانەی حكومەتی چاكدا بەراوردی بكەین، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین حكومەتی هەرێم حكومەتێكی نەخۆشە. ئەمەش نابێت دڵگرانی لای كەس دروست بكات، چونكە كەسێكی وەك ئەریك فرۆم كۆمەڵگەی ئەمەریكی بە كۆمەڵگەیەكی نەخۆش ناوزەد دەكات، چونكە هەموو حەزێكی چووەتە سەر موڵكایەتی و بەدەستهێنانی سامان لەهەر رێگەیەكەوە بێت، بەڵام ئەگەر سەیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، نەخۆشیەكەی مەترسیدارە، چونكە كار لەسەر لەناوبردنی خۆی و لاوازكردنی پێگە گرنگەكانی كۆمەڵگەی كوردی دەكات لەناوخۆو دەرەوەدا.

ئەو بارودۆخەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان تێیدا دەژی لە پەكخستنی پەرلەمان و پاشەكەوتی مووچە و وێران بوونی بازاڕ و كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و....هتد. هەموو ئەو دۆخە ناهەموارەی كە چین و توێژەكان تێیدا دەژین و دواجاریش رژانە سەر شەقامی چین و توێژەكان و داواكاری بۆ چاكسازی، مانای ئەوەیە نەخۆشیەكە زۆر مەترسیدارە و هەموو هاوڵاتیان هەست بە ئازارەكەی دەكەن و پڕ بەدەم هاوار دەكەن و داوای چارەسەر دەكەن لە راستیدا دیموكراسیەت چارەسەرە بۆ بارودۆخەكە، بەڵام بەداخەوە دیموكراسیەتیش كراوە بە دیكۆر بۆ ئەم حكومەتە و لەژێر سایەی بانگەشە بۆ ئازادی و دیموكراسی، زیاتر گەندەڵی پەرەی سەندووە و هەموو جەستەی حكومەتی گرتۆتەوەو تەنانەت زۆربەی پارتە سیاسیەكان و رێكخراوەكان و میدیاكانیش لێی بێبەش نەبوون.

لێرەوە هەموو كەس بە شوێن چارەسەردا دەگەڕێن، بەڵام چارەسەرەكانیش لای ئێمە چونكە لەژێر رۆشنایی پلانێكی ستراتیجی دا بەڕێوە ناچێت و مەبەستێكی بچوكی حیزبی لە دواوەیە ناگەنە ئامانج و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكا و هێزە سیاسیەكانیش لە بازنەیەكدا خول دەخۆن و ناتوانن بگەنە ئەو رێگە چارەسەی كە پێویستە بگیرێتەبەر،كە تیایدا بەرژەوەندی نیشتمان و نەتەوە بخرێتە پێش هەموو بەرژەوەندیەكانی تر.