ڕوسیاى فيدرال ... بەرەو هەڵسانەوە،يان داڕمانێکی تر؟

 

ڕوسیاى میراتگری یەکێتی سۆڤیەت ، پاش تێپەڕبوونی زیاترلەدوو دەیە بەسەر داڕمانی (ئیمپراتۆریەتی شیوعی) دا ،وا ئەمڕۆ هاتۆتەوە مەیدان و ڕۆڵی دیاری هەیە لە ململانێ نێودەوڵەتیەکان و له هاوکێشە سیاسی و سەربازیەکاندا و دەیەوێ جارێکی دیکە پێگەی خۆی وەربگرێتەوە.
بەپێی لێکدانەوەی چاودێرانی سیاسی و ئابوری ، ئەم وڵاتە وێرای ئەوەی خاوەنی هێزی ناوکی و پێگەی مەزنی سەربازی و بەرهەمهێنەری چەکی گەورەو بچوکی زۆرەو لەبەرهەمهێنانی سامانە سروشتیەکانیشدا ، خاوەنی یەدەگ و بەرهەمێکی فراوانی نەوت و گازی سروشتیەو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشەو مافی بەکارهێنانی (ڤیتۆ) ی هەیە ؛ بەڵام ڕوسیا ئەمڕۆ لەهەمانکاتدا لەبەردەم کۆمەڵێک خاڵی لاوازوسەلبی و پێدراوی وادایە، کەوادەکات جارێکی ترنەتوانێت هەڵسێتەوە بۆئاستی سەردەمی سۆڤیەتی جاران. خاڵە سەلبی ولاوازەکانیش ئەمانەن:
1-جوگرافیاـ ڕوسیالەڕووی سنورەوە دراوسێی 18 وڵاتە 16یان لەوشکانی 2 یان لەدەریاوە ، لەگەڵ زۆربەیاندا کێشەی جۆراوجۆری هەیە.
2- دانیشتوانی ڕوسیا لە 200 ڕەگەزو نەتەوەی جیا پێکهاتوون، کەهەمویان بەفەرمانی پۆتین بەڕوس تۆمارکراون ، بەڵام غەیرە ڕوسەکان ـ بەتایبەت موسڵمانەکان ـ کێشەیان هەیەوداوای مافی سیاسی ونەتەوەیی دەکەن.. لەوانە (چیچان ، تەتارستان..) .
ئەم جموجوڵە لەپاش تەقینەوە گەورەکەی سەرەتای نەوەدەکان و پارچە پارچە بوونی سۆڤیەتەوە ، درێژەی هەیە.
3- ئابوری ئەم وڵاتە ناجێگیرە، چونکە بەپلەی یەکەم پشت بەداهاتی نەوت و غاز دەبەستێ و ئەم دوو سامانە سروشتیەش نرخیان بەردەوام لەهەڵبەزو دابەزدایە و ئەمریکاش هەرکات بیەوێ بەهاوکاری سعودیەو چەند وڵاتێکی دیکە، نرخی نەوت دادەبەزێنێ ، بەم هۆیانەشەوە دراوی ڕوسی
( ڕۆبڵ) لەبەرامبەر دۆلاردا،بەردەوام لەدابەزیندایە ..
4- ناهاوسەنگی ڕەگەزی و زۆری ڕێژەی مێینە بەرامبەر نێرینە لەڕوسیا،کە بەپێی ئامارەکان 8بۆ 1ە گرفتێکی گەورەیەو دەرەنجامی خراپی لێ کەوتۆتەوە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی ڕوسیاش بەپێوەرەکان کەمەو ناگاتە 150 ملێون ؛ بۆیە پۆتین بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی دانیشتوان، بڕیاری داوە هەر خێزانێک منداڵی سێیەمی ببێت ، 10هەزاردۆلاری پێ بدات..
5- هەرچەندە ڕووبەری وڵاتی ڕوسیا فراوانەو 10% ی ڕوبەری زەوی پێکدەهێنێت ، بەڵام نزیکەی 60%ی کۆی ئەم ڕوبەرە ساڵانە 4بۆ5مانگ بەستەڵەکە و هیچ سوودێکی لێ نابینرێ..
6-سنورە ئاویەکانی ڕوسیا ،یان بەستەڵەک و بێ کەڵکە ، یان پاش تێکچوونی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوروبەردا ـ لەوانە ئۆکرانیا ـ ئێستا بەڕوویدا داخراوە..بۆیە ناچار ڕوسیا پەنای بۆ سنورەئاویەکانی دەریای ڕەش بردووە بۆ هەناردەکردنی غازو نەوتەکەی بۆ ئەوروپا ، ئەویش دەبێ بە تەنگەی
( دەردەنیل) و دواجار بە ڕەزامەندی تورکیا تێپەڕێت..
7- بەردەوام پەیمانی ناتۆ بەئاراستەی سنورەکانی ڕوسیا لە کشان و فراوانبوندایە، کە ئەمەش لەڕووی جیوسیاسی وستراتیجیەتی سەربازیەوە، جێی مەترسیە..
ئەم خاڵانەو چەندین ئاستەنگ(تحديات)ى دیکەی ناوخۆیی ،لەوانە هەڵوێستی گروپ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کڵێسای ئەرسۆزکسی بەرامبەر یاسا بەرکارەکان و هەڵوێستە سیاسی و سەربازیەکانی ده سەڵاتەکەی پۆتین..